جەماوەری تێکۆشەری خەڵکی کوردستان! لە ئاکامی کەڵەکەبوونی قەیرانی هەمەلایەنی کوردستان کە پێویستی بە کاری جیدی بۆ چارەسەرکردنی هەبوو، و لە هەمان کاتدا بە هۆی بۆشایی متمانە نێوان خەڵک وحکومەت بە هۆی نەهامەتی و خراپی باری ژیانی خەڵک و نەبوونی خزمەتگوزاریی وفراوانبوونی بێکاری و هەژاری و نەبوونی موچە، وئەمە جگە لە قەیرانە سیاسییەکانی پەیوەست بە بەرێوەبردنی دەسەلات و فراوانبوونی گەندەڵی و نەبوونی شەفافیەت، لە 18ی کانونی یەکەمەوە، لەهەندێ شارو شارۆچکەی کوردستان و لەمیانەی خۆپیشاندان و ناڕەزایی جەماوەریی، کۆمەڵێک ڕووداو و بارگرژی و پێکدادانی چەکداری ڕوویاندا، کە پێمان وایە هەر بارگرژییەک ڕووبدات، بە زیان بۆ سەر داواکاریی و مافی ڕەوا و چاککردنەوەی باری گوزەرانی هاووڵاتیان دەگەڕێتەوە. هەڵوێستی حزبمان بەم جۆرەیە:
1- داواکاری خەڵک و خۆپیشاندەران بۆ مسۆگەرکردنی موچەو چاککردنی باری ژیان و گوزەرانی خۆی داواکارییەکی ڕەوایە و حزب پشتگیری لە داوای ڕەوای خەڵک دەکات وپێویستە سەرجەم هێزە سیاسیەکانی کوردستان پشتگیری لێ بکەن و حکومەت بەدەم داواکارییەکانەوە بێت و سنورێک بۆ نەهامەتی و خراپی ژیانی خەڵکی کوردستان دابنێ. کە ئەمەش لەرێگای گێڕانەوەی موچەو مافی هاوڵاتیان و گۆڕینی سیاسەتی ئابوری وەدیهێنانی شەفافیەت و ڕووبەڕووبونەوەی گەندەڵی و ئەنجامدانی چاکسازی هەمەلایەنەوە دەکرێت.
2- حزبمان دووپاتی گرنگی ڕێگای دیموکراسی و مەدەنی و ئاشتیانە دەکاتەوە لەدەڕببِینی داواکاری خەڵک و لەئەنجامدانی ئاڵوگۆڕکردنی دەسەڵات و هەر ئەم ڕێگایەش زامنی یەکبونی ئیرادەی گەلی کوردستانە. لەم هەلومەرجە دژوارەدا و بۆ ڕووبەرووبونەوەی سەرجەم قەیرانەکانی ناوخۆی هەرێم و قەیرانی پەیوەندی لەگەڵ عێراقدا، کە ناکرێت بە ڕێکەوتنی دووقۆڵی حزبی چارەسەر بکرێت، داوا لەسەرجەم حزبە دەسەڵاتدارەکان دەکەین، بە بەرپرسیارێتیەوە مامەڵە لەگەڵ ڕووداوەکاندا بکەن، وبە هیچ شێوەیەک ماوە بە پێکدادانی چەکداری نەدەن کە دەبێتە مەترسییەکی گەروە لە سەر دوارۆژی کوردستان.
3- حزبمان پێشوەخت و لەسەرەتای مانگی ڕابردوودا ئاماژەی بۆ ئەوە کردووە کە گەڕانەوە بۆ تێکڕای خەڵک و ئەنجامدانی هەڵبژاردنێکی بێ گەرد و بابەندبوون بە دەرئەنجامەکانی، ڕێگاچارەیە بۆ ئەوەی جەماوەری گەلەکەمان لەرێگای سندوقی دەنگدان ئیرادەی خۆی دەڕبڕیت. سەرکەوتوبێت ئیرادەی گەل و تێکۆشانی دیموکراسی و مەدەنی و ئاشتیانە.
مەکتەبی سیاسی #حزبی شیوعی کوردستان#-عیراق
#19-12-2017#