ڕۆژنیوز - #قەرەچوغ ئەنوەر#
سەندیکای ڕۆژنامەنووسانی کوردستان ڕایدەگەیەنێت کە لە ساڵی 2017دا، پێشێلکارییەکان بەرامبەر ڕۆژنامەنووسان سێ هێندە زیادی کردووە، ئاشکراشی کرد کە لە ساڵی ڕابردوودا 137 جار مافی ڕۆژنامەنووسان و دەزگاکانی ڕاگەیاندن پێشێلکراوە.
لیژنەی داکۆکی لەمافی ڕۆژنامەنووسانی سەر بە سەندیکای ڕۆژنامەنووسانی کوردستان، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا دوایین ڕاپۆرتی خۆی سەبارەت بەپێشێلکارییەکانی مافی دەزگا ڕاگەیاندنەکان و ڕۆژنامەنووسان لەساڵی 2017 بڵاوکردەوە، ئاشکراشی کرد کە بەپێی ئامارەکەی لێژنەی داکۆکیکردن لە مافی ڕۆژنامەنووسان و ڕادەربڕین، پێشێلکارییەکانی دژی ڕۆژنامەنوسان، نزیکەی سێ هێندەی ساڵی 2016 زیادی کردووە.
خۆشناو جەمیل، ئەندامی لیژنەی داکۆکی لەمافی ڕۆژنامەنووسان ڕایگەیاند: کێشە و ململانێ سیاسییەکان کاریگەری هەبووە لەسەر زیادبوونی پێشێلکارییەکان بەرامبەر ڕۆژنامەنووسان، لەساڵی 2017 یاسای ژمارە 35 وەکو خۆی جێبەجێ نەکراوە و پێشێلکاریی زۆر کراوە بەرامبەر بەرۆژنامەنووسان.
سەبارەت بە ئاماری پێشێلکارییەکان وتی: لە 1ی 1ی 2017 تاوەکو 31ی 12ی 2017، 3 حاڵەتی تیرۆر بەرامبەر 4 ڕۆژنامەنووس تۆمارکراوە، خۆکوشتن 1 حالەت بووە، شەهید بوون 2 حالەت، داخستنی میدیا 5 حاڵەت بەرامبەر 13 دەزگای ڕاگەیاندن کراوە.
وتیشی: 20 جار حاڵەتی گرتن بەرامبەر 30 ڕۆژنامەنووس ڕوویداوە، بریندار بوون 5 حاڵەت تۆمار کراوە بەرامبەر بە 5 ڕۆژنامەنووس، لێدان 25 حاڵەت هەبووە کە بەرامبەر 39 ڕۆژنامەنووس ئەنجام دراوە، ڕێگەنەدان 24 حاڵەت تۆمار کراوە کە بەرامبەر 111 ڕۆژنامەنووس ئەنجام دراوە، هەڕەشە 15 حاڵەت، کە بەرامەبەر 18 ڕۆژنامەنووس ڕوویداوە، سوتاندن بەرامبەر دوو کەناڵ، تالانکردنیش 5 حالەت بەرامبەر 5 دەزگا تۆمار کراوە.
هەروەها باسی لەوەش کرد: کۆی گشتی پێشێلکارییەکان 137 حاڵەت بەرامبەر 230 ڕۆژنامەنووس و دەزگای ڕاگەیاندن تۆمار کراوە، ئەوەش بە بەراورد بە سالی 2016 کە تەنیا 45 حاڵەت بووە، کە بەرامبەر 80 ڕۆژنامەنووس کراوە، زۆر زیادی کردووە و نزیک دەبێتەوە لە سێ هێندە.[1]
#11-01-2018#