دواڕۆژ، هانا چۆمانی
#وەزارەتی ڕۆشنبیری# ڕایدەگەیەنێت، ساڵی داهاتوو گۆڕانکاری لە سیستەمی پەخشی ناوخۆی کەناڵەکان دەکرێت، دەبێتە سیستەمێکی نوێ ئەوەش لەکاتێکدایە بە وتەی بەرپرسێکی وەزارەتی ڕۆشنبیری تێکڕای قەرزی حکومەت لەلای بەشێک لەکەناڵەکان ملیارێک 270 ملیۆن دینارە.
محەمەد گەردی، بەڕێوەبەری گشتی چاپ و بڵاوکردنەوەی وەزارەتی ڕۆشنبیری حکومەتی هەرێمی کوردستان بە دواڕۆژی ڕاگەیاند، بەهۆی ئەوەی خواستی زۆر لەسەر کەناڵە ناوخۆییەکان هەیە و زۆرجاریش پەخشەکان توشی کێشە دەبن، بۆیەساڵی داهاتوو سیستەمێکی نوێ کاری پێدەکرێت.
وتیشیسیستمی پەخشی کەناڵە ناوخۆییەکان لەسەنتەری شارەکان هاوشێوەی قەزاو ناحییەکان دەگۆڕدرێت و پێویستە هاوڵاتیان ئامێرێکی نوێ بەکاربهێنن، کە لەلایەن کۆمپانیای میکس میدیا-وە خراوەتە بازاڕ، جۆرێکی باشە و ڕەچاوی نرخەکەشی کراوە.
لە هەرێمی کوردستان زیاتر لە 305 کەناڵی تەلەڤیزیۆنی و ڕادیۆ مۆڵەتی کارکردنیان لە حکومەتی هەرێمی کوردستان وەرگرتووە، له و ژمارەیەش 124یان تەلەڤزیۆنن کە 90 یان ناوخۆیین و 34ی ئاسمانین، کە زۆرێک لەوانە قەرزداری حکومەتن و وەزارەتی ڕۆشنبیریش هۆشدارییان پێدەدات، لە داخستنی کەناڵەکانیان.
فەرهەنگ گۆمەشینی وتەبێژی وەزارەتی ڕۆشنبیری حکومەتی هەرێمی کوردستان دەڵێتکەناڵە ناوخۆییەکان و ئاسمانییەکان هیچ جیاوازیان نیە لەرووی مۆڵەت و ڕێکارە و کارکردن بە یاساکانەوە، کەناڵە کوردییەکانیش بڕی یەک ملیار و 270 ملیۆن دینار قەرزداری حکومەتن، ئەگەر تاکۆتایی ساڵ نەیدەن پەخشەکانیان ڕادەگیرێت.
فەرهەنگ گۆمەشینی، بۆ دواڕۆژ وتی زۆربەی کەناڵ و دەزگا میدیاییەکانی کوردستان مۆڵەتی کارکردنیان نوێ نەکردووەتەوە، کە حکومەتی هەرێمی کوردستان پێی داون.[1]
#10-12-2017#