بۆ ڕای گشتی...
لە بەڕێوەبەری NRTیەوە، بۆ پارێزگاری #سلێمانی#
بەرێز/ پارێزگاری سلێمانی و سەرۆکی لیژنەی ئەمنیی پارێزگاکە
دوای سڵاو..
بە پێی بڕیاری ژمارە (5002)ی وەزارەتی ڕۆشنبیریی و لاوان بێت، کە ئیمزای وەزیری بەسەرەوەیە، دەبێت لە سەعات 7ی ئێوارەی سبەینێ (26/12/2017)، دەستبکرێتەوە بە پەخشکردنی سەرجەمی کەناڵەکانی دامەزراوەکەمان (دامەزراوەی میدیایی نالیا). بۆیە، هەقە:
1- بەڕێزت وەکو پیاوێک کە لە پێگەیەکی کارگێڕیی بەرزی ئەم پارێزگایەدایت، سەرسەختانە کاربکەیت بۆ ئەوەی لە وادەی دیاریکراودا دەستبکەینەوە بە پەخشکردن.
2- تۆ سەرۆکی لیژنەی ئەمنیی ئەم پارێزگایەیت، هەقە مومارەسەی دەسەڵاتی خۆت بکەیت و ئیتر هێزی ئەمنیی لەبەردەم کەناڵەکەدا نەمێنێت و میدیاکارانی کەناڵەکەشمان بۆ لێکۆڵینەوە بانگێشت نەکرێن.
3- ئەم چەند دێڕەم بۆ بەڕێزتان، وەکو دوو هاورێی کۆن و دوو هاوپیشەی میدیایی نییە (لە ڕابردودا)، بەڵکو بە سیفەتی پۆست و ئەرکە کارگێرییەکانمانە.
4- تۆ خۆت ڕۆژنامەنوس و کەسێکی ئەکادیمیی بواری میدیایت، دەبو (بۆ داهاتوش دەبێت) لە پرسێکی لەمجۆرەدا ڕۆڵی گرنگ و کاریگەرت هەبێت و بەرگریکاری سەرسەختی ئازادیی کاری میدیایی بیت، وەکچۆن بە پێی یاسای ڕۆژنامەگەریی ژمارە (35)ی ساڵی 2007، کەس بۆی نییە دەقیقەیەکیش کەناڵێک لە پەخشکردن ڕابگرێت، ئیتر نازانین وەزیری ڕۆشنبیریی و لاوان، ئەم بڕیارەی پاڵپشت بە چ دەقێکی قانونیی دەرکردوە! تەنانەت ئێستا بڕیارەکە کراوەتە دیفاکتۆ و دەمانەوێت ئەم بڕیارە نایاساییە، وەکو خۆیشی بێت (کە هیچ پاڵپشتییەکی یاسایی نییه)، جێبەجێبکرێت و سبەینێ دەست بە پەخشکردن بکەینەوە و دۆخی کارکردنی ڕەوای دامەزراوەکەمان ئاسایی بکرێتەوە.
5- لەم پرسەدا، لەبەردەم بەرپرسیارێتییەکی مێژویی و پیشەیی و یاسایی و کارگێریی و ئەخلاقیی دان.
رێزم..
#مەم بورهان قانع#
بەڕێوەبەری ئێن ئاڕ تی
#25-12-2017#