مستەفا بەگی کوڕی مەحموود بەگی ساحێبقڕان، ناسراو بە کوردی، لە ساڵی 1809 یان 1812 لە سلێمانی لەدایک بووە، ھەر لە سلێمانی لە ساڵی 1850 زایینی کۆچی دوایی کردووە و لە گردی سەیوان نێژراوە. ھەڵبەستوان وەکوو منداڵانی سەردەمەکەی خۆی لە حوجرە فێری خوێندەواری بووە، بەڵام درێژەی بە خوێندن نەداوە بۆ ئەوەی ببێتە مەلا. مستەفا بەگی کوردی بە یەکێک لە کۆڵەکەکانی قوتابخانەی شیعری بابان لە قەڵەم دەدرێت و یەکێک بووە لە پەیڕەوانی تەریقەتی قادری، بەڵام بەداخەوە بەرھەمێکی کەمی ھۆنراوەوان کەوتووەتە دەست خوێنەران جگە لەوەش کە ناوی ھۆزانڤان لەتەک نالی و سالمەوە دێت، بەڵام وەکوو پێویست ئاوڕی لێنەدراوەتەوە.
گەلێک لایەنی شاراوەش ھێشتا پەردەی لەسەر ھەڵنەدراوەتەوە کە ئەوەش وایکردووە گەلێک شتی ئەفسانە تێکەڵ بە ژیانی مستەفا بەگی کوردی بکرێت کە ھیچ بنچینەیەکی زانستیی نییە. گوایە مستەفا بەگ عەشقی قەدریە ناوێک بووە، ئەو قەدریە بووەتە سەرچاوەی ئیلھامی شیعری مستەفا بەگ. دەگێڕنەوە کە مستەفا بەگی کوردی بە شای ئێران گەیشتووە، لەگەڵ ئاقانی ھەڵبەستوانی گەورەی ئێران شەڕەھۆنراوەی کردووە، شای ئێران گەلێک سەرسام بووە بە کوردیی، گەرچی ئەو گێڕانەوەیە جێگای گومانە و عەقڵی مرۆڤ بۆی ناچێت کابرایەکی کوردی خەڵکی بابان بگاتە شای ئێران و لەوێ لە مەجلیسی شادا کابرایەکی سونیی مەزھەب ھێرش بکاتە سەر مەزھەبی شاە ئاقانی ھەڵبەستوان، بەڵام ھەرچۆنێکیش بێت ئەوا ھەرگیز لە شاعیرییەتی و ھەڵوێستی مستەفا بەگ کەم ناکاتەوە، بەڵام مستەفا بەگ کە ئاوارەی ئێران کرابێت ئاسان نییە بگاتە شای ئێران، جگە لەوەش لە دیوانەکەی کە ئێستا لەبەردەستدایە ھیچ ئەوە نادەنە دەست کە گەیشتووەتە کۆشکی شاھانە و شەڕەھۆنراوەی لەگەڵ قائانیدا کردبێت. ناوی قادر گەلێکجار لە ھۆنراوەکانی کوردی بەکار ھاتووە، بێ ئەوەی بە تەواوی ساغ کرابێتەوە ئەو قادر ناوە کێیە؟ [1]