قەسەدە ڕایگەیاند، کە لە 24 کاتژمێری ڕابردوودا لە #عەفرین#، 51 سەربازی سوپای تورک و دەیان چەتەی سەر بەو وڵاتە کوژراون و دوو تانک و ئۆتۆمبێلێکی سەربازیی سوپای تورکیش تێکشکێندراوە.
ئێوارەی ئەمڕۆ، ناوەندی ڕاگەیاندن و چاپەمەنیی هێزەکانی سوریای دیموکرات-قەسەدە، لە ڕاگەیەندراوێکدا، ئەنجامی 24 کاتژمێری ڕابردووی شەڕ و ڕووبەڕووبوونەوەکانی لە عەفرین بڵاوکردەوە.
لە ڕاگەیەندراوەکەدا، هاتووە: لە دوێنێوە لە گوندی شێخۆرزێ-ی سەر بە شارۆچکەی بلبلێ، 27 سەربازی سوپای تورک و دەیان چەتە لەلایەن شەڕڤانانەوە کوژراون.
ئەوەش هاتووە: کاتژمێر 09:00 ی بەیانی ئەمڕۆ، لە بەرەی کەڤرێکەر-ی سەر بە ڕاجۆ، سوپای تورک و چەتەکانی هەوڵی پێشڕەوییان دا، بەڵام لەلایەن شەڕڤانانمانەوە وەڵامدرانەوە و شەڕێکی سەخت دروستبوو و تا ئێستاش بەردەوامە و 7 سەربازیش کوژراون.
ئاماژە بەوەشکراوە: لە شارۆچکەی شیێ، سەرجەم هێڵەکانی ڕووبەڕووبونەوە، ڕووبەڕووی تۆپباران و هێرشی جۆراوجۆر بوونەتەوە.
هەر لە ڕاگەیەندراوەکەدا، قەسەدە ڕایگەیاندووە: لە بەرەی گوندی حەمامێ-ی سەر جندرێس، دوای ئەوەی سوپای تورکیا نەیتوانیوە پێشڕەوی بکات، هەوڵیداوە لە چیای بریقدارەوە جوڵە بکات، بەڵام شەڕڤانان ڕووبەڕوویان بوونەتەوە.
لە بەردەوامیدا هاتووە:هێزەکانمان لە میحوەری شەرا گروپێک سەربازی سوپای تورکیان کردە ئامانج، کە هەوڵی پێشڕەوییان دەدا، لەئەنجامدا 6 سەرباز کوژران.
قەسەدە، ئەوەشی خستووەتەڕوو: لە دەوروبەری گوندی خەلیل-ی سەر بە شارۆچکەی شیێ، شەڕڤانان ئۆتۆمبێلێکی دۆشکە هەڵگریان تێکشکاندووە و بەهۆیەوە 11 سەرباز کوژراون و بەڤیدیۆیش تۆمارکراوە، هەروەها لە گوندی قەستەل خدریا-یش تانکێکی سوپای تورک لەلایەن شەڕڤانانەوە بە مووشەک کرایە ئامانج و تێکشکێندرا.
هەروەها هاتووە: لەگوندی ئەلبیسکا-ی ڕاجۆیش ڕووبەڕووبوونەوە لەنێوان شەڕڤانان و سوپای تورک و چەتەکانی دروستبوو و تانکێکی سوپای تورک لەلایەن شەڕڤانانەوە تێکشکێندرا.
ناوەندی ڕاگەیاندن و چاپەمەنیی قەسەدە ئەوەشی ڕاگەیاندووە: لە 24 کاتژمێری ڕابردوودا، گوندەکانی قەستەل خدریا، کۆتانا، مۆسەکا، هۆپکا، جەلا، چەقمقا و سەنتەری شارۆچکەی ڕاجۆ بە چەکی قورس لەلایەن سوپای تورکەوە تۆپباران کراون و لەئەنجامدا زیان بەر موڵک و ماڵی هاوڵاتیانی مەدەنیی کەوتووە.[1]
#08-02-2018#