دواڕۆژ، #سامان قوبادی#
کۆمپانیای زەریا پڕۆژەیەکی گەشتیاری لە دەریاچەی #دوکان# جێبەجێدەکات، کە پێکدێت لە چەندین یاری ئاوی جیاواز، بەپێی وتەی سەرپەرشتیارانیشی بۆ یەکەمجارە ئەم جۆرە یاریانە دەهێنرێنە عێراق، بڕیاریشە لە پێش نەورۆزی ئەمساڵ پڕۆژەکە بە ڕووی گەشتیاراندا بکرێتەوە.
پڕۆژەکە لە سەیرانگای دوکان (دوکانی سەرەوە) ئەنجامدەدرێت و، چەندین یاری جۆراوجۆر لەخۆدەگرێت.
هێرۆ حەسەن، بەڕێوەبەری بە بازاڕکردن لە هۆتێل گراند میلنیۆم و یەکێک لە سەرپەرشتیارانی پڕۆژەکە بە دواڕۆژی ڕاگەیاند، لە سەرەتای وەرزی بەهاردا و بۆ پێش نەورۆز پڕۆژەیەکی گەشتیاری کە خۆی لە چەند یارییەکی ئاوی جیهانیدا دەبینێتەوە دەیهێنینە دەریاچەی دوکان.
وتیشی یارییەکان پێکدێن لە (Banana boat،Peraselling، Jet sking، Paddling) کە چەندین یاری ئاوی جیاوازە و بۆ یەکەمجارە دەهێنرێنە عێراق، سەرجەم یارییەکان ئەوروپین، سەرجەمیشیان لە قوڵایی دەریاچەی دوکاندا لەلایەن ستافێکی تایبەتمەندەوە کاریان پێدەکرێت و ڕاهێنانیش بە گەشتیار دەکەن.
بیرۆکەی پڕۆژەکە لەوەوە دروستبووە کە ساڵانە گەشتیارێکی زۆر لە ناوچە جیاوازەکان بەتایبەت ناوچەکانی ناوەڕاست و باشوری عێراق ڕوودەکەنە سلێمانی و سەیرانگای دوکان، بەڵام ماوەیەکی کەم دەمێننەوە بەهۆی نەبونی پڕۆژەیەک کە گەشتیاران بهێڵێتەوە.
هێرۆ حەسەن، ئەوەشی وت، گەشتیاران ڕۆژێک یان چەند ڕۆژێکی کەم لە دوکان دەمێننەوە، بەهۆی ئەوەی یاری یان پڕۆژەیەکی گەشتیاریی تێدا نییە تا کاتێکی خۆشی لەگەڵ بەسەربەرن، بۆیە ئەگەر ئەم یاریانەی تێدابێت گەشتیار ماوەیەکی زیاتر دەمێنێتەوە.
باسی لەوەشکرد، ئامانج لە پڕۆژەکە ڕاکێشانی گەشتیاری زیاترە بۆ ئەو ناوچە گەشتیارییە، بەوپێیەی یەکەمجارە پڕۆژەیەکی لەم شێوەیە لە عێراقدا جێبەجێبکرێت، بۆیە وا چاوەڕوان دەکرێت کاریگەریی زۆر باشی هەبێت لەسەر بواری گەشتوگوزار و هاتنی خەڵکێکی زۆر لە ناوچەکانی خواروو، جگە لەوەی ڕەنگە بە هۆتێل و ڕیستۆرانتەوە نزیکەی 100 هەلی کار دابینبکرێت.
جگە لە هێنانی ئەم یارییانە بۆ دوکان، لەهەمانکاتدا بەمەبەستی دابینکردنی شوێنی مانەوەی گەشتیار، ئوتێل ئاشور لە دوکان کاری نۆژەنکردنەوەی بۆ کراوە و بەچەندین خزمەتگوزاری نوێیەوە پێشوازی لە گەشتیاران دەکات.
هیوا حەمەخان، بەڕێوەبەری دارایی هۆتێلەکانی فاروق لە سلێمانی بۆ دواڕۆژ وتی بڕی تێچووی سەرجەم یارییەکان 150 هەزار دۆلارە، ئەگەر ئەم پڕۆژەیە سەرکەوتن بەدەستبهێنێت لەداهاتوودا گەشەی زیاتری پێدەدرێت و چەندین یاری جیهانی نوێ کە لە عێراقدا نین دەهێنینە دەریاچەی دوکان.
ئەوەشی خستەڕوو، پڕۆژەکە لەلایەن کۆمپانیای زەریاوە جێبەجێ دەکرێت و لەلایەن ئیدارەی هوتێلەکانی فاروقەوە بەڕێوەدەبرێت.
بەڕێوەبەری دارایی هۆتێلەکانی فاروق باسی لەوەشکرد، پێشبینی هاتنی ڕێژەیەکی باش لە گەشتیار دەکەین بۆ ئەو ناوچەیە، بۆیە هۆتێل ئاشورمان بەتەواوی نۆژەنکردووەتەوە و بە چەندین خزمەتگوزاری نوێوە پێشوازی لە گەشتیاران دەکەین. [1]
#14-02-2018#