#ئارام شێخ محەمەد# و نوێنەرانی کورد لە پەرلەمانی عێراق سەرنج و تێبینەکانیان لەبارەی پشکی هەرێم لەپڕۆژە یاسای #بودجە# لەگەڵ #حەیدەر عەبادی# تاوتوێدەکەن
پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ بە سەرپەرشتی ئارام شێخ محەمەد، جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەران و ئامادەبونی سەرۆک و پەرلەمانتارانی فراکسیۆنە کوردییەکان لەگەڵ سەرۆک وەزیرانی عێراق کۆبونەوە بۆ تاوتوێکردنی پشکی هەرێم لەبودجەی عێراق و خستنەڕوی داواکارییەکانیان.
لە کۆبونەوەکەدا نوێنەرانی کورد لەچەند تەوەرێکدا سەرنجەکانیان چڕکردەوە کە دیارترینیان ڕێژەی پشکی هەرێم لەبودجەی عێراق، موچەی فەرمانبەران، دیارینەکردنی پشکێکی تایبەت بۆ پارێزگای هەڵەبجە، شایستە داراییەکانی جوتیاران، شایستە دارایی و ئیمتیازاتەکانی پێشمەرگە، کێشەی ئاوارەکان و دۆخی قەزای خورماتو و قەرەبوکردنەوەی زیانلێکەوتوان، چارسەرکردنی کێشەی فرۆکەخانەکان، ئەنجامدانی ئاڵۆگۆڕی ئیداری لەناوچە کێشە لەسەرەکان و پرسی پترۆدۆلاری بۆ کەرکووک و گواستنەوەی میلاکی مامۆستایان و کێشەکانی تری شارەکه و چەند تەوەرێکی تر.
لەبارەی ڕێژەی پشکی هەرێم، سەرۆک وەزیرانی عێراق ئاماژەی بەوەکرد ڕێژەی لەسەدا 17 بەئیتفاقی سیاسی دیارکراوه و ئه و هەوڵی هێنانەدی دادپەروەری دەدات بۆ تەواوی خەڵکی عێراق نەک سزادانی هەرێم، سەبارەت بەموچەی فەرمانبەرانیش دڵنیایی دایە نوێنەرانی کورد کە پابەندە بەخەرجکردنی موچەی تەواوی فەرمانبەرانی هەرێم، تەئکیدیشی کرد بەنیازبون موچەی 2 بۆ سێ مانگی هەرێم بدەن بەڵام کێشەی گەورەی بەردەمیان ئەوەبوە نەیانزانیوە لەسەر چ بنەمایەک دابەشی بکەن، وتیشی هەوڵەکانمان لەوچوارچێوەیە درێژە پێدەدەین و دوای وردبینی، فەرمانبەرانی هەرێم هاوشێوەی فەرمانبەرانی تری شارەکانی عێراق موچە لەبەغدا وەردەگرن.
لەبارەی نەوتی کەرکووکیش ڕایگەیاند: بەرپرسانی هەرێم خۆیان پابەندی کۆمەڵێک ڕێکەوتن کردوە کە بۆتە کێشە بۆ ئەوان و تائێستا نەیانتوانیوە نەوتی کەرکووک بفرۆشن و سود لە داهاتەکەی وەربگرن.
دوابەدوای خستنەڕوی تەواوی داواکارییەکانی کورد، ئارام شێخ محەمەد لەسەرۆک وەزیرانی عێراقی پرسی، تاچەند ئامادەیە بۆ جێکردنەوەی داواو تێبیینەکانیان لەپرۆژە یاسای بودجەی 2018 تا نوێنەرانی کورد دەنگ بەپرۆژە یاساکە بدەن، حەیدەر عبادی لەوەڵامدا وتی: ئامادەی هەمو هاوکارییەکە و داواکارییەکان بەهەند وەردەگرێت و هەوڵەکانی دەخاتە گەڕ بۆ جێکردنەوەی بەشێک لە داواکارییەکانیان.
بڕیارە ئێوارەی ئەمڕۆش لە بارەگای سەرۆکایەتی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق، ئارام شێخ محەمەد و سەرۆکی فراکسیۆنە کوردییەکان جارێکی تر لەگەڵ حەیدەر عبادی کۆببنەوە بۆ تاتوێکردنی زیاتری پشکی کورد لەپرۆژە یاسای بودجه و جێکردنەوەی بەشێک لە داواکارییەکانیان.
نوسینگەی ڕۆژنامەوانی جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق
#01-02-2018#