دواڕۆژ، #عیسا عەبدولقەهار#
#وەزارەتی کارەبا#ی هەرێم ڕایدەگەیەنێت، بەهۆی قەیرانی داراییەوە نەتوادراوە 10% داهاتی کارەبا کۆبکرێتەوە، بەڵام داهاتی چوار ساڵی وەزارەتەکە 200 ملیار دینار بووه و ڕێژەی بەکارهێنەرانیشی بۆ ملیۆن و 500 هەزار بەرزبۆتەوە.
بەپێی ئامارێکی وەزارەتی کارەبای هەرێم کە وێنەیەکی دەست دواڕۆژ کەوتووە، داهات و خەرجییەکانی کارەبای هەرێم ئاشکراکراوە.
بەپێی ئامارەکە، ئەمساڵ بڕی دوو هەزارو 500 مێگاوات کارەبا بەرهەمهێنراوە، کە خەرجییەکەی ملیارێک و 500 هەزار دۆلار بووه و زۆربەی بەرهەمهێنانی کارەباش لەڕێگەی گازی سروشتی بووە، کە 84% کارەبای هەرێم لەڕێگەی ئه و وێستگانە بووە کە بەگاز کاردەکەن، هەروەها 6 بۆ7%ی لەڕێگەی بەنداوەکانی دوکان و دەربەندیخان بووە.
بەپێی ئامارەکە، داهاتی ساڵانی 2014 تاکو 2017، 200 ملیار دینار بووە، کە بڕی 600 ملیار دینار وەکو قەرز لەلای بەکارهێنەرانی ماوەتەوە، هەروەها لە ئامارەکە هاتووە بەهۆی قەیرانی داراییەوە ئەمساڵ کەمتر داهاتی کارەبا کۆکراوەتەوە.
هەر بەپێی ئامارەکە، ڕێژەی بەکارهێنەرانی کارەبا لە هەرێم بۆ زیاتر لە ملیۆن و 500 هەزار بەکارهێنەر زیادیکردووە، کە لەو ڕێژەیە زیاتر لە 70% بەکارهێنەرانی ماڵان و 15% کەرتی پیشەسازی و 10% بۆ فەرمانگەکان و 5%یشی بۆ کەرتی کشتوکاڵ تەرخانکراوە.[1]
#02-01-2018#