حکوومەتی هەرێمی کوردستان خۆپیشاندان بە مافێکی ڕەوای هاووڵاتیان دەزانێت و هەمیشە بەرگری له و مافە کردووە و بەرگری لێدەکات، بەڵام بەنیگەرانییەوە دەڕوانێتە ئه و کردەوە ناشارستانی و توندوتیژانەی ئەمڕۆ لە چەند شار و شارۆچکەیەکی کوردستان بەتایبەتی لە سنووری پارێزگای سلێمانی ڕوویاندا کە ژمارەیەک لە فەرمانگە حکوومییەکان و بارەگە حیزبییەکانی کردە ئامانج و وێڕای لێکەوتنەوەی چەند بریندارێک، مڵک و ماڵی هاووڵاتیانیش تیایدا زیانیان بەرکەوت.
خۆپیشاندانی ئارام و شارستانی بۆ داواکردنی مافەکان لە چوارچێوەی یاسادا، کارێکی دیموکراسیانەی بە تەواوی ڕێگەپێدراوە، بەڵام قۆستنەوەی ئه و مافه و داواکاریی هاووڵاتیان بۆ ئەنجامدانی توندوتیژی و زیانگەیاندن بە مڵک و ماڵی هاووڵاتیان و نانەوەی پشێوی و تێکدانی ئارامی و سەقامگیری، بەتایبەتیش لە کاتێکدا هەرێمی کوردستان بە دۆخێکی دژواردا تێدەپەڕێت و لە چەندین لاوە ڕووبەڕووی مەترسیی تێکدان و هەڵوەشاندنەوەی کیانه سیاسی و دەستوورییەکەی بۆتەوە، هیچ سوود و خزمەتێک بە کەس ناگەیەنێت، نەیارانی کوردستان نەبێت، بۆیە بە هیچ شێوەیەک قبووڵ ناکرێت.
دامودەزگا پەیوەندارەکانی حکوومەت دەبێت بە شێوەیەکی شارستانی و بەپێی یاسا مامەڵە لەگەڵ ڕووداوەکاندا بکەن و سەر و سامان و ئاسایش و سەقامگیریی هاووڵاتیان بپارێزن، ڕێگەش نەدرێت خۆپیشاندان و گردبوونەوەکان بۆ هیچ مەرامێک و لە هیچ لایەنێکەوە بقۆزرێنەوه و سەرپێچیکاران ڕووبەڕووی سزای یاسایی بکرێنەوە.
حکوومەتی هەرێمی کوردستان
#18-12-2017#