دەوڵەتی فاشیستی تورکیا بەمەبەستی جێبەجێکردنی بەرنامەی سیاسی خۆی وەکو هێزێکی ناوچەیی کاریگەر بەپاساوی دەرپەڕاندنی هێزەکانی پەیەدە کە بە درێژکراوەی پەکەکەیان دەزانێ، دەستی داوەتە هێرش و لەشکرکێشی سەربازی بۆسەر شاری #عەفرین# لە کوردستانی سوریا. لەلایەکەوە تۆپخانەکانی بە خەستی تۆپببارانی شارو گوندەکانی ناوچەکە دەکەن و لەلایەکی دیکەشەوە بەکرێگیراوانی خۆی بەناوی سوپای ئازادی سوریاوە ئامادەکردوە بۆ هێرش کردنە سەر ناوچەکە.
دەوڵەتی تورکیا لەماوەی شەڕی ناوخۆی سوریادا بەردەوام هەوڵی داوە دەستوەرداتە ناو بارودۆخی سیاسی ئەو ووڵاتە. دەورانێک لەرێگای هاوکاریکردنی ڕێکخراوی تیرۆریستی داعشەوە ئەوکارەی دەکرد. دوای شکست و دەستبەرداربوونی لە داعش، بەناوی کردەوەی قەڵغانی فوراتەوە خۆی هێرشی کردە سەر ناوچەی جەرابلوس و بەهاوکاری سوپای سوریای ئازاد ناوچەکەی داگیرکرد. ئێستاش، دوبارە بەهاوکاری هەمان بەکرێگیراوەکانی لە سوپای ئازادی سوریا هێرشێکی فراوانی بۆ سەر کانتۆنی عەفرین دەست پێکردوە. تورکیا بە دەرپەڕاندنی پەیەدە لە کانتۆنی عەفرین، بەشێکی فراوان و گرنگی سنورەکانی خۆی لە دراوسێیەکی مەترسیدار دوور دەخاتەوە. هاوکات ناوچەیەکی گرنگی سوریا دەخاتە ژێر دەسەڵاتی هێزە بەکرێگیراوەکانی خۆیەوە کە لەورێگایەوە دەتوانێ دەوری خۆی وەکو یاریزانێکی نەخشەی داهاتوی سوریا بچەسپێنێ.
ئەم هێرش و لەشکرکێشیەی تورکیا بۆ سەر کانتۆنی عەفرین، لەناو بارودۆخی سیاسی ئاڵۆز و شەڕی ناوخۆی سوریاو دەستێوەردانی دەوڵەتان و ململانێی دەوڵەتە ئیمپریالیستیەکانی ئەمریکاو ڕوسیادا دەچێتە پێشەوە. هەریەکە لەم هێزو دەوڵەتانە لەسەر بەشی خۆیان لە داڕشتنەوەی هاوکێشەی سیاسی و ئابوری ناوچەکەدا پێشبڕکێ لەسەر کاولکردنی زیاتری سوریاو ئاوارەکردن و کوشتاری خەڵکەکەی دەکەن. پەلاماری دەوڵەتی تورکیا و بەکرێگیراوەکانی لە سوپای سوریای ئازاد بۆسەر عەفرین جگەلەوەی کارەساتێکی مرۆیی ڕوبەرووی خەڵکی ئەو ناوچەیە دەکاتەوە، هاوکات دۆخی ناهەمواری جەنگ و کاولکاریەک کە بەسەر خەڵکی سوریا داسەپاوە، بەرینترو درێژتردەکاتەوه. ڕێگاگاکانی کۆتایی هاتنی شەڕەکەش حەواڵەی کاتێکی نادیاردەکات و لەنێو کێشمەکێشی سیاسی و سەربازی هێزە ئیمپریالسیتی و ناوچەییەکاندا گیرۆدەی دەکات.
ئێمە لە #حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی کوردستان# ملهوڕی و لەشکرکێشی دەوڵەتی کۆنەپەرست و فاشیستی تورکیا بۆسەر خەڵکی عەفرین بە توندی ئیدانەو سەرکۆنە دەکەین و داوای دەستبەجێ ڕاوەستانی دەکەین. هەموو بیانوەکانی دەوڵەتی تورکیا بۆ سەپاندنی جەنگێکی دڕندانە بەسەر خەڵکی عەفریندا بێ بنەماو تاوانێکی ئاشکرایە بەرامبەر بە دانیشتوانی ئەو ناوچەیە.
مەکتەبی سیاسی
حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی کوردستان
#20-01-2018#