ئەمساڵ کۆمپانیا گەشتیارییەکان هاوشان لەگەڵ کەرتی گشتی، دەیانەوێت ژمارەی گەشتیاران زیادبکەن، بەگوێرەی ئەو پلانەی کە دایانناوە، دەستەی گشیی #گەشتوگوزار# دەیەوێت جارێکی دیکە کەرتی گەشتیاری لە هەرێمی کوردستان ببوژێننەوە و ژمارەی گەشتیاران بگەیەنێتە بەرزترین ئاست.
نەورۆز مەولوود، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار دەڵێ ئێمە پلانی 2018 دادەڕێژێن، بەڵام بە بانگهێشتکردنی کۆمپانیاکانی کەرتی تایبەت، شارەزایان و مامۆستایانی زانکۆ ئەم کارە دەکەین، ڕای ئەوانیش وەردەگیرێت بەو ئامانجەی بۆ ئەمساڵ ژمارەی گەشتیارانمان بگەیەنینە دوو ملیۆن و 500 هەزار گەشتیار.
ئەمساڵ ڕێژەی 20%ی داهاتی کەرتی گەشتیاری، بۆ پێشخستنی زیاتری ئەو کەرتە خەرجدەکرێتەوە. هەنگاوێکی دیکەش کۆبوونەوەیە لەگەڵ بەغدا، بۆ ئاسانکاری هاتنی گەشتیاران. باجی کۆمپانیا گەشتیارییەکانیش کەمدەکرێنەوە. بەم هەنگاوە وەزارەتی گەشتوگوزار دەیەوێت قەرەبووی زیانی کۆمپانیاکان بکاتەوە.
سیروان سیامەند، خاوەنی کۆمپانیای گەشتیاری دەڵێ ئێمە کاری هێنان و ناردنەدەرەوەی گەشتیاران دەکەین، بەڵام بەهۆی داخستنی بەشێک لە ڕێگاکانی وشکانی و گەشتە ئاسمانییەکان، زیانێکی زۆرمان پێکەوتووە، کە خۆی لەڕێژەی 90% دەدات.
ئەگەر ئەم پلانە جێبەجێ بکرێت، بازاڕەکان کە چەند ساڵێکە بەهۆی نەناردنی بودجە، مووچە و قەیرانی داراییەوە سست بوون، جاریکی دیکە جوڵەیان تێدەکەوێت.
بەپێی داتاکانی دەستەی گشتیی گەشتوگوزار، لە ساڵی 2016دا زیاتر لە ملیۆنێک و 600 هەزار گەشتیار هاتوونەتە هەرێمی کوردستان، بەهۆیەوە داهاتی وەزارەت سێ ملیار و 500 ملیۆن دینار بووە، ساڵی 2017 ڕێژەکە بۆ دوو ملیۆن و 100 هەزار گەشتیار بەرزبووەتەوە، داهاتی گەشتیاریش چوار ملیار و 300 ملیۆن دینار بووە.
ئەگەر پلانەکانی ئەمساڵ جێبەجێ بکرێن، چاوەڕوان دەکرێت ژمارەی گەشتیاران بگاتە دوو ملیۆن و 500 هەزار گەشتیار. داهاتی گەشتیاریش بگاتە سەرووی پێنج ملیار دینار.[1]
#18-01-2018#