دواڕۆژ، #ئاکۆ حەمەد ڕابی#
بەهۆی داخستنی مەرزی نێودەوڵەتی #حاجی ئۆمەران# لە هەردوو دیوی باشور و ڕۆهەڵاتی کوردستان نزیکەی 30 هەزار کەس بێکاربوون.
بەپێی ئه و ئامارانەی دەست دواڕۆژ کەوتوون لە دوای داخستنی مەرزی نێودەوڵەتی حاجی ئۆمەران لە هەردوو سنوری ناحیەی حاجی ئۆمەران و قەزای پیرانشاری ڕۆژهەڵاتی کوردستان نزیکەی 30 هەزار کەس بێکاربوون.
سەرچاوەیەک لە مەرزەکەوە بە دواڕۆژی وت، زۆرینەی ئەوانەی بێکاربوون پێکدێن لە بازرگان، کۆڵبەر، کرێکار، شوفێری بارهەڵگر، ئۆتۆمبێلی تاکسی و خاوەن دوکان و چێشتخانەکان.
لە شارۆچکەی پیرانشاری ڕۆژهەڵاتی کوردستانیش هەزاران کەس کە بەهۆی جموجۆڵی بازرگانی و مەدەنی مەرزی حاجی ئۆمەران لە دیوی پیرانشار خەریکی کار و کاسبی بوون، لە دوای 15ی تشرینی یەکەمەوە سەرجەمیان بێکار بوون.
پێشتر ماجد جەلال، ئەندامی ژووری بازرگانی و پیشەسازی هەولێر بە دواڕۆژی ڕاگەیاند، لە دوای داخستنی مەرزی نێودەوڵەتی حاجی ئۆمەران تەنها له و سنورە 900 بازرگانی کورد و 731 شۆفێری بارهەڵگر و 300 شۆفێری تەکسیش بێکاربوون.
هاوکات فەرهاد خوسرەوی، لە ئەنجومەنی کۆڵبەران بە دواڕۆژی ڕاگەیاند کە دوای داخستنی مەرزی حاجی ئۆمەران، کۆماری ئیسلامی ئێران ڕێڕەوی ڕەسمی دەروازەی کۆڵبەرانیشی داخستووە و بەوهۆیەوەش زیاتر لە چوار هەزار کۆڵبەر لە ناوچە سنورییەکانی حاجی ئۆمەران بێکاربوون و ژمارەیەکیشیان لە ڕێڕەوی ناڕەسمی دەستیان بە کارکردن کردۆتەوە و بەوهۆیەوەش ژیانی خۆیان خستۆتە مەترسییەوە.
ماوەی زیاتر لە دوو مانگە کۆماری ئیسلامی ئێران مەرزی حاجی ئۆمەرانی داخستووە و هیچ جۆرە جموجۆڵێکی بازرگانی و مەدەنی له و دەرەوازەیە ئەنجامنادرێت.
حاجی ئۆمەرانی تاکە دەروازەی ڕەسمییە کە کۆماری ئیسلامی ئێران و هەرێمی کوردستان لە سنوری پارێزگای هەولێر بەیەکەوە دەبەستێتەوە.
بەپێی ئامارێکی مەرزەکە لە ماوەی ساڵێکدا لە حاجی ئۆمەران 12 ملیۆن تەن کەلوپەل ئاڵوگۆڕیان پێدەکرێت و له و ڕێژەیە 97%ی کەلوپەلەکان هاوردەن و بەڕێژەی 3%ش هەناردە دەکرێن.[1]
#25-12-2017#