#تەڤگەری ئازادیی ژنانی ئێزدی - تاژێ#، ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوەو ئاشکرایکرد، کە هێزەکانی سوریای دیموکرات و هێزەکانی هاوپەیمانانی نێودەوڵەتی تا ئێستا 500 ژن و منداڵی ئێزدییان لە چنگی چەتەکانی داعش ڕزگارکردووە.
ئەمڕۆ تاژێ بە بڵاوکردنەوەی ڕاگەیەندراوێک ئاماری ئەو ژنە ومنداڵە ئێزدییە ڕزگارکراوانەی بڵاوکردەوە کە لە کاتی فەرمانەکەی سەر شەنگال لەلایەن چەتەکانی داعشەوە بەدیل گیرابوون.
تاژێ ڕایگەیاند: لە ئەنجامی ئۆپەراسیۆنەکانی هێزەکانی سوریای دیموکرت لە دژی داعش لە باکوری سوریادا و بەتایبەتی لە ڕەقە و دێرەزۆر، نزیکەی 500 ژن و منداڵی ئێزدی لە چنگی چەتەکانی داعش ڕزگارکراون، کە دواتر دەستەی ژنانی ڕۆژئاوا ئەو ڕزگارکراوانەیان ڕادەستی خانەوادەکانیان کردوونەتەوە، ئێمەش وەک تاژێ پشتگیریی ئەو ژن و منداڵانە دەکەین و تا ئێستاش هاوکاری پێویستمان داونەتێ.
تاژێ ڕاشیگەیاند: ڕزگارکراوانمان ڕادەستی خانەوادەکانیان کردووە، وە ئەو منداڵانەی خانەوادەکانیان نەماون لەلایەن دەستەی ژنانی ڕۆژئاوا وە هاوکاری و پشتگیرییان کراوە.
لە بەردەوامیدا ئاماژە دراوە: ناسنامەی هەمو ڕزگارکراوان تۆمارکراوە و ئێستا لە دەستی ئێمەدایە، ئێمە ئەو ئەرشیڤەمان بە ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان ڕاگەیاندووە، بەڵام تا ئێستا هیچ ڕێکخراوێکی نێودەوڵەتی هیچ هەڵوێستێکی پیشاندا نەداوە.
هۆشداریشیداوە: هەندێک لە سەر ئەو باوەڕەن کە منداڵە ڕزگارکراوەکان بنێردرێن بۆ ئەوروپا، ئێمە لەگەڵ ئەو بۆچوونە نین و پێمانوایە کە هاوکاری و پشتگیریی گونجاو لە سەر خاک و لە ناو کۆمەڵگای خۆیاندا لەو منداڵانە دەکرێت.[1]
#10-01-2018#