رێکخراوی فریاکەوتنی میللی (PAO) لە #هەولێر# ئەنجامی توێژینەوەیەکی مەیدانی سەبارەت بە پرسی گێچەڵی سێکسی لەنێو قوتابیانی زانکۆ و پەیمانگاکاندا خستەڕوو، بەپێی ڕاپرسی توێژینەوەکە 52%ی کچان لە زانکۆ و پەیمانگاکان گێچەڵی سێکسییان پێکراوە.
توێژینەوەکە لە زانکۆ حکومی و ئەهلییەکانی هەولێر و #سلێمانی# و #گەرمیان# و #سۆران# و #هەڵەبجە# ئەنجامدراوە و 400 فۆرم بەسەر کچان دابەشکراون، 321 کەسیان وەڵامەکەیان بە بەڵێ بووە لەبەرامبەر ئەوەی ڕووبەڕووی گێچەڵی سێکسی بوونەتەوە لەلایەن هاوپۆلەکانیان، بەشێک لە خوێندکارانی زانکۆ و پەیمانگاکان و تەنانەت بەشێکیان لەلایەن خودی مامۆستاکانیانەوە، هەر بەپێی دەرئەنجامەکەش 79 کەس وەڵامەکەیان نەخێر بووە.
بەگوتەی ئەڵوەند تەڵعەت، سەرپەرشتیاری توێژینەوەکە لە ڕێکخراوی پاو، ئامانجیان لە ئەنجامدانی ئەو توێژینەوەیە بریتیبووە لە هەڵوەستەکردن لەسەر دیاردەیەکی شاراوە لە کۆمەڵگەی کوردستان، کە بریتییە لە دیاردەی گێچەڵی سێکسی بە کچان، هەروەها ئامانجمان ئەوەبوو پەردە لەسەر بابەتێکی لەوجۆرە هەڵبدەینەوە و زانیاری چەندیی و جۆریی سەبارەت بە دیاردەیەکی لەو شێوەیە بەدەستبخەین و بیخەینەڕوو.
بە بڕوای ئەڵوەند تەڵعەت دیاردەی گێچەڵی سێکسی شتێک نییە تایبەت بێت بە قوتابیانی زانکۆ و پەیمانگاکان، بەڵکو دیاردەیەکی کۆمەڵایەتییە و ڕەگ و ڕیشەیەکی کولتووری و کۆمەڵایەتی قووڵی هەیە.
ئەڵوەند تەلعەت دەڵێت: جیاوازی لەنێوان گێچەڵی سێکسی و دەستدرێژی سێکسی هەیە، گێچەڵی سێکسی جۆرە ڕەفتارێکە کەسێک بەرامبەر ڕەگەزی بەرامبەر دەیکات بە شێوەی زارەکی یان ئاماژەکردنێک کە مەبەستی سێکسی لەپشتەوە بێت.
سەرپەرشتیاری توێژینەوەکە دەشڵێت: بەپێی دەرئەنجامی توێژینەوەکە، 73%ی بەشداربووان گێچەڵی سێکسییان بەرامبەر کراوە، لەوانە 19.9%یان لە زانکۆ بوون، 14.5%یان لە پەیمانگا بوون، 9.5%یش لە زانکۆ و شوێنە گشتییەکانیان هەڵبژاردووە، 7.2%ش لە پەیمانگا و شوێنە گشتییەکان، لە بازاڕ و شوێنە گشتییەکانیشدا 48.9%ە کە ئەمەش ڕێژەیەکی بەرزە، بەشێوەیەکی گشتیی ئەوانەی ئاماژەیان بە ناوی زانکۆ و پەیمانگا داوە وەکو شوێنێک کە تێیدا ڕووبەڕووی گێچەڵی سێکسی بوونەتەوە، ڕێژەکەی دەگاتە سەرووی 52%.[1]
#25-12-2017#