دواڕۆژ، نوسینگەی هەولێر
بەپێی ڕاپۆرتێکی بانکی نێودەوڵەتی ژمارەی موچەخۆرانی فیعلی لە کەرتی حکومی هەرێمی کوردستان (501) هەزار و (627) موچەخۆره و 53٪ی هەموو هێزی کاری هەرێمی کوردستان پێکدەهێنن.
هەر بەپێی ئه و داتاو ئامارانەی دەست دواڕۆژ کەوتووە، لە ڕاپۆرتێکی بانکی نێودەوڵەتیدا ژمارەی موچەخۆرانی دامەزراو (هەمیشەیی) لە 52% تێکڕای موچەخۆرانی هەرێمن لە بەرامبەردا ژمارەی خانەنشینان 220 هەزار و ژمارەی فەرمانبەرانی گرێبەستیش (24) هەزار و 898 فەرمانبەرن و زیاتر لە 420 هەزارو 872 هەزار کەسیش موچە لە چاودێری کۆمەڵایەتی وەردەگرن، بەمەش موچەخۆرانی هەرێم بە نزیکەی 53٪ی هەموو هێزی کاری هەرێمی کوردستان پێکدەهێنن.
بەپێی داتاکانی بانکی نێودەوڵەتی، لەماوەی ساڵی 2007 بۆ 2014، ڕێژەی موچەخۆرە حکومییەکان لە 42٪ی کۆی هێزی کار بووە، بەڵام ئه و ڕێژەیە بەرزبۆتەوە بۆ 53٪.
هەرچەندە ڕاپۆرتەکەی بانکی نێودەوڵەتی، ئاماژەی بەوەکردووە، کە نازانن ئەم ژمارانە تا چەند دروستن، چونکە داتاکانیان لە حکومەتی هەرێم وەرگرتووە، کەموکوڕی زۆری تێدایە و سەرۆکی حکومەت و جێگرەکەی خۆیان دانیان بەوەداناوە.
لە ڕاپۆرتەکەدا، ئەوەشخراوەتەڕوو کە ژمارەی موچەخۆران و فەرمانبەرانی هەرێم، سەرباری سیستمی بایۆمەتری کێشەی گەورەی تێدایە و مووچەی یەک مانگی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستانیش زیاتر لە (873) ملیار دینارە، ئەمەش بەپێی ستانداردە جیهانییەکان لە 50% زیاترە.[1]
#06-01-2018#