دواڕۆژ، ڕاپۆرتی #عیماد جەباری#
مانگانە زیاتر لە 500 ملیۆن دینار بەناوی هاوکاری شارەوانی لەهاوڵاتیانی #کەرکووک# کۆدەکرێتەوە، گومانیش لە شێوازی خەرجکردنی ئەو پارەیە دەکرێت، بەتایبەت کە ئەو کۆمپانیای ئەرکی پاککردنەوەی شارەکەیە بەهۆی پابەندنەبوونی ئیدارەی کەرکووک بەپێدانی شایستە داراییەکانی هۆشداری داوە لەبارەی ڕاگرتنی کارەکانی.
ماوەی ساڵێکە بەبڕیارێکی ئیدارەی کەرکووک بڕە پارەیەک لەهاوڵاتیان وەردەگیرێت لەگەڵ پێدانی کرێی موەلیدە ئەهلییەکان، لەسەرەتادا 2 هەزار دیناربوو، بەڵام ئێستاکە کراوەتە هەزار دینار و لەلایەن خاوەنی موەلیدەکەوە کۆدەکرێتەوەو دەدرێت بەشارەوانی.
هەر بەپێی ئەو بڕیارەی ئیدارەی کەرکووک هەر ماڵێک پابەندنەبن بەپێدانی ئەو بڕە پارەیە ئەوە خاوەنی موەلیدەکە سەرپشک کراوە لەبڕینی کارەباکەی.
سابر هادی، سەرۆکی موەلیدە ئەهلییەکانی کەرکووک بە دواڕۆژی وت ئەو پارەیەی لەهاوڵاتیان کۆدەکرێتەوە بەناوی هاوکاری شارەوانییەوە لەپای کۆکردنەوەی خۆڵ و خاشاک لەشارەکە، دیاریکراو نییە، چونکە بەپێی مانگەکان گۆڕانکاری لەبڕەکەیدا ڕوودەدات.
وتیشی، مانگانە 500 بۆ 600 ملیۆن دینار کۆدەکرێتەوە، بەشێوەیەک بۆ هەر سەد کەیڤییەک 2 هەزار دینار دەدرێتە ئیدارەی کەرکووک.
ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد کە دوای کۆکردنەوەی پارەکە لەلایەن موەلیدەی گەڕەکەکانەوە، ڕادەستی کەرتەکانی شارەوانی کەرکووک دەکرێت.
ئیدارەی کەرکووک لیژنەیەکی پێکهێناوە تایبەت بەکۆکردنەوەی ئەو پارەیەی وەک هاوکاری شارەوانی لەهاوڵاتیان کۆدەکرێتەوەو مانگانەیش ئەو لیژنەیە بەهەمەهەنگی لەگەڵ شارەوانی کەرکووک ئەو پارەیە کۆدەکەنەوە کە بەسەر 6 کەرتی شارەوانیدا دابەشکراوە.
نزیکەی 750 موەلیدە ئەهلی لەناوچە جیاوازەکانی سەنتەری شاری کەرکووک دانراون و کارەبا دابیندەکەن بۆ هاوڵاتیان، لەگەڵ کرێی ئەمپێرەکاندا کە لەلایەن ئیدارەی پارێزگاوە دەستنیشاندەکرێت بڕی هەزار دینار لەهەر ماڵێک وەردەگیرێت.
لەساڵی 2011وە بەڕێوەبەرایەتی شارەوانی کەرکووک گرێبەستێکی کردووە لەگەڵ کۆمپانیای خالید شنگی بۆ پاککردنەوەی شارەکە.
سەردار عەلی، بەڕێوەبەری شارەوانی کەرکووک بە دواڕۆژ ی وت مانگانە پێویستە 800 ملیۆن دینار بدرێتە کۆمپانیای خالید شینگی کە کاری پاککردنەوەی شارەکە دەکات بەڵام ماوەی 10 مانگە پارەی مانگانەی وەرنەگرتوە.
وتیشی، مانگی ڕابردوو 300 ملیۆن دیناری پێدراوە لەپێناو ئەوەی کارەکانی ڕانەگرێت، چونکە ئیدارەی کەرکووک زیاتر لە 13 ملیار دینار پارەی کۆمپانیاکەی لایە.
مانگانە ئەو لیژنەیەی تایبەتە بە کۆکردنەوەی پارەکە لەموەلیدە ئەهلییەکان، بڕە پارەکە ڕادەستی خەزینە پارێزگا دەکات، کە لەناو لیژنەکەدا هیچ ئەندامێکی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکووک نییە و ڕاستەوخۆ لەلایەن ڕاکان سەعید جبووری پارێزگاری کەرکووک بەوەکالەت سەرپەرشتی دەکرێت.
هەرچەندە ئیدارەی کەرکووک بیانوی بۆ وەرگرتنی ئەو بڕە پارەیە لەهاوڵاتیان بۆ پێدانی شایستە داراییەکانی ئەو کۆمپانیای خالید شنکییە کە ئەرکی پاککردنەوەی شارەکەیە، بەڵام لەماوەی چەند مانگی ڕابردوودا کۆمپانیاکە چەند جارێک هەڵوێستی وەرگرتووە لەبەرامبەر پێنەدانی شایستەکانی تاوەکو کار گەیشتوەتە ئەوەی هەڕەشەی ڕاگرتنی ئیش و کارەکانی بکات.
عومەر سەعید ڕەزا، بەڕێوەبەری کارگێڕی کۆمپانیای خالید شینکی بە دواڕۆژ ی وت: ئیدارەی کەرکووک نزیکەی ساڵێکە مانگانە بڕی هەزار دینار لەماڵان کۆدەکاتەوە بەناوی هاوکاری شارەوانی بۆ پاکو خاوێنکردنی شارەکە، بەڵام تا ئێستا تەنانەت یەک دیناری لەو پارەیە پێنەداوین کە ئێمە کاری پاککردنەوەی شارەکە دەکەین و پارەیەکی زۆرمان لەلای حکومەتی خۆجەیی کەرکووکە.
وتیشی، کۆمپانیاکە بڕی زیاتر لە 11 ملیار دیناری لەلای ئیدارەی کەرکووکەو دوو جاریش هۆشداریمان داوەتە ئیدارەو شارەوانی کە ئەگەر ئەو پارەیەمان بۆ خەرجنەکەن ئەوە کاری پاککردنەوەی شارەکە ڕادەگرین.[1]
#14-02-2018#