ساڵانێکی درێژە کە کۆماری ئیسلامی، ژیان و مەعیشیەتی خەڵکی ئێران کردووەتە ئامانجی پێکان و سەرەڕای ئەوە لە ماوەی چوار دەیە دەسەڵاتی خۆیدا، لە هیچ یەک لە بوارەکاندا نەیتوانیوە پێوەرەکانی گەشەکردنیان پەرە پێ بدات.
لە ماوەی شەش مانگی ڕابردوودا، بەم لاوە کە خەڵکی وەزاڵەهاتووی ئێران و کوردستان، بۆ پێڕاگەیشتن بە کەمترین داواکارییەکانی خۆیان هاتوونەتە سەر شەقامەکان، نە تەنیا هیچ وڵامێکی ڕوونیان وەرنەگرتووە، بەڵکوو لە حەوتووی ڕابردوودا، هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیم دەستیان بە تەقە کردن لە خەڵک کرد و ژمارەیەک هاووڵاتیی کوژران و ژمارەیەکی زۆر لە خەڵکی ناڕازییان دەسبەسەر کردووە.
بێگومان داواکارییەکانی خەڵک بۆ لە ژێرپێ نانی لانیکەم مافی مرۆیی ئەوان لە لایەن ڕێژیمەوە، سەرەتای داواکارییەکانی ئەوانە، بەڵام بەداخەوە ڕێژیمی توتالێتر کۆماری ئیسلامی، نە تەنیا بەو داواکارییانە وڵامێکی نەداوەتەوە، بەڵکوو بۆ بەربەرەکانێ لەگەڵ ئەو داواکارییە زمانی چەک و سەرکوتی هەڵبژاردووە.
کمپین خیزش زاگرس بە ئامانجی گوشار خستنە سەر کۆماری ئیسلامی و بۆ دابین کردنی داواکاری وەدی هاتنی داواکارییەکان و هەروەها بۆ بەرگریی لە مافی ناڕەزایەتی ڕەوای خەڵک لە هەمبەر هێزە سەرکوتکەرەکان، یەکەمین ڕێکارەکانی خۆی بۆ خەباتی مەدەنی پێشنیار دەکات، هەتا خەڵکی وەزاڵەهاتوو بتوانن لەو ڕێگایەوە، داواکارییەکانی خۆیان بە گوێ جیهان بگەینن، لە هیچ هەوڵێک دەریغی نەکەن، هەتا گەیشتن بە ئامانجەکانی خۆیان.
ڕێکارە پێشنیار کراوەکانی ئەو کەمپەینە:
1- دانیشتوانی شارەکان و گوندەکان لە ئێوارە، بە دەستەوە گرتنی نانێک بە نیشانەی خرابی باری ژیان و گوزەرانی ئابووری و مافی پێشێلکراو، وەکوو دەسکورتی و هەژاری.
2- ژنان، پیاوان و لاوان، زەنگی موبایلکەی خۆیان بگۆڕن بۆ سروودی نەتەوەی و بە بیانووی جۆراوجۆر زەنگ بۆ یەکتر لێ بدەن.
3- داوا لە لاوان دەکرێت، کە داواکارییەکانی خۆیان لە ئاستی جۆراوجۆری سیاسی، کۆمەڵایەتی، فەرهەنگی، ئابووری و شوناسی، بە دیوارنووسی بە ڕەنگی شین، گشتگیر بکەن.
4- داوا لە شاعێران و هونەرمەندان دەکرێت، بە خوڵقاندنی بەرهەمی ئەدەبی و هونەری لە پەیوەندیی لەگەڵ داواکاری گشتیی خەڵک، پشتیوانی لە خەڵک زوڵملێکراوی ئێران بکەن.
5- داوا لە لاوانی کوردستان دەکرێت، بە هەڵگرتنی ئیسپری بە ڕەنگی شین، دیوار و ئیدارات و شوێنەکانی ئیتلاعاتی، ئەمنییەتی و ئینتزامیی ڕەنگڕیژی بکەن.
6- داوا لە خەڵک دەکرێت، لە نەواری شین وەکوو هێمای بزووتنەوەی ئازادیخوازی، لە شوێنە گشتییەکان، ماڵەکان، شەقامەکان و ماشینەکان کەڵک وەربگرن.
کۆمیتەی هاوئاهەنگیی بەربەرەکانێی مەدەنی
#04-01-2018#