ڕۆژنیوز - #ڕۆزە محەمەد#
داهاتی ساڵی 2017ی بەڕێوەبەرایەتی هاتووچۆی پارێزگای #سلێمانی#، بە بەراورد بە داهاتی ساڵی 2016 زیادیکردووە.
بەڕێوەبەرایەتی هاتوچۆی پارێزگای سلێمانی، لە ناو بینای بەرێوەبەرایەتییەکەیان کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنووسیان بۆ کاروان محەمەد وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتییەکە سازکرد، بە مەبەستی خستنەڕووی ئاماری داهات و ڕووداوەکانی هاتوچۆ و ژمارەی قوربانیان و کار و چالاکییەکانی بەرێوەبەرایەتیەکە لە ساڵی 2017دا.
کاروان محەمەد، لە کۆنگرەکەدا، وتی:داهاتی بەڕێوەبەرایەتی هاتوچۆ لە ساڵی 2016 48 ملیار و 467 ملیۆن و 509 هەزار دینار بووە، خەرجییەکانیش لە 32 ملیار و 271 ملیۆن و 592 هەزار دینار بووە، داهاتی ساڵی 2017ش بریتی بووە لە 82 ملیار و 890 ملیۆن و 629 هەزار دینار، بەڵام خەرجییەکانیشی بریتی بووە لە 40 ملیار و 794 ملیۆن و 753 هەزار دینار.
کاروان محەمەد وتیشی:داهاتی کامێراکانی چاودێری لە 2017 بریتی بووە لە 28 ملیار دینار.
باسی لەوەشکرد:مۆڵەتی شۆفێری لە ساڵی 2016 بریتیە لە 28هەزار و 120 مۆڵەت، لە ساڵی 2017 مۆڵەت بریتی بووە لە 19 هەزار و 936 مۆڵەت کە 4 هەزار و 42 مۆڵەتی ژنان بووە.
ئەوەشی خستەڕوو:لە 2016 دا 206 کەس بەهۆی ڕوداوی هاتووچۆوە گیانیان لەدەستدابوو، لە 2017دا 218 کەس گیانیان لەدەستداوە، کە 141 کەسیان دەستبەجێ گیانیان لەدەستداوەو 77کەسیان دوای گەیشتنیان بە نەخۆشخانەکان گیانیان لەدەستداوە، هەروەها لەو 218 کەسەش تەنها 13 کەسیان شۆفێر بووەو ئەو کەسانی دیکە سەرنشین یاخود پیادەڕەو بووە.
باسی لەوەشکرد: زۆرترینی ئەو کەسانەی گیانیان لەدەستاوە لەسەر ڕێگاوبانەکانی دەرەوەی شار بووە، کە هۆکاری سەرەکی ڕوداوەکان تیژڕەوی بووەو دواتر بێئاگایی و کەمتەرخەمی و مەینۆشی و لاساری لێخوڕین و چەند هۆکاری دیکە بووە.
ئەوەشی ڕاگەیاند:لە 2016دا، دوو هەزار و 808 کەس بریندارببوون، لە ساڵی 2017دا 3 هەزار و 193 کەس برینداربوون.[1]
#03-01-2018#