لە 16ەمین ڕۆژی هێرشی ئاسمانی و زەمینی سوپای تورکیا و هەندێ لە چەکدارە ئۆپۆزیسیۆنەکانی سووریا بۆ سەر #عەفرین#، حکومەتی تورکیا گیانلەدەستدانی 932 شەڕڤانی یەپەگەی ڕاگەیاند.بەڵام هەسەدە ئەو ژمارەیە ڕەتدەکاتەوە.
بەیانی ڕۆژی یەکشەممە 3ی شوباتی 2018 بەکر بۆزداغ، جێگری سەرۆکوەزیران و گوتەبێژی حکومەتی تورکیا لە 16ەمین ڕۆژی ئۆپەراسیۆنی چڵە زەیتووندا ڕایگەیاند، شەڕ و پێکدادانەکان بەردەوامن و سوپای تورکیا بەشێوەیەکی چڕ چیای هۆرۆز تۆپباران دەکەن و بەهۆیەوە 32 چەکداری یەپەگە کوژران.
هەر بەپێی ڕاگەیێندراوەکەی گوتەبێژی حکومەتی تورکیا، لە ماوەی 16 ڕۆژی ئۆپەراسیۆنەکەدا ژمارەی ئه و شەڕڤانانەی یەپەگە کە لە عەفرین کوژراون، گەیشتووەتە 932 شەڕڤان.
هەروەها ڕۆژی شەممە سەرۆک ئەرکانی سوپای تورکیا لە چوارچێوەی ئۆپەراسیۆنی (چڵە زەیتوون) بۆ سەر عەفرین، کوژرانی 5 سەربازی وڵاتەکەی لە پێکدادانەکاندا ڕاگەیاند. هەر ڕۆژی شەممە کوژرانی دوو سەربازی دیکەش ڕاگەیێندرابوو.
بەپێی دوایین ئاماری هەسەدە، تورکیا 1893 مووشەک و چەکی قورسی جۆراوجۆری بەکارهێناوە، 460 هێرشی ئاسمانیی ئەنجامدراون، هەلیکۆپتەری جۆری کۆبرا 18 هێرشیانکردووە، 254 جار ڕووبەڕووبوونەوە ڕوویداوە، 480 سەربازی تورکیا و چەکدارانی سوپای سووریای ئازاد کوژراون، 32 تەرمی هێرشکاران جێماون، فڕۆکەیەکی چاودێریی خراوەتە خوارەوە، 25 تانک تێکشکێنراون، 34 شەڕڤان گیانیان لەدەستداوە، 30 کەسی سڤیل کوژراون، شەڕڤانێک دەستگیرکراوە.
ئامارەکانی تورکیاش ئاماژە بەوە دەدەن، 932 شەڕڤان کوژراون، 21 شەڕڤان بە دیلگیراون، 9 شەڕڤان دادگاییکراون، 538 پێگە و حەشارگە کراونەتە ئامانج، 28 پێگە، 24 گوند، 7 ناوچەی نیشتەجێبوون، 27 خاڵ کۆنترۆڵکراون، 91 مووشەک لە عەفرینەوە هەڵدراوەتە کلیس و هاتای 7 کەسی سڤیل گیانیان لەدەستداوە، 48 کەس برینداربوون و 51 خانووبەرە و باڵەخانە و مزگەوت و دووکان زیانیان بەرکەوتووە و 13 سەربازیان کوژراوە و 57 سەربازیش برینداربوون.
لەلایەکی دیکەوە بەپێی ئاماری تەندروستیی عەفرین، لەماوەی 15رۆژدا 150 کەسی سڤیل گیانیان لەدەستداوە، 168 کەس برینداربوون، لەنێو قوربانییاندا منداڵ، ژن و کەسانی بەساڵاچوو هەن.[1]
#04-02-2018#