دواڕۆژ، #سامان قوبادی#
ئەندامێکی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی کوردستان ڕایدەگەیەنێت، پێویستە حکومەت لێکۆڵینەوە و بەدواداچون بۆ ئەو کۆمپانیایانە بکات کە هەن، کە تۆمار نەکراون و باج نادەن پێویستیشە سزا بدرێن. ژمارەی کۆمپانیاکان کە لە بەڕێوەبەرایەتی باجی کۆمپانیاکان و خانوبەرە تۆمار کراون 25 هەزار کۆمپانیایە، هاوکات بەپێێ وتەی سۆران ئەحمەد نزیکەی زیاتر لە شەش هەزار کۆمپانیای بیانی لە هەرێم هەن.
لە هەرێمی کوردستان لە کۆی 25 هەزار کۆمپانیا 6 هەزاریان بندیوارن و تۆمار نەکراون، بۆیە هیچ جۆرە باجێک نادەن بە حکومەت، ئەندامێکی لیژنەی داراییش ڕایدەگەیەنێت، بەوپێیەی پێچەوانەی یاسایە پێویستە لێکۆڵینەی تێدا بکرێت و سزای دارایی بدرێت.
بەپێی بەدواداچوونی لیژنەی بازرگانی و مافی بەکاربەر لە پەرلەمانی کوردستان، کە لەچەند ڕۆژی ڕابردوودا سەردانی بەڕێوەبەرایەتی باجی کۆمپانیاکان و خانوبەرەی میریان کردبوو لە هەولێر، بۆیان دەرکەوت کۆی ژمارەی کۆمپانیاکان کە لەهەرێمی کوردستاندا هەن، پێکدێت لە 25 هەزار کۆمپانیای جۆراوجۆر، لەم ژمارەیە 19 هەزاریان لە بەڕێوەبەرایەتییەکە تۆمارکراون و بونیان هەیە.
سەبارەت بە بڕی ئەو داهاتەی کە لە وەرگرتنی باجەوە بەدەست دەهێنرێت، بەپێی ئەو زانیاریانەی دەست لیژنەکە کەوتوون داهاتی ساڵی 2017ی بەڕێوەبەرایەتی باجی کۆمپانیا و خانوبەرە207 ملیار دینار بووە، بەو پێیە ڕێژەی داهات بەراورد بە ساڵەکانی (2014، 2015، 2016) زیادی کردووە.
شێرکۆ جەودەت ئەندامی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی کوردستان بۆ دواڕۆژ وتی پێشتر کێشەیەکی زۆر لە سیستمی باجدا هەبوو، لەئێستادا پێداچوونەوەی پێدا کراوە، بەڵام ماویەتی گۆڕانکاریی تێدا بکرێت.
ئەو ئەندامەی لیژنەی دارایی، وتیشی ئەو کۆمپانیایانەی بوونیان هەیە، بەڵام لە هیچ شوێنێک تۆمار نەکراون ئەمە پێچەوانەی یاسایە و دەبێت بەڕێوەبەرایەتی باجی کۆمپانیا و خانوبەرە لێکۆڵینەوەی تێدا بکات تا بدۆزرێنەوە و سزای دارایی بدرێن، بەڵام وەکو لیژنەی دارایی ئاگادار نین چەند و چۆنن و لە کوێن.
شێرکۆ جەودەت باسی لەوەشکرد: کاتێک هەر کۆمپانیایەک مۆڵەت وەردەگرێت و چالاکی ئەنجامدا دەبێت لە بەڕێوەبەرایەتی باجی کۆمپانیا و خانوبەرە، باجی ئەو پرۆژەیە بدات کە دەیکات، بەپێی ئەو سیستمە تازەیەی بەڕێوەبەرێتی باج دایناوە ڕێژەی باجیش لەسەر کۆمپانیاکان بەپێی ئەو کەرتەی کاری تێدا دەکرێت جیاوازە.
هاوکات لەلایەکی ترەوە سۆران ئەحمەد بەڕێوەبەری تۆماری کۆمپانیاکان لە سلێمانی لەبارەی ژمارەی کۆمپانیا بازرگانییەکان کە تۆمار کراون بۆ دواڕۆژ ئاشکاریکرد: لە هەرێمی کوردستان 6 هەزار و 750 کۆمپانیای بیانی هەن و تۆمارکراون، کە لە بوارە جۆراوجۆرەکاندا چالاکی ئابوری و بازرگانییان هەیە.
بەهۆی قەیرانی دارایی لەماوەی چەند ساڵی ڕابردوودا چەندین کۆمپانیا مایەپوچ بوون و داخراون، هاوکات بەردەوام ژمارەی کۆمپانیاکانی کەرتی تایبەت کە چالاکی ئابوری و بازرگانی ئەنجام دەدەن ڕوو لەکەمبونەوەیە، بەوهۆیەشەوە داهاتی باج ڕووی لە کەمی کردووە.
بەپێی وتەی شێخ ناجی عیزەدین سەرۆکی یەکێتی بەڵێندەرانی کوردستان لقی سلێمانی کەپێشتر بە دواڕۆژی ڕاگەیاندبوو، تەنها لە سنوری پارێزگای سلێمانی بەهۆی قەیرانی داراییەوە نزیکەی 850 کۆمپانیا مایەپووچ بوون.
لە هەرێمی کوردستان ساڵانە ڕێژەی 15%ی قازانجی هەر کۆمپانیایەک لەڕێگەی باجەوە لەلایەن حکومەتی هەرێمەوە وەردەگیرێت.[1]
#15-02-2018#