رۆڵەکانی نەتەوەی مەزنی کورد لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست!
کوردستانیانی وڵاتپارێز!
هەڵکردنی ئاڵای پیرۆزی کوردستان وەک سیمبۆلی ناسنامە و هێمای ئازادیی و سەربەستیی نەتەوەیی و داگرتنی ئاڵای ئێران وەک نیشانەی کۆتاییهێنان بە سەروەریی داگیرکەرانەی تاران، لە 26ی سەرماوەزی 72 ساڵ لەمەوبەر لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، بەرهەمی بیر و ئیرادەی سەرکردە و نەتەوەیەک بوو کە لێبڕاوبوون تەوقی دیلیی دەوڵەتی ئێران لە سەر خاک و خەڵکی کوردستان هەڵگرن و سەروەریی سیاسیی کوردی لە جێ دابنێن. هەربۆیە پاش 36 ڕۆژ لە هەڵکردنی ئاڵا، دەوڵەتی جمهووریی کوردستان ڕاگەیەندرا.
بۆ #پارتی ئازادیی کوردستان# و خەباتگێڕانی ڕیزەکانی، شانازییەکی گەورەیە کە ئەگەر 72 ساڵ لەمەوبەر ئاڵای نەتەوەیی کورد لە لایان پێشەوای مەزنی کوردەوە هەڵکرا، پاش 48 ساڵ لە هەرەسی کۆمار و دیار نەمانی ئاڵا لە بزووتنەوەی کورددا؛ بۆ دووهەمین جار 24 ساڵ لەمەوبەر بەدەستی ڕێبەرایەتیی پارتی ئازادیی کوردستان هەڵکرایەوە.
ئەگەر 72ساڵ لەمەوبەر پاش 12 مانگ شەکانەوەی ئاڵای کوردستان، ڕاست لە یەکەمین ساڵوەگەڕیدا، بە داگیرکردنەوەی پێتەختی کۆمار لە لایان تارانەوە، کۆتایی بە سەروەریی کورد و شەکانەوەی ئاڵاکەی هات و پارتی ئازادیی کوردستانیش تا ساڵیانێک لە هەڵکردن وشەکاندنەوەی ئاڵای کوردستاند،ا تاک و تەنیا بوو؛ ئەمڕۆ ئاڵای کوردستان ئاڵای فەرمی حکومەتێکی کوردی و مەدالیای سەر سینگی کوڕان و کچان و ڕازێنەرەوەی ماڵ و ماڵبات و بەیداخی خەباتی تێکۆشەرانی ڕێگای ئازادیی و سەربەخۆیی نیشتمانە. هاوکات ئاڵای کوردستان لە ئاستی جیهانیی و هەرێمیدا، چووەتە ناو پڕۆتۆکۆلی دیدار و سەردانە دیپلۆماسییەکانی نێوان حکومەتی کوردستان و دەوڵەتان.
پارتی ئازادیی کوردستان دڵنیا و هیوادارە کە شەوی بندەستی و بێدەوڵەتیی کورد سەرەنجام بەسەر دەچێ و خەبات و خوێنی میربەدرخان و شێخی نەهری و شێخ عەبدولسەلام و مەلیکی کوردستان و سمکۆی قارەمان و شێخ سەعیدی پیران و سەید ڕەزای دەرسیم و هەڵۆکەی ئارارات و پێشەوا قازی محەمەد و ژێنێڕال بارزانی و ڕێفراندۆمی غەدر لێکراوی باشووری کوردستان و سەدان هەزار شەهیدی ئەم نەتەوەیە دێتەبەر و ئاڵاکەمان وەک ئاڵای دەوڵەتی کوردستان لە ئاسمانی نیشتمانێکی خاوەن سەروەریی دێتە شەکانەوە.
فەرماندە و پێشمەرگەکانی پارتی ئازادیی کوردستان، درێژەدەرانی ڕێگای نەهری و سمکۆ و قازی، قوتابیانی ڕێبەری شەهیدسەعید یەزدانپەنا، لەم ڕۆژەدا لە بەرەکانی پاراستنی خەڵک و خاک و کیانی سیاسیی کورد و پایتەختەکەی، پاش خوڵقاندنی حەماسەی مێژوویی پردێ، شانبەشانی ڕۆڵەکانی باشوور و باکوور و ڕۆژاوای نیشتمان بەدەم سروودی ئەی ڕەقیبەوە بە سەر سوپا شکستخواردووە هاوبەشەکەی بەغدا و تارانەوە، ئاڵا دەشەکێننەوە. هاوکات خەباتگێڕانی PAK لە شار و گوندەکانی ڕۆژهەڵاتی داگیرکراو و کارەساتبار، لە هەر کوێ بۆیان بلوێ ئاڵا هەڵدەکەن و ئەو پەیامە دەدەن بە گوێی هەر داگیرکەرێکی نیشتماندا کە هەتا ڕادانی دووا سەربازیان لە کوردستان و دامەزراندنەوەی دەوڵەتی جمهووریی کوردستان، لە خەبات ناسرەون.
هەر شەکاوە بێ ئاڵای پیرۆزی کوردستان
پارتی ئازادیی کوردستان PAK
26 سەرماوەزی 2717
#17-12-2017#