خەڵک لە ڕۆژهەلاتی کوردستان و ئێران داوای مافەکانیان ئەکەن
پێشتر کورد و هەموو خەڵکی ئێران دژی ڕژێمی حەمە ڕەزا شا ڕاپەڕینێکی مەزنیان کرد و ڕژێمی شایان ڕوخاند، دواترهەر لە سەرەتای ساڵی 1979دا ئاخوندەکان دەستیان بەسەر ڕاپەڕینی گەلانی ئێراندا گرت و لە جێی ڕژێمی شا، ڕژێمێکی کۆنەپەرستی ئاینی و مەزهەبی بوو بە بەڵا بەسەر خەڵکی ئەو وڵاتەوە، لەو کاتەوە ڕژێمی ئاخوندەکان تەواوی ئێرانیان کردە زیندان بۆ خەڵکەکەی، ئەو سەردەمە تەنیا خەڵکی کوردستان بوون کە سەریان بۆ ئەو دەسەڵاتە دانەنەواند و بە هەر شێوەیەک بێت درێژەیان بە تێکۆشان بۆ ئازادی دا، لەو ڕۆژەوە تا ئەمڕۆ خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بۆ داخوازییە نەتەوەیی و دیموکراسییەکانی خۆیان لە خەبات و تێکۆشان بەردەوامن.
ئاخوندەکان دوای ئەوەی شۆڕشی گەلانی ئێرانیان دزی، ڕژێمێکی خراپتر لە ڕژێمەکەی حەمە ڕەزا شایان لەو وڵاتە دامەزراند، ئیتر خەڵکی ئێران کەوتنە ناو تاریکستانیی. هەر لەو کاتەوە ڕژێمی نوێ کەوتە تالانکردنی سامانی وڵات و بێبەشکردنی خەڵک لە مافە دیموکراسی و مرۆڤایەتییەکانیان، هەر بەوەشەوە نەوەستان، بەڵکو هەمانکات تەقەلای ئەوەیان دا سیاسەت و مۆدێلی سیستەمەکەی خۆیان بنێرنە ئەودیوی سنوورەکانی خۆیان، بەتایبەتی لە تەواوی ڕۆژهاڵاتی ناوەڕاستدا ئەم هەوڵەیان خستە گەڕ، دەستیان خستە هەر شوێنێکەوە کە فرسەتێکیان بۆ هەڵکەوتبێ و دەرفەتیان بووبێ، لە لوبنانەوە هەتا سوریا، لە وڵاتانی کەنداوەوە هەتا ئەفغانستان و شوێنانی تریش دەستی ئەوانی بۆ خراپەکاریی گەیشتێ.
لە ناوخۆی ئێرانیش لە مافەکانی مرۆڤەوە بگرە تا مافە دیموکراسی و نەتەوەییەکانی خەڵکی ئێران ژێر پێ خران، هەموو دەنگێکی ناڕازی یان زیندانی کرا یا لە سێدارە درا، لە ڕۆژهەلاتی کوردستانیش سیاسەتێکی دڕاندانەیان پەیڕەو کرد، وەڵامی هەموو داخوازییە مرۆیی و دیموکراسییەکانی گەلی کوردیان بە کوشتوبڕو کاولکاریی دایەوە، بە گشتیی ئێرانیان وەک مێشکی خۆیان کردە وڵاتێکی ڕەش و تاریک، بەتایبەتیش ژیانی ژنانیان کردە زیندان و لە جارشێوی ڕەشدا بەندیان کردن، بە کورتی ئاخوندەکان سەرانسەری ئێرانیان کردە زیندان بۆ تەواوی خەڵکی ئەو وڵاتە.
بەڵام وەک وتراوە پەتی زۆرداریی کورتە، لە دوا ڕۆژەکانی مانگی 12ی 2017 وە خەڵکی ئێران دەنگی ناڕەزایەتی خۆی بڵند کردو لە دژی ڕژێم کەوتە سەر جادە و شەقامان، هەر لە مەشهەدەوە هەتا تاران و کرماشان و زۆر دەڤەری تر، خەڵکی ئێران دەستیان بە ڕاپەڕین کرد، داوای ئەو نانە ئەکەنکە لە گەروویان دزراوە، داوای سفرەی تالانکراویان ئەکەن، ژنان دوای ئازادی زەوتکراوی خۆیان ئەکەن، کرێکاران و کارمەندان داوای گەڕانەوەی ژیانی دزراویان ئەکەن، خوێنداکاران داوای مافی دیموکراسی و خوێندنیان ئەکەن، کوردو بەلوچ و عەرەب و ئازەری و ئەوانی تر، داوای مافە دیموکراسی و نەتەوەییە ڕەواکانی خۆیان ئەکەن، هەموو خەڵکی ئێران داوای ئازادی ئەکەن.
ئیدی ڕژێمی ئێران ناتوانێ درێژە بە سیاسەتی نامرۆڤانەو نادیموکراسیی خۆی بدات، داخوازییەکانی خەڵکی ئێران ڕەواو ڕاستن، ئەو دنیایەش کە بڕوای بەو ماف و بەهایانە هەیە، پشتیوانی ئەوان ئەکات، ڕژێمی ئێران لە جیاتی گوێ لە داخوازیەکانی خەڵک بگرێت، دیسان بە ئاگرو ئاسن کەوتۆتە گیانی ناڕازیبووان و تا ئێستا چەندین هاووڵاتی گیانیان لەدەستداوە و بە سەدان گیراون.
ئەو ڕاپەڕینەی خەڵکی ئێران لەم چەند ڕۆژانەدا دەستیان پێکردووە، شتێکی سادە ڕووکەش نییە، ڕەگی ئەو تووڕەبوون و ناڕەزایەتیانە قووڵن، ئەو دروشمانەی بەرزئەکرێنەوە جەربەزەیی و جەسارەتیان پێوە دیارە، فراوانبوونی ڕاپەڕین و بەشداریی خەڵک ڕۆژ لە دوای ڕۆژ لە زیادبووندایە، ئەمە بە تەواوی ڕاپەڕینە دژی ڕژێمی نادادپەروەر و داپڵۆسێنەری ئیسلامیی ئێران.
لە جووڵەی ئەم ڕۆژانەدا بە ڕوونی دیارە کە گەلی ڕۆژهەڵاتی کوردستان چەند ناڕازییە و چەند تینووی ئازادییە، شارە گەورە و سەربڵندەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان وەک کرماشان و سنە نموونەی زیندووی ئەو ڕاستییەن، ئەم ڕاپەڕینە بزووتنەوەیەکی دیموکراسی و ڕەوایە دژی ڕژێمی کۆنەپەرست و دیکتاتۆری ئیسلامی ئێران، ئاماژەکان ئەوە پیشان ئەدەن کە ئەم هەڵمەتە هەڵمەتی گەورەتر بەدوای خۆیدا ئەهێنێت و ئیتر ڕژێمی ئێران ناتوانی بەو شێوازە بەردەوام بێت، پێویستە هەر لەسەرەتاوە گەلی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و تەواوی ئێران بە وردی و شارەزاییەوە ئەم ڕاپەڕینە بخوێننەوەو بەو پێیە هەڵوێستی خۆیان دیار بکەن، ئەگەر ئەم ڕاپەڕینە نەبێتە گەرداوێک لە دژی ڕژێم، ڕەنگە ڕژێم بتوانێ بە فێڵ و تەلەکە لە لایەک و، لە لایەکی ترەوە بە زەبروزەنگ دایبمرکێنێتەوە و خۆی لەو قەیرانی دەسەڵاتە دەرباز بکات، هەربۆیە پێویستە گەلی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و تەواوی خەڵکی ئێران و دۆستانیان، پێکەوە هاوکار بن تا بتوانن بە هەماهەنگی لەبەرامبەر هێرشەکانی ڕژێمدا بوەستن و ئەنجام بەدەست بێنن.
ئێمە وەک #کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان# ڕاپەڕینی خەڵکی ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان ڕەوا و دروست ئەبینین و پشتیوانی لێئەکەین، پێویستە خوازیارانی دیموکراسی و ئازادی هەر لە ڕۆژهەڵاتی کوردستانەوە تا سەرانسەری ئێران دەستی یەکتر بگرن، لە زووترین دەرفەتدا ڕێکەوتنێکی بەهێز پێکبێنن و ببنە ئەڵتەرنایڤ و ڕابەرییکردنی ناڕەزایەتییەکانی خەڵک.
کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان خوازیارە کە هێزەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، ئەم قۆناغە گرنگە زۆر بە باشی هەڵسەنگێنن، کاتی خۆیان بەفیڕۆ نەدەن و دەمودەست پێکەوە بەرنامەیەکی هاوبەشی داخوازییەکانی خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان ئامادە بکەن، پێویستە گەلی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ڕابەرە سیاسییەکانی ئەو پارچەیە، سەرەتا ناو ماڵی خۆیان ڕێکبخەن و تەیار بن، تاکو بتوانن لەگەڵ بەرپرسان و گەلانی تری ئێران، لەسەر بەرنامەیەکی دیموکراسی بۆ تەواوی ئێران ڕێکبکەون، ئەگەر ئەم ڕاپەڕینەی خەڵکی ئێران بتوانێت لە زووترین دەرفەتدا، لەسەر بنەمای بەرنامەیەکی دیموکراسی و دادپەروەریی ڕێکبخرێت، ئەوا ئەتوانێ گۆڕانکارییەکی گەورە لە دۆخی ئێراندا بکات، پەیامی خەڵک لەم ڕاپەڕینەدا ڕوون ئاشکرا داوای گۆڕانکاریی بنەڕەتیی ئەکات، داوای ئازادی و دیموکراسی و دادپەروەریی کۆمەلایەتی ئەکات، زۆر گرنگە ڕێبەرانی سیاسیی ڕۆژهەڵاتی کوردستان وئۆپۆزیسیۆنی ئێران ئەم ڕاستییە بە باشی بزانن و کاری پێبکەن.
گەلی ڕۆژهەڵاتی کوردستان هەروەک خەڵکی تری ئێران هەمان ئەو داخوازییە ڕەوایانەی هەیە، نان و ئازادی یان ئازادی و نان، ئیدی هاوتەریبی یەکترن و بوون بە درووشمی گۆڕانکاریی لە ئێران، لە پشت ئەم دروشمی داخوازیی گۆڕانەوە، پێویستە هەرچی زووتر ڕێککەوتنێکی بەرفراوان بێتەدی.
سەرکەوتن بۆ گەلی ئێمە لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و تەواوی خەڵکی ئازادیخوازی ئێران.
#02-01-2018#