#شاسوار هەرشەمی#
(پێشکەشە بە هاوڕێی سەردەمی خوێندنم، بەرهوم (ئیبراهیم عفرینیی)، لە هەر کوێیەک بێت)
عفرين: هەروەها دەشگوترێت عیفرین. بە زاری خەڵکی ناوچەکە، efrîn، ئەفرین. شارێکی کوردنشینە. دەکەوێتە ئەوپەڕی باشوری ڕۆژئاوای کوردستان. شارەکە ناوەندی بەڕێوەبەرایەتی عفرینە، لە باکوری ڕۆژئاوای پارێزگای حەلەب، لە سوریا. شارەکە بە تایبەتیی و ناوچەکەش هەمووی بە گشتیی، شاخاویە. شاخەکانی چیاکرمانج، تۆپۆگرافی ناوچەکەیان وێنا کردووە. عفرین پڕیەتی لە پاشماوە و شوێنەواری کۆن. ناوچەی عفرین، لە دوو لاوە بە سنوری تورکیا دەور دراوە. ژمارەی دانیشتوانی، نزیکەی 100 هەزار کەسێک دەبێت و سەدان گوندیشی لە دەورە. زۆرینەی دانیشوان، بە پێچەوانەی زۆرینەی کوردان، بەڵام وەک زۆرینەی کوردانی دی هاوسنوریان، لە مەڕەش و دەووروبەریی، لە باکور، سوننەی سەر بە مەزهەبی حەنەفین. ژمارەیەک کوردی عەلەویی و ئێزدیشی تێدایە. عفرین، بە بوونی دارستانی چڕی زەیتون ناسراوە. سابونی بەناوبانگی (ڕەقی) یان (حەلەبی)، لای وەستایانی عفرینی دروست دەکرێت.
ناوچەی عفرین، لە سەردەمە زووەکاندا، پێگەیەکی دیاری مانناکان و میتانیەکان بووە. زووتریش هیندۆروپیانی ئەنادۆل، بەتایبەت هیتییەکان، دەستەڵاتداری ناوچەکە بوون.
عفرین، سەرەتا ناوی درێژترین ڕووباری ناوچەکە بووە، کە 139 کیلۆمەتر درێژە و لە باکور تا باشوری ناوچەکە دەبڕێت. سترابۆن، ناوەکەی بە شێوەی Aprie، ئاپریێ تۆمار کردووە. گێزنەفۆن، پێش پەڕینەوەی لە ڕووباری فرات، لە ڕووبارێکی دی پەڕیوەتەوە و ناوی بە شێوەی Chalus، خالوس تۆمار کردووە. بەگوێرەی پێناسەکان، ڕەنگە هەمان ڕووباری عفرین بووبێت. سەرچاوە عارەبیەکان، لە 1086ز، ناوی شارەکەیان بە عفرین تۆمار کردووە. خەڵکی ناوچەکە، زۆر لێکدانەوەی گەلێریی باویان بۆ ناوەکە کردووە.
لە دەقێکی ئاشوریی، کە لە ساڵی 876پ.ز تۆمارکراوە، ناوەکە بە شێوەی Aprê، ئەپڕێ هاتووە. شارەزایان گومان دەکەن، ناوەکە بۆ سەر زمانی لیسیی بگەڕێتەوە، کە شان بەشانی زمانی هیتیی و چەند زمانێکی دی ئەنادۆل، بە کۆنترین زمانی هیندۆروپی دادەندرێن. شێوە داڕێژراوەکەی ناوەکە لەو زمانە بریتیە لە Eple، ئەپلێ. ناوەکە لێدراوە. ap، ئەپ واتا ئاو، ئاڤ. وشەی دووەم، Le، لی، لەوانەیە هەمان re، ڕێ بێت لە کوردیی، یاخود خزمایەتی لەگەڵ وشەی کرمانجی لەهی هەبێت، بەواتای لافاو. بەمجۆرە ناوی شارەکە، لە ناوی ڕووبارەکەوە هاتووە و واتاکەیشی دەبێتە ئاوەڕێ، یان ئاوی لافاو. دیارە بە ئاسانی تێدەگەین کە چۆن Avre، ئاڤڕێ، بۆ عەڤڕێ و عەڤڕێن و عەفرین دەگۆڕێت.[1]
#21-01-2018#