بەڕێوەبەرایەتی تەندروستیی کانتۆنی #عەفرین#، ڕایدەگەیەنێت، لە دوو هەفتەی هێرشی سەر عەفریندا نزیکەی 150 سڤیل گیانیان لەدەستداوە و 298 کەسی دیکەش بریندار بوون.
ئەنجێلا ڕەشۆ، هاوسەرۆکی ئەنجوومەنی تەندروستیی کانتۆنی عەفرین ڕایگەیاند، لە ئەنجامی بۆردوومان و تۆپبارانی سوپای تورکیا و گرووپە چەکدارەکانی سەر بەو سوپایە نزیکەی 150 سڤیل گیانیان لەدەستداوە و 298 کەسی دیکەش بریندار بوون، لەنێو قوربانییاندا منداڵ، ژن و کەسانی بەساڵاچوو هەن.
ئەنجێلا ڕەشۆ دەڵێت لە سەرەتای هێرشی سەر عەفرینەوە خەڵکی سڤیل کراونەتە ئامانج، گواستنەوەی بریندار و قوربانیان بۆ نەخۆشخانەکانی ناوەندی پارێزگای عەفرین و شارۆچکەکانی شێراوە، جندرێس، بلبلێ، شیە و ڕاجۆ بەردەوامە.
رۆژی 20ی مانگی ڕابردوو سوپای تورکیا و سوپای سووریای ئازاد بە ئۆپۆزیسیۆنی سووریا دەستیانکرد بە هێرشکردنە سەر عەفرین. لەو کاتەشەوە یەپەگە بەرگریی لە شارەکە دەکات.
بەپێی ڕاگەیێندراوی ناوەندنی ڕاگەیاندنی هەسەدە، لەماوەی هەفتەی ڕابردوودا 473 سەربازی سوپای تورکیا و چەکداری سوپای سووریای ئازاد کوژراون.
لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەڤانیدا لە شارۆچکەی عەین عیسای سەر بە کانتۆنی گرێ سپی، ڕێدوور خەلیل، بەرپرسی گشتیی پەیوەندییەکانی هەسەدە ڕایگەیاند، سوپای تورکیا لە هەموو لایەکی عەفرینەوە بۆردوومانی گوندەکانیان کردووە و هەزار و 893 تۆپی جیاجیایان هاویشتووە. هەروەها فڕۆکە جەنگییەکانی تورکیا 460 جار بۆردوومانی ئەو ناوچانەیان کردووە کە مەدەنی تێدا نیشتەجێن.
لە بەرامبەدا، ڕۆژی شەممە 3-2-2018، سەرۆکایەتی ئەرکانی گشتیی سوپای تورکیا لە 15ەمین ڕۆژی ئۆپەراسیۆنی چڵە زەیتووندا ڕایگەیاند، لە ماوەی 15 ڕۆژی ئۆپەراسیۆنەکەدا ژمارەی ئه و شەڕڤانانەی یەپەگە کە لە عەفرین گیانیان لەدەستداوە، گەیشتووەتە 897 شەڕڤان. بەڵام یەپەگە ئەو ژمارەیە ڕەتدەکاتەوە.[1]
#03-02-2018#