دواڕۆژ، #زریان محەمەد#- ڕاپۆرت
لە بازاڕەکانی کوردستاندا، بازاڕی #برنج# بەردەوام لە کێبڕکێدایە، بە چەندین ناو و مارکەی جیاواز و لە وڵاتانی جیاجیا، برنج دەهێنرێتە کوردستان، ئەمەش جیاوازی لە نرخدا دروستکردووە و برنجی کوردیش ناتوانێت کێبڕکێی بکات.
محەمەد عەبدولقادر، بەڕێوەبەری گشتی کارگەی ئاڵدان بۆ بەرهەمهێنانی برنجی ڕوسی بۆ دواڕۆژ وتی ئێمە کارگەکەمان تایبەتە بە کڕەکردنی چەڵتوک، کە لە ڕوسیاوە هاوردەی دەکەین، لێرە کڕەی دەکەین و پاشان دەیخەینە بازاڕەوە.
وتیشی مانگانە 300 تۆن چەڵتوکی خڕ لەڕوسیاوە دەهێنین و 400 تۆن برنجی درێژ دەهێنین و کڕەی دەکەین کە برنجە خڕەکە، هیچ جیاوازییەکی لەگەڵ برنجی کوردی نیە.
جگە لەروسیا، برنج لە وڵاتانی هندستان و ئەمریکا و ئۆرۆگوای و تورکیا و چەند وڵاتێکی دیکەوە دەکرێت بۆ کوردستان هاوردە دەکرێت، لەڕووی نرخەوە ڕکابەری سەرەکی بەرهەمی برنجی کوردیە، کە نەیتوانیوە بازاڕ پڕ بکاتەوە و کێبڕکێ بکات.
یەکێک لە فاکتەرەکانی زۆر بوونی خواست لەسەر برنجی هاوردە، بەتایبەتی برنجی خڕ، هەرزانی و گونجاوی نرخەکەیەتی لەگەڵ ئاستی گوزەرانی خەڵک، کە لەئێستادا بەهۆی قەیرانی دارایی و دواکەوتنی مووچە لە دۆخێکی خراپدایە.
سۆران غەفور، بەڕێوەبەری چاودێری بازرگانی سلێمانی بەدواڕۆژی وت هاوردەکردنی برنج بەەدەوامە و ئەو برنجەی دێتە کوردستانەوە کوالێتییان بەرزە و بەشێوەیەکی تەندروست بەرهەمهێنراون، ئەوەی لەکوردستانیشدا بەرهەمدێت جۆرێکی زۆرباشە، بەڵام نەیتوانیوە کە پێداویستی بازاڕ پڕ بکاتەوە و نرخەکەشی گونجاو بێت لەگەڵ داهاتی خەڵک.
وتیشی برنج لە وڵاتانی هندستان، ڕوسیا، ئۆرۆگوای، کرواتیا، پۆڵەندا، ئوستورالیا، ئەمریکا، تایلەند، ڤێتنام و چەند وڵاتێکی دیکە هاوردەی دەکەین، بەهۆی هەرزانی نرخەکەی و گونجانی لەگەڵ ئاستی گوزەرانی خەڵک، خواستی زۆری لەسەرە.
ئەگەرچی لەئێستادا ئامارێکی دروست سەبارەت هاوردەی برنج بۆ ناو هەرێمی کوردستان لە ساڵی 2017 لەبەردەستدا نییە، بەڵام لەساڵی 2016 تەنیا لە سنورەکانی سلێمانیەوە 60 هەزار تۆن برنج هاوردە کراوە.
سیروان محەمەد، سەرۆکی ژووری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانی بەدواڕۆژی ڕاگەیاند لە بازاڕەکانی هەرێمی کوردستاندا بازرگانی برنج بەشێوەیەکی بەرچاو زیادیکردووە، چەندین کۆمپانیا هەردوو برنجی خڕ و درێژ هاوردە دەکەن و هەردووکیشیان خواستیان لەسەرە.
ڕاشیگەیاند ئەو ئامارەی لای ئێمەیە بە تەنیا لەساڵی 2016 لە سنوری باشماخ و پەروێزخانەوە 60 هەزار تۆن برنج هاتۆتە ناو شاری سلێمانیەوە، پێموایە ئەو ڕێژەیە بۆ ساڵی 2017 زیاتر بووە، بەڵام تائێستا ئەو ئامارەمان بەدەست نەگەیشتووە.
سەرۆکی ژووری بازرگانی ئاماژە بەوەشدەکات، برنجی کوردی تائێستا نەیتوانیوە خواستی بازاڕ پڕبکاتەوە، نرخەکەشی بەرزە، بۆیە برنجی هاوردەکراو بەو شێوەیە مونافەسەی دەکات.
بازاڕەکانی هەرێمی کوردستان چەندین جۆری بەرهەمی برنجی تێدایە، بەڵام برنجی کوردی خواستی زۆری لەسەرە، هەرزانیی نرخی برنجی هاوردەش وایکردووە کێبڕکێی برنجی کوردی بکات، هەروەها برنجی کوردی بڕەکەی بەپێی پێویستی خواستی بازاڕ نییە.[1]
#18-01-2018#