قەسەدە ڕایگەیاند: لە 24 کاتژمیری ڕابردوودا لە #عەفرین#، چەند هەوڵێکی سوپای تورک و چەتەکانی بۆ پێشڕەوی تێکشکێندراوە و لە ئەنجامی چالاکی و بەرەنگاربوونەوەی شەڕڤانانیشدا، دەیان سەرباز و چەتەی تورک کوژراون و کوژرانی 37-یان پشتراستکراوەتەوە.
ئێوارەی ئەمڕۆ، ناوەندی ڕاگەیاند و چاپەمەنیی هێزەکانی سوریای دیموکرات-قەسەدە، بە ڕاگەیەندراوێک، ئەنجامی شەڕی 24 کاتژمێری ڕابردووی لە عەفرین بڵاوکردەوە.
لە ڕاگەیەدنراوەکەدا، هاتووە: سەرلەبەیانی ئەمڕۆ، سوپای تورک بە تۆپی دوورهاوێژ دەوروبەری نەخۆشخانەی ئاڤرین-ی لە سەنتەری شاری عەفرین بۆردوومان کردوە، لە ئەنجامدا هاوڵاتیەکی مەدەنی شەهیدبووە و هاوڵاتی دیکەش برینداربوون، هەروەها فڕۆکە جەنگییەکانی تورک گوندی جۆمکا-ی سەر بە عەفرینیان بۆردوومان کردوو و بە هۆیەوە زیانی زۆر بەر هاوڵاتیانی مەدەنی کەوتووە.
ئەوەش هاتووە: لە کاتژمێر 10:00 ی سەرلەبەیانی ئەمڕۆ، فڕۆکە جەنگییەکانی تورک بۆردوومانی گوندی شێخورزێیان کردووە، دواتریش سەرباز و چەتەکانی سوپای تورک هەوڵی پێشەڕوییان داوە بە ئاڕاستەی گوندەکە، بەڵام لەلایەن شەڕڤانانەوە بەتووندی وەڵامدراونەتەوە و پاشەکشیان پێ کراوە و ژمارەیەکی زۆر کوژراو و برینداریان لێکەوتووەتەوە، دواتریش گوندەکە لە زەمین و ئاسمانەوە بۆردوومان کرا.
ئەوەش خراوەتەڕوو: لە شەوی ڕابردووەوە تا سەرلەبەیانی ئەمڕۆش، سوپای تورک بەبێ وەستان گوندەکانی سنووری شارۆچکەی شییە-ی تۆپباران کردووە.
هەر لە ڕاگەیەندراوەکەدا، ئاماژە بەوەشکراوە: لە شەوی ڕابردووەوە تا ئیستا، شارۆچکەی جندرێس و دەوروبەری لە زەوی و ئاسمانەوە بۆردوومان و تۆپباران کراوە، لەگەڵ ئەوەشدا ڕووبەڕووی هێرشی زەمینیی سوپای تورک و چەتەکانی بووەتەوە، بەڵام شەڕڤانان بەتوندی بەرپەرچی هێرشەکانیان داوەتەوە و تێکیانشکاندوون و ناچار بە پاشەکشێیان کردوون.
قەسەدە ڕاشیگەیاندووە: لە گوندەکانی حاجی ئەسکەندەر و دێربەلوت-ی سەر بە شارۆچکەی جندرێس، لە چالاکی و بەرەنگاربوونەوەکانی شەڕڤاناندا، دەیان سەرباز و چەتەی تورک کوژراون و کوژرانی 37-یان پشتراستکراوەتەوە.
هەروەها، هاتووە: هاوکات گوندەکانی محەمەدیە و دێوا بۆردوومان کراون، لە دەوروبەری گوندی ئاخجەلێ-ی جندرێسیش، شەڕیکی سەخت ڕوویداوە و شەڕڤانان هەوڵی سەربازان و چەتەکانی تورکیان بۆ پێشڕەوی پووچەڵکردووەتەوە و گورزی قورسیشیان لێداون.[1]
#13-02-2018#