پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ چوارشەممە 17-1-2018 بە سەرۆکایەتیی بەڕێز #نێچیرڤان بارزانی#، سەرۆک وەزیران و بە ئامادەبوونی بەڕێز #قوباد تاڵەبانی#، جێگری سەرۆک وەزیران، ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان کۆبوووە.
سەرەتا بەڕێز نێچیرڤان بارزانی باسی لە گفتوگۆ تەکنیکییەکانی نێوان هەولێر و بەغدا کرد کە لەلایەن چەند لێژنەیەکی حکوومیی هەرێمی کوردستان و عێراقەوە لەسەر فڕۆکەخانەکان، دەروازە سنوورییەکان، بەنداوەکان، نەوت و مووچەی هەردوو وەزارەتی تەندروستی و پەروەردە دەکرێت و ئه و هەنگاوەی بە ئەرێنی لە قەڵەمی دا، هیوایشی خواست زوو بگەنە چارەسەری کۆتایی بۆ کێشە هەڵپەسێراوەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و حکوومەتی عێراقی فیدراڵ.
بەڕێزیان باسی لە پەیوەندیی تەلەفۆنیی دوو ڕۆژ لەمەوبەری نێوان خۆیان و بەڕێز ڕیکس تیلەرسن وەزیری دەرەوەی ئەمەریکای کرد کە تیایدا گفتوگۆی لیژنە حکوومییەکانی هەرێمی کوردستان و حکوومەتی عێراقی فیدراڵ، پرۆسەی چاکسازی و شەفافیەت لە هەرێمی کوردستان، دۆخی ناوچە جێناکۆکەکان، هەوڵدان بۆ نوێکردنەوەی یارمەتییەکانی ئەمەریکا بۆ پێشمەرگە تاوتوێ کرا و بەڕێز تیلەرسن پشتگیریی ئەمەریکای بۆ هەرێمی کوردستان و حکوومەتێکی بەهێز لە هەرێمی کوردستان دووپاتکردووە.
بەڕێز نێچیرڤان بارزانی هەروەها باسی لە دوا سەردانی خۆیان بۆ ڤاتیکان و کۆبوونەوەیان لەگەڵ قەداسەتی پاپا فرەنسیس کرد و ئاماژەی بەوە دا کە قەداسەتی پاپا پشتگیریی خۆی بۆ هەرێمی کوردستان و پێکەوەژیانی پێکهاتە نەتەوەیی و ئایینییەکانی لە هەرێمی کوردستان دەربڕیوە و ئامادەیی نیشانداوە کە لە نێوەندە نێودەوڵەتییەکاندا هانی چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و حکوومەتی عێراقی فیدراڵ بدات.
ئینجا هەر یەکە لە بەڕێزان مەولوود باوە موراد وەزیری گواستنەوە و گەیاندن بە وەکالەت، #ڕێباز حەملان# وەزیری دارایی و ئابووری، ئاشتی هەورامی وەزیری سەرچاوە سروشتییەکان و کەریم شەنگالی وەزیری ناوخۆ، پوختەیەکیان دەربارەی دیدار و کۆبوونەوەکانی چەند ڕۆژی ڕابردوویان لەگەڵ لیژنە پەیوەندارەکانی حکوومەتی عێراقی فیدراڵ پێشکەشکرد و ڕوونیان کردەوە کە کۆبوونەوەکان لە کەشێکی ئەرێنیدا بەڕێوەچوون و هیواخوازن لە ماوەیەکی نزیکدا، دەرەنجامە ئەرێنییەکانی ئه و دیدار و کۆبوونەوانە دەرکەون و ڕێگە بۆ دەسپێکردنی دانوستان و چارەسەرکردنی هەموو کێشەکانی هەولێر بەغدا خۆش بکەن.
پاشان بەڕێز قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆک وەزیران لە چوارچێوەی پلانی چاکسازیی حکوومەتدا ڕاپۆرتێکی سەبارەت بە پڕۆژەی خزمەت خستەڕوو و ڕایگەیاند حکوومەت دەبێت بە باشترین شێوە خزمەتەکانی خۆی بە هاووڵاتیان بگەیەنێت، بۆیە ئەم پڕۆژەیە حکوومەت له و ڕووەوە ڕێکدەخات و هاووڵاتیانیش باشترین خزمەتیان پێشکەش دەکرێت. ڕوونیشيکردەوە کە ئامانج لە پڕۆژەی خزمەت باشترکردنی ئاستی خزمەتەکان بۆ هاووڵاتیان و کەمکردنەوەی ڕۆتینە لە دامودوزگا حکوومییەکاندا.
بەڕێزیان ئاماژەی بەوەشکرد حکوومەت پێداچوونەوەی بە سەرجەم خزمەتەکاندا کردووە کە ژمارەیان زیاتر لە (442) خزمەتی تایبەت بە هاووڵاتیان و (279) جۆر خزمەتی گشتییە. هەروەها ڕوونیکردەوە کە حکوومەت مەبەستیەتی بەم پڕۆژەیە سیستەمی یەکپەنجەرەیی پەیڕه و بکات بۆ ڕاییکردنی مامەڵەی هاووڵاتیان، بەشێکیش لەم خزمەتانە لە ڕێگەی ئینتەرنێتەوە پێشکەش بکرێن.
پرۆژەکە ئاراستەی وەزارەتەکان کرا بۆ ئەوەی لە ماوەی مانگێکدا لەپێناو دەوڵەمەندکردن و باشترکردنیدا، دید و سەرنج و تێبینیی خۆیان لەسەر بدەن و دوای ئەوەی لە ئەنجومەنی وەزیران پەسەند دەکرێت، بخرێتە بواری جێبەجێکردنەوە.
لە کۆتاییدا بەڕێزان وەزیرانی یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان کە دوێنێ بڕیاری کشانەوەیان لە حکوومەت دا، سوپاس و پێزانینی خۆیان بۆ بەڕێزان سەرۆک وەزیران و جێگری سەرۆک وەزیران و ئەندامانی کابینەی حکوومەت نیشاندا بۆ ئه و ماوەیەی کە پێکەوە کاریان و دووپاتیانکردەوە کە لە ماوەی کارکردنیاندا هەموو پشتگیرییەکی سەرۆکاتیی حکوومەتیان بۆ ڕاپەڕاندنی ئەرک و کارەکانیان هەبووە.
لای خۆیەوە بەڕێز سەرۆک وەزیران، وێڕای سوپاسکردنی وەزیرە بەڕێزەکانی یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان کە کار و ئەرکەکانیان بە باشی ڕاپەڕاندووە، نیگەرانیی خۆی و حکوومەتی بۆ بڕیاری کشانەوە لە حکوومەت نیشاندا و دووپاتی کردەوە کە ئەم بڕیارەی یەکگرتووی ئیسلامی لە کاتێکی گونجاودا نەبووە و لە بەرژوەندیی هەرێمی کوردستان و خۆیاندا نییە.[1]
#17-01-2018#