هەفتەی ڕابردوو، بەهای نەوت بەرزترین ئاستی لە ماوەی دوو ساڵ و نیوی ڕابردوودا تۆمار کرد، کاتێک گەیشتە 65 دۆلار و 77 سەنت، واتە بەراورد بە بەهای نەوت لە سەرەتای ساڵی ڕابردوو، نرخی هەر بەرمیلێک نەوتی برێنت 33 دۆلار بەرزبووەتەوە کە بە ڕێژە دەکاتە 122%.
بەرزبوونەوەی نرخی نەوت بەشێکی پەیوەستە بە درێژکردنەوەی ڕێککەوتننامەکەی نێوان ئۆپێک و بەرهەمهێنەرانی دەرەوەی ئەو ڕێکخراوە تاوەکو کۆتاییەکانی 2018، هەروەها هۆکارێکی دیکەی بەرزبوونەوەکە پەیوەندی بە دابەزینی بڕی نەوتی کۆگاکراوی ئەمەریکاوە هەیە.
گۆڕانکارییەکانی بازاڕی نەوت لە دوای درێژکردنەوەی ڕێککەوتنی ئۆپیک، پرسیاری ناوەندە داراییەکانی جیهانە کە ئایا نرخی نەوت لە ساڵی 2018 چۆن دەبێت؟ بانکی کریدیت سویس پێشبینییەکانی خۆی بۆ نرخی نەوت لە ساڵی 2018 بەرزکردەوە و پێشبینی کردووە ئەندامانی ئۆپێک بە ڕێژەیەکی زیاتر پابەندی ڕێککەوتننامەکەیان بن، ئەوەش لەلایەکەوە هاوسەنگیی زیاتر بۆ بازاڕی نەوت دەگێڕێتەوە، لەلایەکی دیکەشەوە نەوتی کۆگاکراو لە وڵاتانی هاریکاریی ئابووری و گەشەپێدان دەچێتەوە ئاستی سرووشتیی خۆی.
هەروەها بانکەکە پێشبینی دەکات نرخی یەک بەرمیل نەوتی برێنت لە ساڵی 2018 لەسەرووی 60 دۆلارەوە جێگیر بێت، ئەوە لەکاتێکدایە پێشتر بانکەکە پێشبینی کردبوو، نرخی یەک بەرمیل نەوتی برێنت لە ئاستی 53 دۆلاردا بێت.
بۆیە دەکرێت بڵێین پێشبینی بۆ بەرزبوونەوەی زیاتری نرخی نەوت لە چارەکی یەکەم و دووەمی ساڵی داهاتوو ئەستەمە، بەڵام بەهای نەوت کە ئێستا نرخەکەی لەنێوان 60 تاوەکو 65 دۆلارە، لەلایەن تەواوی وڵاتانی ئۆپێک و دەرەوەی ئۆپێک پێشوازی لێکراوە و خەمڵاندنی بودجەی ساڵی داهاتوویان پاڵپشت بە بەهای نەوت لە ژێر 60 دۆلارەوە کردووە، واتە چاوەڕێی گۆڕانی زیاتریان لە بەرزبوونەوەی نرخی نەوت نییە، لانیکەم تاوەکو ناوەڕاستی ساڵی داهاتوو.
هەرێمی کوردستان کە لە ساڵی 2014 وە دەستی بە هەناردەکردنی نەوت بەشێوەی سەربەخۆ لە ڕێگای بۆڕییەوە کرد، پێشتر زیاتر لەخەمی بەرزبوونەوەی نرخی نەوتدا بوو لە بازاڕەکانی جیهان، بە ئومێدی دەستکەوتنی شایستەیەکی دارایی زیاتر لەوەی پێشتر لە بەغداوە دەستیدەکەوت.
بەڵام بەهۆی ڕووداوەکانی 16ی ئۆکتۆبەر کە هەرێمی کوردستان لەیەککاتدا زیاتر لە نیوەی خاک و نەوتی خۆی لەدەستدا، ئێستا زیاتر لەخەمی دانوستاندن و گفتوگۆکردنە لەگەڵ بەغدا بە ئومێدی وەرگرتنی شایستەیەکی دارایی زیاتر لەوەی دوای 2014 بەهۆی فرۆشتنی نەوتەوە دەستیدەکەوت.
حکومەتی هەرێمی کوردستان، بەهۆی دابەزینی نرخی نەوت و هێرشی داعش بۆ سەر کوردستان و هاتنی ژمارەیەکی زۆر ئاوارە، توانای جێبەجێکردنی پلانی ئابووریی سەربەخۆی نەماوە و پلانەکەی شکستی هێناوە، بەتایبەت بەهۆی ڕووداوەکانی 16ی ئۆکتۆبەر.
بۆیە ئەو قەیرانە ئابوورییەی لەناوەڕاستی ساڵی 2014 وە ڕووی لە هەرێمی کوردستان کردووە، لەسەرەتای ساڵی 2016 بەدواوە بەشێوەیەکی کرداری زیاتر دەرکەوت، ئەویش بەجێبەجێکردنی سیستەمی پاشەکەوتی مووچەی فەرمانبەران، ئێستاش کە لەکۆتایی 2017داین، باری هەرێمی کوردستان زۆر خراپترە.
لەبەرئەوە پرسیاری سەرەکی نێو حکومەت و پسپۆڕانی ئابووری و سیاسی کوردستان ئەوەیە ئەگەر حکومەتی عێراق ئامادەی گفتوگۆ و دانوستاندن نەبێت، بەتایبەت پێش هەڵبژاردنەکانی عێراق، ئایا حکومەتی هەرێمی کوردستان توانای دابەشکردنی مووچەی فەرمانبەرانی دەبێت یان نا؟
بەپێی زانیارییەکان ئێستا داهاتی مانگانەی نەوتی کوردستان نزیکەی 500 ملیار دینار دەبێت، لەکاتێکدا شاندی حکومەت لەدوایین کۆبوونەوەی لەگەڵ شاندی پەرلەمان ڕایگەیاندووە کە لە باشترین حاڵدا، داهاتەکەی 400 ملیار دینارە.
زیاتر لە 80%ی داهاتی حکومەتی هەرێمی کوردستان پشت بە داهاتی ئەو نەوتە دەبەستێ کە خۆی دەیفرۆشێ، لەکاتێکدا داهاتی نەوت لە پرۆژە یاسای بودجەی 2018ی عێراق زیاتر لە 85%ی داهاتەکەی پێکدێنێ، واتە گۆڕانێکی باش لە زیادبوونی داهاتی نانەوتی لە داهاتی گشتی هەرێمی کوردستان هەیە، بەڵام کەموکورتی سەرەکی لەزیادکردنی داهاتی نانەوتی لەکوردستان ئەوەیە کە ڕێگای زیادکردنەکە هەڵەیە، لەجیاتی فرەڕەنگکردنی ئابووری، پشت بە زیادکردنی باج و ڕسومات و گومرک بەستراوە کە ڕێگایەکی هەڵەیە، لەبەرئەوەی کاتی جێبەجێکردنی ئەم پرۆسەیە ناتەبایە لەگەڵ کەمبوونەوەی داهاتی تاک لە کوردستان.
بۆیە نەوت بەشێوە ئاسانەکە هێشتا فڕیادڕەسی داهاتی گشتیی کوردستانە، بەڵام ئایا نرخی نەوت و ئاستی بەرهەمهێنان و هەناردەی نەوتی کوردستان لە ئاستێکدایە کوردستان بتوانێت داهاتی پێویست بۆ خەرجییە گشتییەکانی دابین بکات؟
ئاستی بەرهەمهێنانی نەوتی کێڵگە نەوتییەکانی هەرێمی کوردستان و کەرکووک پێش ڕووداوەکانی 16ی ئۆکتۆبەر زیاتر لە 600 هەزار بەرمیل بوو، بەڵام ئێستا ئاستی بەرهەمهێنانی نەوت ڕۆژانە نزیکەی 300 هەزار بەرمیلە. تێکڕای هەناردەی ڕۆژانەی نەوتی کوردستان لە ڕێگەی بۆڕیی - جەیهان لە تشرینی دووەمی ئەمساڵدا 268 هەزار و 589 بەرمیل بووە، بەڵام بەپێی خەمڵاندنەکان، هەرێمی کوردستان ساڵی داهاتوو ڕۆژانە توانای هەناردەکردنی 284 هەزار بەرمیل نەوتی دەبێت.
بەڵام ئایا بە هەناردەکردنی 284 هەزار بەرمیل نەوتی ڕۆژانە لە هەرێمی کوردستانەوە بۆ بازاڕەکانی جیهان و بەهای نەوت لە 60 دۆلار کەمتر نەبێت، کوردستان توانای زیادکردنی داهاتی گشتی دەبێت؟ بەدڵنیاییەوە نەخێر، لەبەرئەوەی کۆمپانیاکانی کەرتی نەوت لە کوردستان لە باشترین کاتدا توانای زیادکردنی ئاستی بەرهەمهێنانیان دەگاتە 300 هەزار بەرمیل نەوت، هەروەها بەهای نەوتی کوردستان لە بازاڕەکانی جیهاندا بەنزیکەی 10 دۆلار کەمتر لە نرخی نەوتی برێنت دەفرۆشرێ.
بۆیە ئاستی بەرهەمهێنان و نرخی نەوت لە ساڵی داهاتوو لە بەرژەوەندیی کوردستان نابێت، چونکە لەباشترین قۆناغی بەرهەمهێناندا، کۆمپانیاکانی نەوت ئەگەر توانای خۆیان بگەیەننە 300 هەزار بەرمیل (ئەگەرچی لەو بارودۆخە ناجێگیرە سیاسی و ئەمنییەی لە سنوورەکانی کوردستان و کەرتی وەبەرهێنانی کوردستاندا هەیە ئەستەمە)، هەروەها بەهای نەوت لە بازاڕەکانی جیهاندا لە 60 دۆلار پاشەکشە نەکات و کوردستان بتوانێت لە فرۆشتنی یەک بەرمیل نەوت 50 دۆلاری بۆ بمێنێتەوە، ئەوا داهاتی مانگانەی لە فرۆشتنی نەوت دەگاتە 450 ملیۆن دۆلار، بۆیە تەنیا ڕێگەچارە لە بەردەم کوردستان بەرزکردنەوەی ئاستی بەرهەمهێنانی نەوتە، نەک چاوەڕێی بەرزبوونەوەی نرخی نەوت بێت کە لەژێر کۆنترۆڵی بازاڕی جیهانی و وڵاتانی زلهێزی جیهاندایە. [1]
#22-12-2017#