دواڕۆژ، عەلی حەمە سەعید
وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی دارستان و ژینگەی #هەڵەبجە# ئەمڕۆ سێشەممە #02-01-2018# لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ئاماری کاروچالاکی و دەستگیرکردنی سەرپێچیکارانی لەساڵی ڕابردوودا بۆ دەزگاکانی ڕاگەیاندن خستەڕوو کە بەگوێرەی ئامارەکە تەنها لەساڵی ڕابردوودا 138 سەرپێچیکار دەستگیرکراون و ڕووبەڕووی دادگا کراونەتەوە، هەروەها دەستیشیان بەسەر 57 چەکی جۆراو جۆردا گرتووە.
ملازم فەرمان عومەر، وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی دارستان و ژینگەی هەڵەبجە لەکۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ئەوەی خستەڕوو، بەگوێرەی ئەو ئامارانەی لە بنکە و بەڕێوەبەرایەتییەکانی پۆلیسی دارسان و ژینگەی سنووری پارێزگای هەڵەبجەوە کۆمانکردوونەتەوە تەنها لەمساڵدا 138 سەرپێچیکار دەستگیرکراون بە بەراورد بەساڵی ڕابردووش ژمارەکە بەڕێژەیەکی زۆر زیادیکردووە، هاوکات هەر لەساڵی ڕابردوودا توانیویانە دەستبگرن بەسەر 57 چەک و 225 فیشەکی جۆراوجۆردا.
ئاماژەی بەوەشکرد، هەر لەساڵی ڕابردوودا 22 باڵندەی زیندوو هەروەها 18 باڵندەی کوژراو لەدەستی ڕاوچییەکان سەندراوەتەوە، هاوکات لەساڵی ڕابردوودا و لەوەرزی قەدەغەکردنی ڕاوەماسیدا دەستگیراوە بەسەر 394 تۆڕی ڕاوەماسیدا و 400 کیلۆ ماسیش دەستی بەسەردا گیراوە لەزیادکردنی ئاشکراد فرۆشراوەتەوە.
هەر لەو کۆنگرە ڕۆژنامەوانییەدا وتەبێژی پۆلیسی دارستان و ژینگەی هەڵەبجە ئەوەشی وت هەر لەساڵی ڕابردوودا توانیویانە دەستبگرن بەسەر هەشت ئامێری بیر هەڵکەندندا لەگەڵ ئەوەشدا توانراوە دەستبگیرێت بەسەر 19 ئۆتۆمبێل و ماتۆڕسکیلدا کە لەلایەن سەرپێچیکارانەوە بەمەبەستی ڕاورکردن بەکار هێنراون، ئەوە سەرەڕای ئەوەی دەستیش گیراوە بەسەر 24 داوی ڕاوکردندا.[1]
#02-01-2018#