پشتگیری مافی ڕەوای خەڵکین بۆ خۆپیشاندانی مەدەنی کە مافێکی سەرەتایی دیموکراسیە. پێویستە بە ڕێز و ئارامیەوە مامەڵە لەگەڵ خۆپیشاندەران بکرێت، وداوا لە ڕۆڵەکانی گەل دەکەین لە هێزەکانی ئاسایش و پۆلیس و پێشمەرگە پارێزگاری لە مافە مەدەنیەکانی هاوڵاتیان بکەن و پارێزگاری لە خۆپیشاندەران بکەن، و لێرەشەوە داوا لە هاوڵاتیان دەکەین هوشیار بن لە پاراستنی ڕێڕەوی مەدەنی وئاشتیخوازانەی خۆپیشاندانەکان و پاراستنی موڵکوماڵی گشتی وڕێگرتن لە دەستێوەردان بۆ بە لاڕێدابردنی داواکاریە ڕەاواکانیان.
دۆخی ئێستای هەرێمی کوردستان بەڵگەی ڕوونی شکستی حوکمڕانیەکی بێباکە. خەڵکی کوردستان شیاوی ژیان و گوزەرانێکی شایستەن لە نیشتیمانێکی پڕ خێر و بێردا، بەڵام بەداخەوە بە هۆی تاڵانی و حوکمڕانی خراپ، ماف و گوزەرانی خەلک لەئێستادا زەوت کراوە.
له ماوەی ڕابردودا داوای حکومەتێکی کاتیمان کرد بەئامانجی چاککردنی بژێوی خەڵک وزامنکردنی هەڵبژاردنی ئازاد و بێگەرد لەکوردستان، بەڵام دەسەڵات بێمنەتانه ڕوبەڕوی ئەو داخوازیە ڕاست و ڕەوایە بوونەوە.
لەم دۆخەدا کە برسێتی تینی بۆ خەڵک هێناوە و توڕەبونی ڕۆڵەکانی وڵات لەلێواری تەقینەوەیەکی مەترسیدار دایە داواکارین بەپەلە ئەم هەنگاوانەی خوارەوە بگیرێنەبەر بەئامانجی ڕێگرتن لەداڕوخانی و هەرەسی وەزعەکە:
یەکەم: ڕێکەوتن و سازانی لایەنەکان لەسەر پێکهێنانی حکومەتێکی کاتی لەدەرەوەی هەژموون و پاوانکاری دەسەڵاتی ئێستا.
دووهەم: دەستپیکردنی ووتوێژ لەگەل حکومەتی فیدرال بە ئەجیندایەکی نیشتمانی بە ئامانجی چارەسەری کێشەکانی خەلک، دوور لە سازش بۆ بەرژەوەندیەکانی دەسەڵاتی ئێستا.
سێهەم: دۆزینەوەی ڕێگەچارەیەکی دەسبەجێ بۆ پێدانی موچەی فەرمانبەران و بەگەڕخستنەوەی خزمەتگوزاریە گشتیەکان.
چوارهەم: زامنکردنی هەڵبژاردنی پاکوبێگەرد بە کردەوە و ڕێکاری کاریگەر بۆ ڕێگری لە دزینی دەنگ و تەزویری ئیرادەی خەڵک.
لە کاتی بە دەنگەوە نەهاتنی دەسەڵات بۆ جێبەجێکردنی داخوازیەکانی خەڵک، مانگرتن و خۆپیشاندانی سەرتاسەری وهاودەنگی کۆمەڵانی خەڵک لە کوردستان لە دژی ستەمکاری و نانبڕین مافێکی دیموکراسی و ئەرکێکی نیشتمانیە.
#هاوپەیمانی دیموکراسی و دادپەروەری#
#18-12-2017#