ڕۆژنیوز - #ڕۆزە محەمەد#
بەڕێوەبەری گشتی دەزگای تەندروستی پێشمەرگە ڕایدەگەیەنێت، بڕی بودجەی پێویست بۆ دەزگاکە تەرخان نەکراوە و لە 2017دا بڕی 24٪ بودجەیان بۆ دابینکراوە.
پێش نیوەڕۆی ئەمڕۆ، شەماڵ جەبار یاوەر، بەڕێوەبەری گشتی دەزگای تەندروستی پێشمەرگە لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنووسیدا، ئاماری کار و چالاکیەکانی ساڵی 2017ی دەزگاکەی ڕاگەیاند.
د. شەماڵ، لە کۆنگرەکەدا وتی: کۆی ژمارەی نەخۆش زیاتر لە یەک ملیۆن نەخۆش بووە، 498 نەشتەرگەری تایبەت ئەنجامدراوە.
ئاماژەی بەوەشدا: بە پێی لیژنەیەکی هاوبەشی نێوان #وەزارەتی پێشمەرگە# و دەزگای تەندروستی پێشمەرگە پێداچوونەوە بۆ دۆسیەی زیاتر لە 9000 پێشمەرگەی کەمئەندامی سەنگەر کراوە و بەردەوام دەبێت تا پێداچوونەوەی تەواوەتی بۆ دۆسیەی گشت پێشمەرلە کەمئەندامەکانی سەنگەر دەکرێت.
سەبارەت بە شەهیدان و برینداران، ناوبراو وتی: شەهیدبوونی چوار لە کارمەندانمان و برینداربوونی شەش کارمەندمان، لە ئەنجامی شەڕی دەستەویەخە، وە سێ ئەمبوڵانسمان تەقێندراوەتەوە، ئەمانە لە جەنگ دژ بە چەتەکانی داعش.
سەبارەت بە مووچەی پزیشک و کارمەندانی دەزگاکە وتی: پزیشک و کارمەندانی دەزگاکە لە2017 دا تەنها مووچەی 8 مانگیان وەرگرتووە و لە 92 ڕۆژدا واتە سێ مانگ زیاترە کە هیچ پزیشک و کارمەندێک مووچەیان وەرنەگرتووە.
دکتۆر شەماڵ لە وەڵامی پرسیارێکی ڕۆژنیوز سەبارەت بە بڕی بودجەی پێویست بۆ دەزگای تەندروستی چەندە، وتی: لە ساڵی 2013 بڕی بودجە 100٪ بوو لە 2016 کەمکرایەوە بۆ 30٪ وە لە 2017 بوو بە 24٪، بەڵام لە 2018 هەتا ئێستا هیچ بودجەیەک نەهاتووە، بەداخەوە ئەو بودجەیەی کە بۆ دەزگای تەندروستی دابینکرابوو بەشی یەک نەخۆشخانەیە نەک دەزگایەکی گەورەی وەک دەزگای تەندروستی.
شەماڵ جەبار یاوەر، ئاماژەی بەوەشدا: ئەو کارانەی کردوومانە لە ساڵی 2017 بریتی بووە لە دروستکردنی:
1 – بەشی فێرکاری نەخۆشخانەی گشتی شۆڕش.
2 -دروستکردنی گەورەترین نەخۆشخانەی فریاکەوتن لە سنوری سەوز.
3 -فراوانکردنی ژمارەی تیمەکان.
4 -کردنەوەی هەردوو بەشی چاودێری ورد و کردنەوەی دەوامی پاش نیوەڕۆیان لە گشت نەخۆشخانەکانی سەر بە دەزگای تەندروستی پێشمەرگە.
5 -هەریەکە لە بەشەکانی مێشک و دەمار و شیکارییە شێرپەنجەییەکان بوون بە سەنتەری خوێندنی بۆرد، دکتۆرا لە بۆردی کوردستانی.
شایانی باسە، لە ئێستادا ئەم دەزگایە خاوەنی 14 نەخۆشخانەوسەنتەری پزیشکی و تاقیگەی پێشکەوتوو و چەندین تیمی پزیشکیە لەبەرەکانی جەنگ، دەزگای تەندروستی کورتکراوەی نەخۆشخانەکانی شۆڕشە لە ناوچە جیاجیاکانی هەرێمی.[1]
#11-01-2018#