بۆ بنەماڵەی خۆشەویستم:-
پێشەکی سڵاوو ڕێزم هەیە بۆ دایک و باوک و خوشک و براکانم و هەموو خزمان و دۆستانم، چاوی یەکە بە یەکەتان ماچ دەکەم و هیوای لەش ساخی و سەلامەتیتان بۆ دەخوازم.
ئازیزان، نزیکی 10 ساڵە بەهۆی هەل ومەرجی تێکۆشان و هەندێکیش عاجزبوونم لەئێوە نامەم بۆ نەناردن، سەرەتا کە بەشداری شۆڕشی ڕزگاری گەلی کورد و تەڤگەری ئازادی ژنی کورد بووم بە ڕێبەرایەتی PKK و سەرۆک ئاپۆ، زۆر لەیەکتر تێنەگەیشتین، بۆیە تۆزێک یەکترمان عاجزکرد، بەڵام لەدوای 10ساڵ هیوادارم ئیدی تێبگەن و واتا بدەن به و ڕێبازەی کە من و بە هەزاران کوڕ و کچی گەنجی هەر چوار پارچەی کوردستان تیایدا ڕەنج و تێکۆشان دەدەن، ئێوە ئیدی بتانەوێ و نەتانەوێ، بنەماڵە و خانەوادەیەکی شۆڕشن و ئەوەتان لێ نایە کە دەرگای خۆتان و دڵی خۆتان بەڕووی هەڤاڵان و ئه و فیکر و ئامانجەدا بگرن کە کچەکەتان و بە ملیۆنان ئینسان ئاشقیەتی، ئێوە کەسانێکن کەخاوەن ڕێزو پله و پایەیەکی کۆمەڵایەتین و کوردێکن کە لە مێژووەکەتاندا #هەڵەبجە# و #ئەنفال# و قوربانیدان شاهیدی بۆ هەڵوێستی نیشتمانپەروەریتان دەکات، گەلێکین کە فەلسەفەی تێکۆشانمان لەسەر ڕاستینەی شێر شێرە چ ژنە چ مێرە ئاوا بووە، بۆیە ئیدی هەبوونی ژن لە دیاریکردنی چارەنووسی گەلەکەیدا وەکو ئینسانێک بە عەیب و لەکەدارکردنی نامووس مەزانن، ئیدی داوای پێوان و داب و نەریتە کۆنەپەرستەکانی کۆمەڵگا مەکەن و دان بنێن بەهەبوونی ژندا وەک مرۆڤێک، چونکە دان پێدانانی بە مرۆڤبوون و بە ئیرادەبوونی ژن، واتای بەمرۆڤبوونی گەل و کۆمەڵگایە، ئەگەرنا ئەوا لەژیاندا هەر نیمچە دەبن.
ئیدی کاتی ئەوە هاتووە کە بڕیار بدەن خاوەن لەمرۆڤایەتی و مێژووی قارەمانێتی و بەرخۆدانی گەلەکەمان دەربکەون و ئێوەش بڵێن:وەک هەر کوردێکی بە شەرەف و نامووس هەین و بەپێی توانا خزمەت دەکەین، کاتێک کە من لەئێوە دابڕام، 15 ساڵان بووم، ئێستاش تەمەنم بووەتە 24 ساڵ، تکا دەکەم هەندێک واقیعیانە بیربکەنەوە و بپرسن ئەم کچە هەتا ئێستا چی دەکات و چۆن و بۆچی تێدەکۆشێت؟ داخۆ ئەویش نەیدەتوانی و یان بۆچی نەیویست وەک ئاواز و خالید و بەدەیان کەسی دیکە بگەڕێتەوە بۆ خۆی بژیت، بهێڵن هەڤاڵان بێنە ماڵتان و ئێوە بچنە لایان، نامەکانی من بخوێننەوه و پرسیاری ژیانی من و هەڤاڵان بکەن، هەموو ڕۆژێ گوێ لەتەلەفزیۆنی ڕۆژ و ڕادیۆی میزۆپۆتامیا بگرن و کتێبی سەرۆک بخوێننەوە، ئەوکاتە لە کچی خۆتان تێدەگەن و واتا دەدەنە مانەوەی من لەنێو ئەم ژیانەدا، ئیدی من ناڵێم ئەمە بکەن و ئەوە بکەن خۆتان دەست دابنێن لەسەر ویژدانتان و بڕیاری خۆتان بدەن لەم بارەیەوە کە تەنیا سەبارەت بەخۆم شتێک دەڵێم، ئەوەیە کە بەدرێژایی زیاتر لە 9 ساڵ ڕۆژێک لە ڕۆژان فیکری خیانەت و پەشیمانیم ژیان نەکرد، زۆر شت لە PKKوە فێر بووم و زۆر زۆر خۆشحاڵم و سەربەرزم، یەکێک له و شتە گرنگانەی کە فێربووم، خۆشەویستی ڕاستەقینەی دایک و باوک و خوشک و برا و مرۆڤە بەگشتی، ماوەیەک زۆر لێتان تووڕە بووم، دەمووت ئەمانە بۆچی بەهەڵە لەمن تێدەگەن و پەکەکە وەک شتێکی دەرەوەی خۆیان دەبینن، بەڵام لەگەڵ دەربازبوونی کاتدا گەیشتمە ئه و قەناعەتەی کە تاوانبار تەنیا ئێوە نین، بەڵکو هەڵوێستی ئێوە ئەنجامی گەلێک کێشەی سیاسی و ئەقڵییەت و داب و نەریتی بەسەدان ساڵەیە و کەموکورتی منیش هەیە بەوەی کە بەباشی دەرفەتی ئەوەم نەئافراند کە لەگەڵتاندا وتووێژ بکەم، لەم لایەنەوە داوای لێبوردنتان لێدەکەم و دەڵێم: ئێوە هەم وەک خانەوادە و هەم و وەک مرۆڤی کورد لەدڵ و مێشکمدان و لەپێناو بە دیهێنانی ژیانێکی بەختەوەردا ئامادەم گیانی خۆشم فیدا بکەم، پاداشتی منیش بۆ هەموو چاکەکانی ئێوە خیانەتکردن نابێت لەخوێنی شەهیدان، بەڵکو خاوەن دەرکەوتن و خۆفیداکردن دەبێت، ئەم چالاکییەی کە منیش ئەنجامی دەدەم لەپێناو بەرپەرچدانەوەی سیاسەتی قڕکردنی گەلی کورد و گۆشەگیرکردنی سەرۆک ئاپۆیە لەپێناو ئازادی گەلەکەم و ئازادی ژنانی کوردە لەدەست زوڵم و زۆری و چەوساندنەوە، کە لەگیانم شیرینتر شتێ هەبوایە دەمدا، بەڵام لەم قۆناغەدا کەگەلی کورد بەره و سەرکەوتن دەچێت و لە هەرجێیەک لەسەر پێیه و مان دەگرێ و ڕێپێوان دەکات، بۆ کچێکی وەکو منیش گیانی خۆ بەختکردنیش بەکەم دەزانم و منیش وەک هەموو هەڤاڵانی دیکە خۆم بە قەرزاری گەل و ژنانی ئازارچەشتوو دەزانم.
حەزم دەکرد کەزۆر شتتان بۆ بنووسم و بۆ هەر یەکەتان شتێک بڵێم، بەڵام چەند کاتژمێرێکم ماوە بۆ ئەنجامدانی چالاکییەکەم و ناتوانم لەبەر کەمی کات لەوە زیاترتان بۆ بنووسم، چونکە بەقەدەر ئێوه و بگرە زیاتر خوشک و برا و کەس و کارم هەن، دەبێت سۆزی خۆم بۆ ئەوانیش بێنمە زمان، بەڵام لەدواییدا دەمەوێ شتێک بڵێم، ئەویش ئەوەیە کە: ئەگەر خاوەن خۆشەویستییەکی ڕاستین لەبەرامبەر یەکتر ئەوا تکایە ئامانج و ڕێبازەکەی من باش بناسن و بەهەڵەی تێمەگەن، چونکە من بۆ ئەوە ژیام و بۆ ئەوەش بەدەستی خۆم شەهیدبوونی خۆم دیاری کردووە و پلانکردووە، وەسیەتیشم ئەوەیە کە ئاواز جارێکی دیکە چەکی من هەڵگرێت و بگەڕێتەوە ناو باوەشی چیا ئازادەکانی کوردستان، چونکە زۆرم خۆش دەوێت و ئه و شایەنی ئەوەیە لەنێو هەڤاڵانی خۆیدا بێت، ڕێگا بدەن بە کچەکان و گەنجەکانی تریش با خۆیان دواڕۆژی خۆیان بناسن و خاوەن ئیرادە بن.
لەدواییدا دووبارە سڵاو و ڕێز و خۆشەویستی خۆم بۆ هەمووتان دەنێرم و هیوای شادی و کامەرانیتان بۆ دەخوازم.
لەگەڵ سڵاو و ڕێزمدا
کچە گەریلاتان لەیلا والی حسێن ناسراو بە ڤیان
1ی شوباتی 2006 شەوی ئەنجامدانی چالاکی
#01-02-2006#