دواڕۆژ، عەلی حەمەسەعید
وتەبێژی پۆلیسی پارێزگای #هەڵەبجە# ئەمڕۆ 4ی کانونی دووەمی 2018 لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ئاماری کوشتن و کێشەکانی سنووری پارێزگاکەی بۆ دەزگاکانی ڕاگەیاندن خستەڕوو کە بەگوێرەی ئامارەکە 58 حاڵەتی هێرشکردنە سەر فەرمانبەران تۆمارکراون.
لەکۆنگرە ڕۆژنامەوانییەکەدا ڕائید بەرزان عوسمان، وتەبێژی پۆلیسی پارێزگای هەڵەبجە ئەوەی خستەڕوو، لەساڵی 2017 کۆی گشتی کێشەکان، دوو هەزار و 138 حاڵەت لەجۆراوجۆری وەک (توندوتیژی دژ بەژنان، کوشتن، دزیکردن، ڕووداوی هاتوچۆ، بێ مۆڵەتی شۆفێری، سکاڵا لەسەر ڕۆژنامەنوسان، خراپ بەکارهێنانی ئامێری پەیوەندی، لێدان بەئەنقەست، چەکی بێ مۆڵەت و هاوسەرگیری لەدەرەوەی دادگا) هاوکات 58 حاڵەتی هێرشکردنە سەر فەرمانبەران تۆمارکراون.
ئاماژەی بەوەشکرد، هەر لە ساڵی ڕابردوودا هەشت حاڵەتی کوشتن تۆمارکراون کە چوار حاڵەتیان کوشتنی بە ئەنقەست بووە کە دوان لە کوژراوەکان ژنن، هاوکات 13 حاڵەتی هەوڵی کوشتن و 57 حاڵەتی هەڕەشەکردن تۆمارکراون، هەروەها بەراورد بە ساڵی 2016 حاڵەتەکانی تۆمارکردنی کێشە و گرفتەکان زۆر زیادیانکردووە بەجۆرێک لە ساڵی 2016دا هەزار و 563 کێشە تۆمارکرابوون، بەڵام لەمساڵدا دوو هەزار و 137 حەڵەتی جۆراو جۆر تۆمارکراون.
وتەبێژەکەی بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای هەڵەبجە ئەوەشی وت بەهۆی تۆمارکردنی کێشە و سکاڵاکانەوە توانیومانە لە ساڵی ڕابردوودا 598 تۆمەتبار دەستگیربکەین کە 14یان ژنن، هاوکات هەر لە ساڵی ڕابردووشدا توانیمان هێڵی 104 بکەینەوە لەگەڵ ئەوەشدا لەپلانی کارکردنی ئەمساڵماندا پێویستمان بەچەند بەشێک هەیە، بیانکەینەوە وەک (نەهێشتنی تاوان، نەوجەوانان، بنکەی پۆلیسی زانکۆ، پۆلیسی پاسەوانییەکان و گرتن و گواستنەوە)بکەینەوە.[1]
#04-01-2018#