#ڕەحمان غەریب#
سکرتێری حزبێک لەناو قەرەباڵەغی میوان و وێنەگران و پاسەوان و فەرمانبەرانی فرۆکەخانه و پەیامنێری کەناڵەکان هەرچۆنێک بوو خۆی گەیاندە ئه و ئۆتۆمبێلەی کاک کۆسرەت دەباتە هۆڵی VIP، سڵاوی لێکرد، ڕەنگە ئه و شانسی لەهەمووان زیاتر بوبێت، ئەوانی تر لەناو ئه و فەوزایە وونبوون.
کەس لە میوانەکان نەیزانیوە لەکام شوێندا بوەستێت تا سڵاوێک بکات و ئامادەبوونی خۆی بچەسپێنێت، هەندێک لەبەردەم هۆڵی VIP زۆرێکیشیان نزیک فرۆکەکە کۆببونەوە، ئەوانی تریش زومی کامێراکان ڕایکێشابوونە ناو دنیای خۆیان.
فرۆکەخانەی سلێمانی لەساتی پێشوازی لە کاک کۆسرەتدا ئەوەندەی لە گەراجی شاری وڵاتێکی دواکەوتوو دەچوو، کاتێک سەرۆک خێڵێک لە شوێنێکی دورەوە دەگەڕێتەوە، ئەوەندە لە فرۆکەخانەی پایتەختی ڕۆشنبیری نەدەچوو. من باسی شوێن دەکەم. ئاخر پێشوازی لە کەسایەتییەکی گشتی، کە هەم پێشتر پۆستی جێگری سەرۆکی هەرێم و هەم ئێستا پۆستی جێگری یەکەمی سکرتێری گشتی حزبێکی تێکۆشەری وەک یەکێتییە، هەم خۆی یەکێکە لە سیمبۆلەکانی خەباتی شاخ، چۆن به و شێوەیە دەبێت.
ئه و مەراسیمی پێشوازییە لانی کەمی ئەتکێتی پێشوازی و پرۆتۆکۆلی تیا نەبوو بەڵکوو نمونەی فەوزایەک بوو بە ناوی مەراسیمی پێشوازی لە فرۆکەخانەی سلێمانی بەڕێوەچوو.
بە هاتنەوەی جێگری سکرتێری گشتی #یەکێتی نیشتمانی کوردستان# کاک کۆسرەت، پاش وەرگرتنی چارەسەر لە دەرەوەی وڵات، دڵی هاوڕێ و هاوسەنگەرانی خۆش کرد، هەم یەکێتی و هەم حکومەت مافی خۆیانە مەراسیمی پێشوازی بۆ ڕێکبخەن، بەڵام مەراسیم بە پرۆتۆکۆل نەک بیدەیتە دەست فەوزا و ناڕێکی.
لام ڕوون نەبوو ڕێکخستنی ئه و مەراسیمە بە کێ سپێردرابوو، مەکتەبی سیاسی یەکێتی؟ ئیدارەی فرۆکەخانە؟ کە هەردوو لایان بەشی پرۆتۆکۆلیان هەیە و زانیاریان لەسەر شێوازی پێشوازی و بەڕێکردنی وەفدە ڕەسمییەکانیان هەیە، بەڵام کە لە تیڤییەوە تەماشای ئه و ڕێوشوێنانە دەکەیت، بۆت ڕووندەبێتەوە تێدەگەیت ئەوەی پێویست بوو پەیڕەوی بکەن لە بواری پرۆتۆکۆلی فەرمی ئامادەبوونی نەبوو.
ئەوەی بڕیاری داوە لەسەر مەراسیمی پێشوازی دەبوو لانی کەم بەرنامەی پێشوازییەکەی ڕێکبخستایە دەبوو لانی کەم ئه و خەڵکەی بە شێوەیەک دابەشبکردایە کە بزانرێت کێن لە مەراسیمی پێشوازییەکە ئامادەن، چونکە مەراسیمی پێشوازی دەبێت بەقەد شکۆ و هەیبەتی کەسی پێشوازی لێکراو بێت، نەک لێی کەمبکاتەوە.
دیمەنێکی تری ناو فرۆکەخانە، نواندنی ئه و لوتفە بوو کە پارێزگاری سلێمانی بۆ کەسی پێشوازیکەری نواند، من نازانم چەندێک لەگەڵ پرۆتۆکۆلدا دێتەوە، بەڵام کە لە گۆشەی کۆمەڵایەتییەوە تەماشای دەکەیت، دیمەنەکە شایەنی ئه و هەموو توانجە نییە. بە تایبەتیش کاتێک پارێزگار ئه و لوتفەی نواند، بەشێکی پێشوازیکەران لە سەرکردایەتی حزبەکەی کاک کۆسرەت، سەرقاڵی ئیستسماری ئه و بۆنەیە بوون بۆ لێدوان لەبارەی سییاسەتی ڕۆژ.
#07-01-2018#