لەدوای دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنی تورکیا بۆ سەر #عەفرین#، نەخۆشخانەکانی ئەو شارە پڕ بوون لە بریندار، بەشێکی زۆر لە بریندارەکانیش خەڵکی مەدەنین، کە لەنێویاندا منداڵ و ئافرەت هەن.
خەڵکی عەفرین دەڵێن: لەوەتەی ئۆپەراسیۆنەکە دەستیپێکردووە، ڕۆژانە بۆردوومانی ناوچەکانیان دەکرێت و ڕۆژێک نییە دەنگی فڕۆکە جەنگییەکانیان نەبیستبێت.
عەبدولرەزاق عەبدوڵڵا، دانیشتووی عەفرین دەڵێ کاتێک دێتە سەر بۆردوومانکردنی تورکیا، ئەوان ڕۆژانە بۆردوومان دەکەن، فڕۆکەکانیان ئاسمان جێناهێڵن، هەرگیز دەنگیان نابڕێت، چەندین مەدەنی بوونەتە قوربانی، هەروەها شوێنەکانیش وێرانبوون.
هێرش و بۆردوومانەکان، تاوەکو ئێستا تەنیا ناوچەکانی دەوروبەری عەفرینیان کردووەتە ئامانج، زیانێکی زۆریان بەو ناوچانە گەیاندووە، بەدەر لە گیانلەدەستدان و برینداربوونی سەتان کەس، هاوکات زیانێکی گەورەش بە خانوو و ماڵەکانی ئەم ناوچانە کەوتوون.
بەشێک لە خەڵکی ئەو ناوچانە لە ترسی، هێرشی فڕۆکە جەنگییەکانی تورکیا، ناچاربوون بەرەو سەنتەری شاری عەفرین باربکەن.
ئۆپەراسیۆنی سەربازی تورکیا بۆ سەر شاری عەفرین لە ڕۆژئاوای کوردستان پێی ناوەتە 13ەیەمین ڕۆژییەوە، تاوەکو ئێستا شەڕ و پێکدادانەکان، لەنێوان هێزە کوردییەکانی ناوچەکە و سوپای تورکیا بەردەوامن.
هەرچەندە هیچ ئامارێکی ورد لەبارەی ژمارەی بریندارانی هێرشە ئاسمانییەکانی تورکیا بۆ سەر شاری عەفرین بەردەست نییە، بەڵام بەگوتەی بەرپرسانی شارەکە؛ تاوەکو ئێستا نزیکەی 170 کەس بەهۆی بۆردوومان و هێرشە ئاسمانییەکانی تورکیا بۆسەر ئەم ناوچەیە برینداربوون.[1]
#01-02-2018#