سوپای تورکیا ڕایدەگەیێنێ، لە شەڕی #عەفرین#دا 999 شەڕڤانی #یەپەگە# ناچالاککراون (واتە گیانلەدەستدان، برینداربوون و بەدیلگرتن) یەپەگەش وێڕای ڕەتکردنەوەی ئامارەکەی تورکیا، دەڵێ لەماوەی 16 ڕۆژی شەڕەکەدا 480 سەربازی تورکیا و گرووپە ئۆپۆزیسیۆنەکانی سووریا لە پێکدادانەکاندا کوژراون.
سوپای تورکیا لە نۆزدەیەمین ڕۆژی ئۆپەراسیۆنی (چڵە زەیتوون) بۆ سەر هەرێمی عەفرینی ڕۆژئاوای کوردستان کە بە هاوکاریی بەشێک لە چەکدارانی ئۆپۆزیسیۆنی سووریا ئەنجامیدەدات، لە ماڵپەڕی فەرمیی خۆی ئامارێکی بڵاوکردەوە.
بەپێی ئامارەکە تاوەکو ئێستا لە پێکدادانەکاندا 999 شەڕڤانی یەکینەکانی پاراستنی گەل (یەپەگە) بوونەتە قوربانی (واتە گیانلەدەستدان، برینداربوون و بەدیلگرتن). هەروەها سوپای تورکیا ئاماژەی بە کوژرانی 20 چەکداری گرووپە ئۆپۆزیسیۆنەکانی سووریا داوە، بەڵام هیچ ئامارێکی لەبارەی سەربازە کوژراوەکانی سوپای تورکیا بڵاونەکردووەتەوە.
هەرچەندە سێ ڕۆژە ناوەندی ڕاگەیاندنی یەکینەکانی پاراستنی گەل YPG هیچ ئامارێکی لەبارەی شەڕەکە بڵاونەکردووەتەوە، بەڵام بەپێی دوایین ئاماریان لەماوەی 16 ڕۆژی شەڕ و ڕووبەڕووبوونەوەکاندا زیاتر لە 480 سەربازی تورکیا و گرووپە ئۆپۆزیسیۆنەکانی سووریا کوژراون. یەپەگە ئامارەکانی سوپای تورکیاش لەبارەی گیانلەدەستدانی شەڕڤانان ڕەتدەکاتەوە و هەر بەپێی دوایین ئاماری تاوەکو ئێستا 34 شەڕڤان گیانیان لەدەستداوە.
ناوچە سنوورییەکانی هاتای بە ناوچەی ئەمنیی تایبەت ڕاگەیێندران
پارێزگاری هاتای لە تورکیا ناوچە سنوورییەکانی لەگەڵ سووریا و شاری عەفرینی ڕۆژئاوای کوردستان وەک ناوچەی ئەمنیی تایبەت ڕاگەیاند و ڕووماڵی میدیاکانی لەو ناوچانە قەدەخەکرد.
پارێزگاری هاتای لە ڕاگەیێندراوێکدا ئاماژەی بەوەدا، ئەو ناوچە ئەمنییە تایبەتانەی کە پێشتر لە سنووری شارۆچکەکانی ڕەیحانلی و حاسسا ڕاگەیێندرابوون، ماوەکەیان درێژکراوەتەوە و 13 ناوچەی ئەمنی دیکەی نوێ خراونەتە پاڵ ئەو ناوچانە.
بەگوێرەی ڕاگەیێندراوی پارێزگاری هاتای، لە 7ی شوبات تاوەکو 21ی شوبات ناوچە سنوورییەکانی پارێزگای هاتای وەک ناوچەی ئەمنیی تایبەت ڕاگەیێندراون.
بڕیارەکە لە کاژێر 08:00 ی بەیانی ڕۆژی چوارشەممە 7ی شوبات کەوتووەتە واری جێبەجێکردنەوە و تاوەکو کاژێر 8ی 21ی ئەم مانگە، واتا بۆ ماوەی 15 ڕۆژ کاری پێدەکرێت و ڕووماڵی میدیاکان لەو ناوچانە قەدەخەیە. [1]
#07-02-2018#