بەهۆی نزیکبوونەوەی بەغدا و #هەولێر# و ئەگەری ناردنی #مووچە# لەلایەن حکومەتی عێراقەوە، نرخی خانووبەرە لە هەرێمی کوردستان گۆڕانکاری بەسەرداهاتووە و لە هەولێر بەڕێژەی 30% بەرزبووەتەوە.
فەرهەنگ قادر، خاوەن نووسینگەی خانووبەرە لەمبارەیەوە دەڵێ هەفتەیەکە بازاڕی خانووبەرە لە هەولێری نوێ جموجوڵێکی باشی هەیە. لە کۆتاییەکانی هەولێری نوێ نرخ لە دوو دەفتەر و 25 گەڵا (22 هەزار و 500)ەوە گەیشتووەتە دوو دەفتەر و هەشتا گەڵا (28 هەزار دۆلار) لە زەوی و خانووەکانی پێشەوەش هەمووی دەفتەرێک (10 هەزار دۆلار)ی هاتووەتە سەر.
بەرزبوونەوەی نرخی زەوی فرۆشیاران و کڕیارانی لە بڕیاردان دوودڵ کردووە، کڕیار و فرۆشیار چاویان لە دەمی خاوەن نووسینگەکانە و نووسینگەکانیش لە شۆکی بەرز و نزمی نرخەکاندان.
عەدنان محەممەد، کڕیارە و دەڵێ ماوەی هەفتەیەکە دەمەوێ زەوییەک بکڕم. هەفتەیەک پێش ئێستا زەویەکم کڕیبوو. ئێستا دەفتەرێک بۆ دەفتەرێک و نیو نرخی بەرزبووەتەوە.
مووچەیەک کە هێشتا نەگەیشتووەتە دەستی فەرمانبەران لە هەرێمی کوردستان، لە یەکەم هەنگاویدا نرخی زەوی بەرزکردەوە، بەمەش ئێستا زەوییەکانی زۆربەی ناوچەکانی هەولێر زیاتر لە دڵخوازی خاوەنەکانیان نرخیان هەڵکشاوە.
کازم سەلام، خاوەن نووسینگەی خانووبەرە لە هەولێر دەڵێ ئەوە هەفتەیەکە جموجوڵ کەوتووەتەوە بازاڕ، نرخ زۆر بەرزبووەتەوە. ماوەی سێ ساڵە بازاڕ هیچ نەبوو. بەڵام ماوەی هەفتەیەکە باش بووە.[1]
#21-01-2018#