ڕۆژنیوز - جیهاد هەورامی
چالاکوانێکی بواری ژینگە و جوگرافیاناس کاریگەرییەکانی دروستکردنی بەنداوی دارایان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و گرتنەوەی ئاوی ڕووباری #سیروان# دەخاتەڕوو و ئەوە ئاشکرا دەکات کە جگە لە لەدەستدانی 3200 هێکتار کە دەکاتە 12800 دۆنم، لەزەوییە بەراوە کشتوکاڵییەکانی #هەڵەبجە# و #شارەزوور#، پێشبینیش دەکرێت کە لە چەند ساڵی داهاتوو بەنداوی دەربەندیخانیش وشک بکات.
بەنداوی داریان، دەکەوێتە گوندی داریان-ی سەر بە شارۆچکەی پاوە، کە لەسەر ڕووباری سیروان بە بەرزی 169 مەتر لەساڵی 2010 دەست بە دروستکردنی کراوە و پێشبینی دەکرێت ئەمساڵ تەواو بکرێت کەتوانای گلدانەوەی ئاوی بۆ316300000 مەتر سێ جا هەیە و بەهۆیەوە چەندین زیانی ئابوری و کشتوکاڵی و ژینگەیی لە ناوچەکانی نزیک بەنداوەکە لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و بەدرێژایی ئاوەکە تا قوڵایی ناوخاکی باشوری کوردستان دەگەیەنێت.
ڕێباز لوقمان، مامۆستای بەشی جوگرافیا لە کۆلێژی زانستە مرۆڤایەتییەکانی زانکۆی هەڵەبجە، کە هاوکات چالاکوانی ژینگەشە، بە ڕۆژنیوزی وت:یەکێک لەمەترسییەکانی ئەم بەنداوە ئەوەیە کە 9 کم خوارتر لەو بەنداوە، ئێران هەستاوە بە دروستکردنی چەند کەناڵێک بەناوی کەناڵەکانی نەوزاد کە دەبێتە هۆی گۆڕینی ڕێڕەوی ئاوەکە بۆ دەشتەکانی باشور و خۆرئاوای وڵاتەکەی خۆی، بۆیە کاتێک لە 24/11/2015 بەشێوەی ئەزموونی ڕوباری سیروان دەگیرێتەوە بۆ تاقی کردنەوەی بەنداوەکە، بڕی ئاوی هاتوو بۆ پارێزگای هەڵەبجە 0،5 مەتر سێجا لەچرکەیەکدا بوە و دوای هەفتەیەک لەوە ئاوەکە بەردەدرێتەوە بڕی هاتووەکە بۆ 2،4 مەتر سێ جا لەچرکەیەکدا بووە، بۆیە گرتنەوەی ئاوەکە لەهەرحاڵەتێکدا گەورەترین مەترسییە بۆ سەر هەرێمی کوردستان.
ڕێباز وتیشی:پڕۆژەی ئاوی خواردنەوەی هەڵەبجە کە لەناو ئاوی ڕوباری سیروان بنیاتنراوە، بە بڕی 173 ملیۆن دۆلار لەلایەن کۆمپانیای جایکای یابانی، بەهۆی گرتنەوەی ئاوی سیروان ئەم پڕۆژەیەش هەرەس دەهێنێت و لە خوارتریشەوە کە بەنداوی دەربەندیخان هەیە کە لە 75%ی ئاوی ئەو بەنداوە لە ئاوی ڕووباری سیروان دابین دەکرێت و بەگرتنەوەی ئاوەکە، ئەو ڕێژەیە لەئاوی بەنداوەکە کەم دەکات بەپێی چەند توێژینەوەیەکی ڕێکخراوە ژینگەییەکانی عێراق پێشبینی دەکرێت لەساڵانی داهاتوو ئەم بەنداوە وشک ببێت و دەوروبەری بەنداوەکە دەبێتە زۆنگاو و زەلکاو و کارەساتی مرۆیی و ژینگەیی لێ دەکەوێتەوە.
ئەو مامۆستایەی بەشی جوگرافیا، زیاتر باسی لە زیانەکان کرد کە بەشێکی زۆری زەوییە کشتوکاڵییەکان بێ ئاو دەبن و وشک دەکەن، پێشبینیش دەکرێت 3200 هێکتار زەوی کە دەکاتە 12800 دۆنم زەوی بەراوی کشتوکاڵی لە هەڵەبجە و شارەزوور ڕووبەڕەوی لەدەستدان دەبنەوە، جگەلەوەش ڕاوەماسی کە پیشەی ژمارەیەک لەدانیشتوانی ناوچەکەیە بەهۆی وشکبوونی ئاوەکە، لەدەستی دەچێت.
ئەو چالاکوانە باسی لەزیانەکانی دروست کردنی ئەو بەنداوە کرد لەسەر هەورامانی دیوی ڕۆژهەڵاتی کوردستانیش کرد کە وەک کارتێکی فشار و لەدژی بزووتنەوە ڕزگاریخوازەکانی کورد لەو ناوچەیە بەکاردەهێنێت و دەشڵێت: ئەم پڕۆژەیە هاوشێوەی پڕۆژەی گاپ-ی دەوڵەتی تورکە دژ بە بزوتنەوەی ڕزگاریخوازی کوردەکان، بەتایبەت پەکەکە، بۆ گرتنەوەی ئاوی ڕووباری فورات بۆ ناو سوریا و ڕاگرتنی چالاکییەکانی ئەو پارتە لەو دوو وڵاتە، ئێرانیش دەیەوێ ئەو کارە دژی پارتەکانی ڕۆژهەڵات ئەنجام بدات و داوا لە حکومەتی هەرێم دەکات بۆ ڕێگرییکردن لەو کارەی حکومەتی ئێران.[1]
#04-01-2018#