سەرۆکایەتی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق ڕایگەیاند، وەزیری سەرچاوە ئاوییەکانی سەرپشککردووە، بۆ دانوستان و ئیمزاکردنی وەرگرتنی قەرز لە بانکی نێودەوڵەتی بەبڕی 100 ملیۆن دۆلار، بەمەبەستی چاککردنەوەی بەنداوەکان.
لە بەیاننامەیەکدا کە نوسینگەی ڕۆژنامەوانی سەرۆکایەتی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق، ئەمڕۆ چوارشەممە 20ی کانوونی یەکەم بڵاویکردۆتەوە، دەڵێت “ئەنجومەنی وەزیران ڕەازمەندی دەربڕیوە لەسەر سەرپشککردنی وەزیری سەرچاوە ئاوییەکان، بۆئەوەی لەگەڵ بانکی نێودەوڵەتی دانوستان بکات.
دەشڵێت “بەپێی ئه و دەسەڵاتپێدان و ڕاسپاردانە وەزیری سەرچاوە ئاوییەکان دەسەڵاتی قەرزکردنی بڕی 100 ملیۆن دۆلاری هەیە لە بانکی نێودەوڵەتی بەمەبەستی چاککردنەوەی بەنداوەکانی عێراق“.
رەحمان خانی، بەڕێوەبەری #بەنداوی دەربەندیخان# ئەمڕۆ چوارشەممە بەدواڕۆژی ڕاگەیاند “زیانەکانی بەنداوی دەربەندیخانی لەلایەن لیژنەیەکی پسپۆڕی نێودەوڵەتی و وەزارەتی سەرچاوە ئاوییەکانەوە مەزەندە کراوە، ئێمە نازانین چەنده، بەڵام لەکاتی دانوستاندا دەردەکەوێت چەند بۆ دەربەندیخان تەرخان دەکەن“.
خانی ڕونیشیکردەوە “لەوانەیە له و قەرزە بەنداوی دەربەندیخان پشکی گەورەی بەربکەوێت، چونکە زۆرترین زیانی بەرکەوتووە، سەرەتا زیانەکان تەنیا بۆ بەنداوی دەربەندیخان خەملێنراون، بەڵام دواتر حکومەتی عێراق، پرۆژەی چاککردنەوەی سەرجەم بەنداوەکانی هەرێم و عێراقیشی خستەسەر“.[1]
#20-12-2017#