هەر لە چوارچێوەی سەردانەکەیدا ئێوارەی ئەمڕۆ یەکشەممە 21-01-2018 شاندی باڵای هەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتیی بەرێز نێچیرڤان بارزانی سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان، لەگەڵ عەلی لاریجانی سەرۆکی پەرلەمانی کۆماری ئیسلامیی کۆبوونەوە
لە کۆبوونەوەکە لاریجانی دۆستایەتی و پەیوەندییە دێرینەکانی نێوان هەردوو گەلی کوردستان و ئێرانی دووپات کردەوە و نیگەرانیی خۆی بەرامبەر ئه و ڕووداو و بارگرژیانە دەربڕی کە لەم دواییانەدا لەنێوان هەولێر و بەغدا هاتنە ئاراوە، هەروەها هیوای خواست تەواوی کێشە هەڵواسراوەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و حکوومەتی فیدراڵ بە ڕێگەی گفتوگۆ و دیالۆگەوە و لەسەر بنەمای دەستوور چارەسەر بکرێن و مافە دەستوورییەکانی خەڵکی هەرێمی کوردستان و تەواوی پێکهاتەکانی عێراق دابین بکرێن، پشتگیریی وڵاتەکەیشی بۆ ئه و گفتوگۆیانە دەربڕی کە بەم دواییانە لەنێوان هەولێر و بەغدا بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان دەستی پێکردووە.
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا ئاماژەی بە بارودۆخی ئەمنیی ناوچەکە کرد و سەقامگیریی ناوچەکەی دووپات کردەوە، هەروەها هیوای خواست پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و کۆماری ئیسلامیی ئێران لە هەموو بوارەکاندا بەتایبەتی لە بواری ئابووریدا پێشوەچوونی زیاتر بەخۆیانەوە ببینن.
لای خۆیەوە بەڕێز سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان وێڕای داکۆکی لەسەر پەیوەندییە دووقۆڵی و مێژووییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و کۆماری ئیسلامیی ئێران و دۆستایەتیی نێوانیان، دووپاتی کردەوە کە هەرێمی کوردستان هەمیشە فاکتەری سەقامگیری بووە لە ناوچەکەدا و ئەمەش سیاسەتی حکوومەتی هەرێمی کوردستانە و هەر واش دەمێنێتەوە.
دەربارەی پەیوەندییەکانی نێوان هەولێر و بەغداش، بەڕێزیان ئاماژەی بە هەوڵە بەردەوام و جددییەکان بۆ دەستپێکردنی گفتوگۆی نێوان هەردوولا کرد بەمەبەستی چارەسەرکردنی کێشەکان و لەمبارەیەوە ڕۆڵی کۆماری ئیسلامیی ئێرانی لە فراوانکردن و سەرخستنی گفتوگۆکان بەپێویست زانی.
#21-01-2018#