دواڕۆژ، عەلی حەمە سەعید
بەڕێوەبەری دارستان و پاوانی هەڵەبجە ئاماژە بەوەدەکات لە کۆی هەزار و 708 دۆنم لە دارستانی دەستکرد و سروشتی درەخت و نەمامی چێنراوی سنوری پارێزگای هەڵەبج زیاتر لە 600 درەختیان بە تەواوەتی وشک بوون و مەترسی وشکبوونی تەواوەتی دارستانەکانیش لە ئارادایە ئەوەش بەهۆی کەمی ڕێژەی باران و بەرزی پلەکانی گەرماوە.
محەمەد مەحمود، بەڕێوەبەری دارستان و پاوانی هەڵەبجە بە دواڕۆژی ڕاگەیاند، لە سنوری بەڕێوەبەرایەتی دارستان و پاوانی پارێزگای هەڵەبجە کە ناحیەکانی خورماڵ و سیروان و بیارە دەگرێتەوە، بەشێوەیەکی گشتی هەزارو 708 دۆنم لە دارستانی سروشتی و دەستکردمان هەیە، بەڵام لەمساڵدا بەهۆی کەمی ڕێژەی باران بارین و هەروەها بەرزی پلەکانی گەرما و بڵاوبونەوەی جۆرە نەخۆشییەکی نەزانراو مەترسییەکی گەورە لەسەر ئەو ڕووبەرە بەرفراوانەی دارستان دروستکردووە لە سنوورەکەدا و ساڵانەش بەهەمان هۆ ژمارەیەکی زۆریان بە تەواوەتی وشک دەبن.
ئەوەشی خستەڕوو، لە ئێستادا 616 درەخت و نەمامی ناو دارستانە سروشتییەکانی سنوری پارێزگای هەڵەبجە بەتەواوەتی وشک بوون، هاوکات بەمەبەستی دۆزینەوەی ڕێگا چارەیەکی بەپەلە داوامان لە بەڕێوەبەرایەتی گشتی کشتوکاڵی هەڵەبجە کردووە لیژنیەکی پسپۆڕ پێکبهێنن بۆ زانینی هۆکاری ڕاستەقینەی ئەم وشک بوونەوە و دۆزینەوەی چارەسەر بۆ ڕێگریکردن لە مەترسی وشک بوونی تەواوەتی دارستانە سروشتیەکانی ناوچەکە.
بەڕێوەبەری دارستن و پاوانی هەڵەبجە ئەوەشی وت: لەگەڵ ئەوەی جۆری خاکە و تۆپۆگرافیای ناوچکە پێدەچێت هۆکاری سەرەکی بن، بەڵام ئەم وشک بوونەی درەختەکان ساڵانە زیاتر لەم کاتانەدا ڕوودەدات و ساڵانی ڕابردووش هەمان دیاردە ڕویدا بەڵام وەک ئەمساڵ ژمارەیەکی زۆر درەخت وشک نەبوون بۆیە ئەگەر چارەسەرێکی بنەڕەتی بۆ ئەم حاڵەتە نەدۆزرێتەوە ئەوا لە چەندساڵی داهاتوودا تەواوی دارستانە سروشتیەکانی ناوچکە بەتەواوی لەناو دەچن.[1]
#18-01-2018#