دواڕۆژ-راپۆرت، بیلال سەنگەری
بەهۆی قەیرانی دارایی و ترس و کاریگەری #بوومەلەرزە#، نرخی شوقە و باڵەخانەکان 50% دابەزینی بەخۆیەوە بینیوە، خاوەنی نوسینگەیەکی فرۆشتن و بەکرێدانی خانووش دەڵێت باڵەخانە سێ نهۆمییەکان لە 200 هەزار دۆلارەوە بۆ 100 هەزار دۆلار دابەزیون.
خالد مەحەمەد خاوەنی نوسینگەی نامیق بۆ فرۆشتن و بەکرێدانی خانوو بە دوارۆژی وت لەئێستادا بەهۆی قیرانی دارایی و ترس و کاریگەری بوومەلەرز نرخی شوقە بەرێژەیەکی بەرچاو دابەزیوە.
خالد مەحەمەد وتیشی ئه و باڵەخانانەی سەرووی سێ نهۆمین، نرخی شوقەکانیان لە 200 هەزار دۆلارەوە بۆ 100 هەزار (10 دەفتەر) دۆلار دابەزیوە
هاوکات هاوڵاتییەکی کرێنشینیش دەڵێت دەمەوێت شوقەکەم بگۆڕم بۆ خانوو، چونکە مەتمانەم بەشوقە نەماوەو.
ئەیاد حەمید هاوڵاتییەکی کرێنشینە بۆ دواڕۆژ دەڵێت لەبەر بوونی بومەلەرزە دەمەوێت شوقەکەم بگۆڕم و لە خانوودا نیشتەجێ ببم.
لەبەرامبەر ترس و دڵەراوکێی هاوڵاتیان لەسەر ئەم پرسە، فەرمان غەریب بەڕێوەبەری گشتی وەبەرهێنانی #سلێمانی# بە دواڕۆژی وت دوو هۆکار وایکردووە نرخی شوقە داببەزێت، هۆکاری یەکەمیان دەگەڕێتەوە بۆ قەیرانی دارایی و داڕمانی لایەنی ئابوری خەڵک کە ئەمەش نرخی خانوو و شوقەی بەره و دابەزین بردووە.
بەڕێوەبەری گشتی وەبەرهێنانی سلێمانی دەڵێت هۆکاری دووەم کاریگەری بوومەلەرزەی بەهێزە کە لەم دوو مانگەدا لەسلێمانی ڕوویداوە، کە لەباڵەخانە بەرزەکاندا زیاتر هەستی پێدەکرێت، ئەمەش حاڵەتیکی دەروونی خراپی لای خەڵک دروستکردووە کە ژیان لەشوقەدا مەترسی زیاترە وەک خانوو.
ئاماژە بەوەشدەکات ئەم هۆکارانە وایکردوە کاریگەری خواست لەسەر شوقە کەمببێتەوە.
بەرێوەبەری گشتی وەبەرهێنانی سلێمانی جەخت لەوەدەکاتەوە کە لەکاتی پێدانی مۆڵەتی دروستکردنی ئه و باڵەخانانە ڕەچاوی سەلامەتی و پاراستنی گیانی هاوڵاتیان کراوە لەکاتی ڕووداوی سروشتی بەتایبەت بومەلەرزە.
هەر پەیوەست بەم بابەتە فایەق مستەفا سەرۆکی لیژنەی ئاوەدانکردنەوه و نیشتەجێبوون لەپەرلەمانی کوردستان بە دواڕۆژی وت ئێمە پێشتر کۆمەڵێک گیروگرفتمان بە نوسراو ئاڕاستەی حکومەت کردووە، بەشێکی زۆری ئه و گیروگرفتانە گرنگینەدان بووە بە کوالێتی ئه و یەکانەی کە دروستکراون.
ئه و پەرلەمانتارەی لیژنەی ئاوەدانکردنەوه و نیشتەجێبوون ڕونیشیدەکاتەوە، لەکاتی دروستکردنی بەشێک لەباڵەخانه و شوقەکان کەمتەرخەمی کراوه و بوار نەبووە بیر لەپرسی سەلامەتی شوقەکان بکرێتەوە لەئەگەری ڕوودانی بومەلەرزە.[1]
#17-12-2017#