بۆ بەڕێز: #وەزارەتی ڕۆشنبیری#ی هەرێمی کوردستان
بابەت: ڕاگرتنی بەرهەمە هونەرییە تورکییەکان لە تەلەڤزیۆنەکانی باشوورەوە
بەڕێز وەزارەتی ڕۆشنبیری،
وەک بەڕێزتان دەزانن لە تەلەڤزیۆنەکانی هەرێمی کوردستانەوە، بەرهەمگەلێکی تۆرانیی دژبە کورد دۆبلاج و پەخش دەکرێن! ئەم بەرهەمانە زادەی بیری عوسمانی، تۆرانی و کەمالین، کە وەک ژەهر دەکرێنە مێشکی بینەران و بیستەرانی خەڵکی کوردستانەوە.
بەرهەمەکان جگە لەوەی دەبنە یارمەتیدەرێکی ئابووری باش بۆ داگیرکەری تورک و بەشێکی ئەو ئابوورییەش دەدرێتە ئاگر و ئاسن و دەکرێت بەسەر خودی بینەرانی کورد و هاوزمانانمان لە باکوور و ڕۆژاوا! لەلایەکی تریشەوە بووەتە هۆی تێکچوونی شیرازەی خێزانی و کۆمەڵایەتیی تاکی کورد لە باشووری کوردستان و بیربردنەوەی تاوان و تیرۆرەکانی دەوڵەتی تورک.
ئێمە دەزانین کە بەڕێزتان وەک ئێمە و زۆری تر، هەستتان بەم کارە ترسناکەی ئەو کەناڵانە کردووە کە ڕۆژانە ئەو کارانە نماییش دەکەن. هەر بۆیە بیرتان دەخەینەوە و تکاتان لێدەکەین کە نماییشی بەرهەمە تۆرانییەکان لە تەلەڤزیۆنە کوردییەکانەوە ڕابگرن. ئەمە دەبێتە یارمەتییەکی باش (ئەگەرچی درەنگە) بۆ ئەو کۆمەڵکوژییەی کە هاوزمانانمان لە #عەفرین# لەلایەن هەمان بیری ئەو بەرهەمە تۆرانییانەوە بەرەوڕوویان دەبێتەوە. بەتایبەتی کە پەڕڵەمانی کوردستان لەم کاتەدا شاندێکی لە عەفرینە بۆ پشتگیریکردنی هاوزمانانمان لەوێ...
تکایە ئەو بەرهەمانە ڕابگرن و چیتر سووکایەتی بە گیانی ئاڤێستا و بارین مەکەن...
هیوادارین هاوزمانان و ڕێکخراوەکان پشتگیریی ئەم خواستەمان بن...
سوپاس،
لەگەڵ ڕێزی #ڕێکخراوی کوردیپێدیا#
#12-02-2018#
وێنەیەک بۆ:
• وەزارەتی ڕۆشنبیریی هەرێمی کوردستان
• تەواوی کەناڵەکانی ڕاگەیاندن
• ئەرشیڤی ڕێکخراوی کوردیپێدیا