بەرز و بەڕێز بێت چل و هەشتەمین ساڵیادی دامەزراندن و سی و نۆیەمین ساڵی خەباتی ئاشکرای #کۆمەڵە#.
26ی ڕێبەندان ساڵیادی گیانبەختکردنی هاوڕێ حەمەحسەینی کەریمی، یەکێک لە دامەزرێنەرانی کۆمەڵەیە کە لە کاتی هێرشی خەڵک بۆ سەر شارەبانی سەقز لەساڵی 1357ی هەتاویی، بە تەقەی بەکرێگراوانی ڕژیمی پاشایەتی بریندار و پاش چوار ڕۆژ ململانێ لەگەڵ مەرگ، گیانی ئازیزی بەختکرد.
لەو کاتەوە هەتا ئێستا هەموو ڕێبوارانی ڕێبازی کۆمەڵە، لایەنگرانی ئازادی و بزوتنەوەی ڕزگاریی نەتەوەیی کوردستان، داکۆکیکارانی یەکسانی و بەرابەری کۆمەڵایەتی، بنەماڵەی گیانبەختکردوان و پێشمەرگەکانی کۆمەڵە و هەموو خەڵکی ستەملێکراوی کوردستان ڕێز لەم ڕۆژە دەگرن و هەوراز و نشێوەکانی ئەم بزوتنەوەیە هەڵدەسەنگێنن، پێداچوونەوە بە پێشڕەوییەکان و شکستەکان و هەڵە و سەربەزییەکان و بەگشتیی کارکردی ئەم ڕێکخراوەیە دەکەنەوە. ئێمە هەوڵدەدەین تا لە شکستەکانەوە فێربین و بۆ سەرکەوتنی نوێ خۆمان تەیار بکەن. ماندونەناسی و کۆڵنەدان لەبەردەم لەمپەرەکانی سەر ڕێگا، خەسڵەتی دیاری کۆمەڵەییەکان و بزوتنەوەکەیان بووە و دەبێت.
ئەوەی ئاشکرایە هێڵێکی ڕۆشن و درەوشاوە لەسەراسەری ژیانی کۆمەڵەدا بەرجەستەیە. لەسەختترین قۆناغەکان، ئەگەر ئەم بۆچوون و ئاراستەیە کەمڕەنگیش بووبێتەوە، بەڵام هەرگیز لەناونەچووە. ڕاستگۆیی لەگەڵ خەڵک و گرنگیدان بە داخوازییەکانیان، بەرگریی لە مافی ستەملێکراوان و عەداڵەتی کۆمەڵایەتی، هەوڵ بۆ ئازادی و نوێخوازی، خەبات بۆ خۆشگوزەرانی گشتیی و دەوڵەمەندکردنی سفرەی خەڵکی هەژار، بەرگریی لە مافی یەکسانی ژن و پیاو و، لەئەنجامدا خەبات بۆ ڕزگاری خەڵکی کوردستان لە ستەمی نەتەوەیی و هەڵسوڕان بۆ جێگیرکردنی دیموکراسی لەکۆمەڵگا و ژیانی سیاسی خەڵکی ئێران، توخمەکانی پێکهێنەری ئەم هێڵە سیاسییەن.
ئەمساڵ لەکاتێکدا ڕێز لە 26ی ڕێبەندان دەگرین کە کۆماری ئیسلامی زیاتر لەهەر کاتێک بەرەوڕووی ناڕەزایی جەماوەریی و ڕق و توڕەیی خەڵک بووەتەوە. ئەم ڕژیمە کە لە ئاستی نێودەوڵەتی وەک ڕژیمی سێدارە و تیرۆر، ڕژیمی دژە ڕۆشنگەری و دژە ئازادیی مەدەنی و سیاسی ناسراوە، لە ئێستادا لەگەڵ قەیرانێکی قوڵی ئابوریی و سیاسی بەرەوڕووە و بۆ تێپەڕبوون لەم دۆخە و بۆ پاراستنی بنەماکانی دەسەڵاتی خۆی، زیاتر لە هەر کاتێک دەستی داوەتە سەرکوت و کوشتاری خەڵک. لەروانگەی خەڵکیشەوە بێجگە لە ڕوخانی ئەم ڕژیمە هیچ ڕێگایەک نەماوە و ئەمەش بە ئاشکرا لەخۆپیشاندانە جەماوەرییەکانی مانگی بەفرانباری ڕابردوو بەئاشکرا شاهیدی بووین کە خەڵک بەخێرایی کۆی سیستم و ڕابەریی کۆماری ئیسلامییان کردە ئامانج و خوازیاری ڕوخانی ئەم ڕژیمە بەهەموو باڵە ڕیفۆرمخواز و ئوسولگەرانیەوە بوون.
کۆماری ئیسلامی بۆ خنکاندنی دەنگی ناڕەزایی خەڵک، زۆرترین سەرکوتی ڕوو لە ژنان، کرێکاران، لاوان، هەڵسوڕاوانی مەدەنی و کەمەنەتەوەکانی ئێران کرد، بەتایبەتی لەکوردستان زۆرترین گرتن و کوشتنی خەڵکی ناڕازی لەزیندانەکان ڕوویدا. ڕژیم ئەگەر توانیویەتی بەسەرکوتی دڕندانە، بۆ ماوەیەکی کاتیی شەقامەکانی کۆنترۆڵ بکات، بەڵام ڕق و توڕەیی گشتیی دژی دامودەزگای کۆماری ئیسلامی زیاتر لەجارانە و سەرکردەکانی ڕژیمیش باش لەوەگەیشتوون، هەربۆیە هەرچی زیاتر میلیتاریزەکردنی شەقامی شارەکان و دروستکردنی کەشی ترس و تۆقاندن، لە ئەولەویەتی کاری دەسەڵاتدارانی ڕژیمدایە.
کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان لە و بڕوایەدایە کە هەوڵ بۆ پێکهێنان و بەهێزکردنی بەرەیەکی دیموکراسیخوازی لە ئێران دەبێت لە ئەولەویەتی کاری کۆمەڵە و هەموو ڕێکخراوە چەپ و پێشکەوتنخوازەکانی ئێراندا بێت. ئێمە ئیئتلافی بەرینی هەموو هێزە چەپ، دیموکرات و سێکۆلارەکانی ئێران بە گرنگ دەزانین و هەوڵی بۆ دەدەین.
کۆمەڵە جەخت لەسەر هاوکاری حیزبە کوردستانییەکان و هەوڵدان بۆ بەدامەزراوکردنی ئەم هاوکارییانە و هاوئاهەنگی حیزبەکانی کوردستان و چالاکبوونەوەیان بۆ دیالۆگ و هاوکاری زیاتر، بە مەبەستی ئیئتیلاف لەگەڵ ئۆپۆزسیۆنی دیموکرات و پێشڕەو لە بزوتنەوەی سەراسەری دەکاتەوە و لەم پێناوەشەدا بەخۆشییەوە لەماوەی ڕابردوو لەگەڵ ژمارەیەک لەحیزبە کوردستانییەکان “ناوەندی هاوکاری حیزبەکانی کوردستانی ئێران” دامەزرا کە هەوڵ بۆ فراوانترکردنی ئەو هاوکارییانە و دامەزراندنی مەرجەعێکی سیاسی بۆ خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەدات.
کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان جەخت لەسەر سیاسەتی خەبات بۆ ڕزگاریی نەتەوەیی و بەرگریی لە چینی مافخوراو و چەوساوەی کۆمەڵگای کوردستان دەکاتەوە. ئێمە خۆمان بە بەرگریکاری کرێکاران و زەحمەتکێشان و هەموو چینە ستەملێکراوەکانی کۆمەڵگا دەزانین. کۆمەڵە هەوڵ و خەباتی نەپساوەی خۆی و هەموو ئەرک و بەرپرسایەتیەکانی لەبەرامبەر بزوتنەوەی چەپ لەکوردستان و بزوتنەوەی ئازادیخوازی و دیموکراتیکی خەڵکدا دریژەدەدات وبەوپەڕی تواناو بەرپرسایەتیەوە لە بەرژەوەندی کرێکاران و زەحمەتکێشان و هەموو چینەکانی کۆمەڵگا و ستەملێکراوان پاریزگاری دەکات.
ئیمە بە بەڵێن و بەرپرسیارەیەتی خۆمان لەئاست بنەماڵەی سەربەرزی گیانبەختکردوانی کۆمەڵە وەفادارین و لەم ڕۆژەشدا بەڵێن تازە دەکەینەوە کە درێژەپێدەری ڕێبازی پڕ لەشانازی گیانبەختکردوانی کۆمەڵەین.
سڵاو ڕێزو خۆشەویستی خۆمان پێشکەشی هەموو زیندانیانی سیاسی و چالاکانی کۆمەڵە دەکەین لەهەرکوێ کە هەن. خەبات و تێکۆشانی بێ درێغیان هیوابەخشی ڕیزەکانی کۆمەڵە بووە و هەیە.
بەرز و بەڕێز بێت یادی هاوڕێ حەمە حسەینی کەریمی و هەموو گیانبەختکردوانی کۆمەڵە
بژی سوسیالیزم و دیموکراسی
سەرکەوێ بزوتنەوەی نەتەوەیی و دیموکراتیکی خەڵکی کوردستان
بڕوخێ ڕژیمی کۆنەپەرستی کۆماری ئیسلامی
کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان
24ی ڕێبەندانی 1396
#13-02-2018#