بەلاغی کۆتایی کۆبونەوەی نائاسایی ئەنجومەنی سەرکردایەتی یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان
ڕۆژانی شەممەو یەک شەممە 23 و 24/12/2017 ئەنجومەنی سەرکردایەتی یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان بە ئامادەبوونی بەڕێز مامۆستا سەلاحەدین محەمەد بەهائەدین ئەمینداری گشتی و بە سەرپەرشتی بەڕێز م. سعید علی عەبۆ سەرۆکی ئەنجومەن و ئامادەبوونی سەرجەم ئەندامان و بەرپرسی مەڵبەندەکان کۆبوونەوەیەکی نائاسایی گرێدا.
لە کۆبوونەوەکەدا باوردۆخی سیاسی و قەیرانی دارایی و کاریگەریەکانی لە سەر ناوخۆی هەرێمی کوردستان بە گشتی و باری ژیان و گوزەرانی مامۆستایان و مووچەخۆران و نیگەرانی و نارەزایەتیەکانی شەقامی بە تایبەتی تاوتوێکرد، هەروەک ئەرک و بەرپرسیارێتی حکومەتی لەو بارەوە خستەبەر باس و گفوگۆو دیدو هەڵوێستی #یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان#ی لە سەر ئەم پرسە لەم چەند خاڵەی خوارەوەدا خستەڕوو:
یەکەم: کۆبوونەوە داوا دەکات لیژنەیەک لە پەرلەمانی کوردستان پێکبهێنرێت بۆ بەدواداچوون و لێپێچینەوە لە ڕووداوەکانی چەند ڕۆژی ڕابردوو لە شارو شارۆچکەکانی کوردستان کە بە داخەوە ڕەوتی مەدەنی و ئاشتیانەی ناڕەزایەتیەکان بە لارێدا براو چەندین ڕووداو و کارەساتی نەخوازراو و دڵًتەزێنی لێ کەوتەوە..
ئەم لیژنەیە کاری جیدی بکات بۆ ئازاد کردنی بە پەلەی دەستگیرکراوە بێتاوانەکان و ئاشکراکردنی ئەو دەست و کەسانەی ئاڕاستەی خۆپیشاندەرەکانی بەرەو توندوتیژی بردوو لێپێچینەوەیان بە پێی یاساو لە لایەن دادگاوە لەگەڵ بکرێ... هەروەک کۆبوونەوە داوا دەکات حکومەت بە خێرایی وەڵامی داوا ڕەواکانی خۆپیشاندەران بداتەوە بە دابین کردنی موچە لە کاتی خۆیدا و باشکردنی باری بژێوی و خزمەتگوزراریەکان بە گشتی.
هەر لەو میانەدا کۆبوونەوە داوا دەکات کە حاڵەتی بە سەربازیکردنی شارەکان کۆتایی پێ بهێنرێ، چونکە ڕێگا چارەی ئەمنی دۆخەکە ئاڵۆزتر دەکات هەروەها هەر جۆرە بێدەنگ کردنێکی میدیای ئازادی لە دەرەوەی یاسا ڕەت کردەوە.
دووەم/ سەبارەت بە هەڵوێستی یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان لە پرسی کشانەوەی لە حکومەت، کۆبوونەوە بە پێویستی زانی لەو بارەیەوە یەکگرتوو هەڵوێست لە بەرژەوەندی باشکردنی بژێوی هاووڵاتیان وەربگرێ و بیبەستێتەوە بەو مەسەلەیەوە..
بۆیە بڕیاریدا سەقفێکی زەمەنی دیاریکراو تا 15/1/2018 وەک مۆڵەتێک بدات بە حکومەت و لەو ماوەیەدا شاندێکی یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان یاداشتنامەیەک لە بارەی داخوازیەکانی خەڵک و هاوڵاتیان بدات بە حکومەت و داوای لێ بکات کە بە زووترین کات بریاری جدی بۆ جێ بە جێ کردنیان بدات..
لە حاڵەتی بە دەمەوە نەهاتنی حکومەت لەو بارەیەوە و دوای تەواو بوونی مۆڵەتەکە یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان بریاری یەکلاکەرەوە دەدات.
هەر بەم بۆنەیەوە کۆبوونەوە پرسەو سەرەخۆشی خۆی ئاڕاستەی خانەوادەو کەس و کاری قوربانیانی خۆپیشاندانەکانی چەند ڕۆژی ڕابردوو دەکات و دوعای شیفاو چاکبوونەوە بۆ بریندارەکان لە خوا دەخوازێت...
لە کۆتایی دا کۆبوونەوە شەونخونی و ماندووبوون و هەڵسوکەوتی مەدەنیانەو ئاشتیخوزانەو خۆڕاگری ڕێکخستنەکانی یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان لە بەرانبەر پەلامار و هەڵکوتانە سەر بارەگاکانی یەکگرتووی بەرز نرخاندو هیوایخاوست ئەم ڕەفتارو ڕەوشتە بەرزەی ڕێکخستنەکانی یەکگرتوو ببێتە کلتوری کۆمەڵگەی کوردستانی و نەریتی نەخوازراوی توندوتیژی هەڵکوتانە سەر بارەگا حزبیەکان و دام و دەزگا گشتیەکان کۆتایی پێ بهێنرێت.
ئەنجومەنی سەرکردایەتی
یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان
#24-12-2017#