دواڕۆژ، #زریان محەمەد#
لەبازاڕەکانی کوردستاندا، لەماوەی یەک مانگدا، نرخی هەرمۆبایلێکی هۆشمەند نزیکەی 90 دۆلار بەرزبۆتەوە بازرگانانی ئەو ئامێرانەش، ڕایدەگەیەنن هۆکارە گرانبوونەکە وەستانی گەشتی ڕاستەخۆی فڕۆکەخانە و زیادبوونی گومرگە.
ڕێبین عبدلرەحمان، بەڕێوەبەری فرۆش لە کۆمپانیای ئەسێ بۆ بازرگانی ئامێرە ئەلیکترۆنییەکان تایبەت بۆ دواڕۆژ وتی لەئێستادا مۆبایل لەبازاڕەکاندا کەمبۆتەووە و هاوردەکردنی قورس بووە، جاران دەمانتوانی بەئاسانی لەڕێگەی فڕۆکەخانەوە ئامێرەکان بێنین، بەڵام ئێستا نییە و گومرگیش لە بەغداوە بەرێژەی 17% زیادیکردووە و ڕێگەی ئاویشی نەماوە.
وتیشی مانگێک لەمەوبەر نرخی مۆبایلێکی ئایفۆنی 8 بە 820 دۆلاربوو، بەڵام ئێستا بە890 دۆلارە، مۆبایلی ئایفۆنی ئێکس، کە بە 1100 دۆلاربوو، ئێستا بە 1220 دۆلارە، گالاکسی نۆت هەشت، بە 730 دۆلاربوو، ئێستا بە 830 دۆلارە، کە بۆ هەر مۆبایلێکی زیاتر لە 90 دۆلار چۆتە سەر نرخەکەی.
ئاماژەی بەوەشدا، لەگەڵ ئەو گۆڕانکاریەی لەنرخدا ڕویداوە بەردەوامیش خواست لەسەر مۆبایلە زیرەکەکان زۆرە و داواکاری لەزیادبوندایە.
بەڕێوەبەری فرۆشی ئەو کۆمپانیایە دەشڵێت لەئێستادا ئێمە ڕێگەی هێنانی ئامێرە ئەلکترۆنییەکانمان گۆڕیوە بۆ ڕێگەی ئاوی بۆ بەندەر عەباس و لەباشماخەوە دەیهێنینە کوردستان و بە ماوەی 20 ڕۆژ دەگاتە دەستمان.
ئەوەشی ڕوونکردەوە، لەئێستادا نرخی مۆبایل لە بەغداش زۆر گرانبووە، بەهۆی زیادبوونی گومرگ و هەندێک جار لێرەوە دەڕوات بۆ ئەوێ، کە پێشتر ئێمە لەوێوە بەهەرزانتر دەستمان دەکەوت.
لەئێستادا هاوڵاتیانی هەرێمی کوردستان گرینگی زۆر بە مۆبایلە هۆشمەندەکان دەدەن و خواستیان زۆرلەسەرە لەگەڵ کەوتنە بازاڕی هەر مۆدێلێکی نوێدا لێرەش داواکاری لەسەری زیاد دەبێت.
بەهۆی بەردەوامی پێشکەوتن لەئامێرە ئەلکترۆنیەکان گۆڕانکاری خێرا لە دیزان و تایبەتمەندی، خواست لەسەر ئەو ئامێرانە زۆرە و لەلایەن بەکارهێنەرانەوە داوادەکرێن.[1]
#15-01-2018#