ڕۆژنیوز - #هاوکار مستەفا#
نوسینگەی بەرەنگاربوونەوەی توندووتیژ دژ بە ژنان لە شارۆچکەی #سەید سادق# ئاماری توندوتیژییەکانی دژ بە ژنان، لە سنووری پارێزگای #هەڵەبجە# و #شارەزوور# و سەیدسادق و #پێنجوێن# بۆ دەزگاکانی ڕاگەیاندن خستەڕوو، کە بەراورد بە 2016 ڕێژەی توندوتیژییەکان بەڕێژەی %13 زیادییان کردووە.
نیوەڕۆی ئەمڕۆ لەکۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنوسیدا لە بینای نوسینگەی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژبەژنان لە شارۆچکەی سەیدسادق، لەلایەن بەرپرسی نوسینگەکەوە ئاماری توندروتیژییەکانی دژ بە ژنان لەماوەی ساڵی ڕابردودا لە سنوورەکە خستەڕوو.
لە کۆنگرە ڕۆژنامەنووسییەکەدا ڕائید بورهان ئەحمەد، بەرپرسی نوسینگەی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژ بە ژنان لە سەیدسادق ئەوەی خستەڕوو: بەدرێژایی ساڵی ڕابردوو لە هەریەکە لە سنوروی پارێزگای هەڵەبجە و شارۆچکەکانی سەیدسادق و پێنجوێن و شارەزوور، 273 حاڵەتی توندوتیژی دژ بە ژنان تۆمارکراون، بەجۆرێک لە شارۆچکەی سەیدسادق زۆرترین و لە شارۆچکەی پێنجوێن-یش کەمترین حاڵەتەکانی توندوتیژی دژ بە ژنان تۆمارکراون.
ڕوونیشیکردەوە: لە سنووری پارێزگای هەڵەبجە 55 حاڵەت و شارۆچکەی سەیدساق 124 حاڵەت و لە شارۆچکەی پێنجوێن 33 حاڵەت و لەشارۆچکەی شارەزوریش 61 حاڵەتی توندوتیژی دژ بە ژنان تۆمارکراون، بەوشێوەیەش شارۆچکەی سەیدسادق لەپلەی یەکەم دێت بۆ ئەنجامدانی زۆرترین توندوتیژی دژ بەژنان، هاوکات زۆرترین حاڵەتەکانی توندوتیژیش لە جۆری لێدان بوون.
لێپرسراوی نوسینگەی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژ بە ژنان لە شارۆچکەی سەیدسادق ئەوەشی وت: لە ساڵی ڕابردوودا حەوت حاڵەتی سوتانی ژنان و تۆمارکراوە، کە دووحاڵەتییان خۆسوتاندن بووە، هەروەها 33 حاڵەتی هەڕەشەکردن و 11 حاڵەتی لێسەندنەوەی منداڵ لە ژنان لەلایەن هاوسەرەکانیانەوە تۆمارکراون، بۆیە بەشێوەیەکی گشتی بە بەراورد بە ساڵی 2016 ڕێژەی توندوتیژییەکان بە ڕێژەی لە%13 زیادییان کردووە.[1]
#16-01-2018#