دواڕۆژ، #عیسا عەبدولقەهار#
#وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزاری# هەرێم ڕایدەگەیەنێت، لە 2017دا زیاتر لە دوو ملیۆن گەشتیار سەردانی هەرێمی کوردستانیان کردووە و ژمارەی گەشتیاران بەراورد بە ساڵی 2016 بەڕێژەی 30% زیادیکردووە، وتەبێژی دەستەی گەشتوگوزاریش دەڵێت پلانێکی ستراتیژی بۆ گەشتیاری بۆ ئەمساڵ پەسەندکرا.
رۆژی چوارشەممە 17ی کانوونی دووەمی 2018، بە ئامادەبوونی وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزاری هەرێم لە هەولێر پلانێکی ستراتیژی بۆ کەرتی گەشتوگوزاری هەرێم لە ساڵی 2018 پەسەندکرا.
لەوبارەیەوە نادر ڕۆستی، وتەبێژی دەستەی گەشتوگوزاری هەرێم بە دواڕۆژی ڕاگەیاند بە مەبەستی بەرزکردنەوەی داهاتی گەشتوگوزار و ژمارەی گەشتیار، پلانێکی بەهێزی گەشتیاری لەلایەن نەورۆز مەولود وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزاری هەرێم پەسەندکراوە.
وتەبێژی دەستەکە ڕونیکردەوە، پلانی 2017ی گەشتیاری هەرێم بەشێوەی گشتی بەسەرکەوتوویی جێبەجێکراوە، بۆیە دەمانەوێت لە ساڵی داهاتوودا ژمارەکە و ڕێژەی گەشتیاران زیاد بکرێت، بە جۆرێک داهاتەکەی بگاتە پێنج ملیار دیناری ساڵانە.
ئاماژەی بەوەشکرد لە ساڵی 2017دا زیاتر لە دوو ملیۆن گەشتیار ڕوویان لە هەرێمی کوردستان کردووە و لە کاتێکدا لەساڵی 2016دا ژمارەی گەشتیار یەک ملیۆن و 700 هەزار گەشتیار بووە، بەوەش ڕێژەی گەشتیاران 30% زیادیکردووە.[1]
#18-01-2018#