ڕۆژنیوز - هاوکار مستەفا
بە گوێرەی ئامارەکانی پۆلیسی دارستان و ژینگەی #شارەزوور# لە ساڵی ڕابردوودا 138 کەسی سەرپێچیکاری ژینگەیی دەستگیرکراون و ڕووبەڕووی دادگا کراونەتەوە، بەمەش دەردەکەوێت بە بەراورد بە ساڵی 2016 ئامارەکە بەرزبووەتەوە.
ڕائید سەردار ئەحمەد، بەڕێوەبەری پۆلیسی دارستان و ژینگەی شارەزوور ئاماری سەرپێچییە ژینگەییەکانی بۆ ڕۆژنیوز خستە ڕوو، کە بە بەراورد بە ساڵی ڕابردوو تر سەر پێچییە ژینگەییەکان زیادییان کردووە.
سەردار ئەحمەد
بەپێی ئامارەکە، لە ساڵی ڕابردوودا توانیویانە 62 چالاکی جۆراوجۆر ئەنجام بدەن بۆ ڕێگرییکردن لە ئەنجامدانی سەرپێچی و دەستگیرکردنی ئەو کەسانەی، کە بە پێچەوانەی ڕێنماییەکانەوە مامەڵە لەگەڵ ژینگە و سروشتی ناوچەکەدا دەکەن، بەوهۆیشەوە توانیومانە 138 کەسی سەرپێچیکار دەستگیر بکەن و ڕووبەڕووی دادگایان بکەنەوە.
ئامارەکە بە بەراورد بە ساڵی 2016 بەرزبووەتەوە، چونکە لەوساڵەدا نزیکەی 120 کەس دەستگیرکرابوون.
هەر لە ساڵی ڕابردوودا توانیویانە دەستبگرن بەسەر 24 چەکی جۆری تاپڕ و دوو چەکی جۆری بادی و 49 گوللەی تاپڕ، هەروەها دەستیشیان گرتووە بەسەر 17 ئۆتۆمبێلی جۆراوجۆر و دەیان ئامێر و کەرەستەی تایبەت بە بڕینەوەی دار دروخت و ئامێری تایبەت بە جۆرەکانی ڕاووکردن.
لە ئامارەکەدا، ئاماژە بەوەش کراوە، کە دەستیان بەسەر 39 باڵندەی زیندووی کێویدا گرتووە و بەبڕیاری دادوەر بەرەڵاکراون، هاوکات دەستیشیان گرتووە بەسەر 56 باڵندەی کێوی و 139 ماسی ڕاوکراودا و 37 تۆڕی ماسی گرتندا.[1]
#13-01-2018#